جێگۆڕكێ به‌ هێزه‌كان ده‌كرێت
هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی لـه‌ شـه‌نگال كشانه‌وه‌

August 9, 2018 at 9:55 pm

شەنگال، 16-11-2015، سەربازێكی پێكهاتەی ئێزیدی لەناوەندی قەزاكە فۆتۆ: رۆیتەرز

عه‌لی ئه‌یاد – نه‌ینه‌وا

له‌ قه‌زای شه‌نگال چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی سه‌ربازی ئه‌ناجمدرا، له‌ نێویاندا كشانه‌وه‌ی كه‌تیبه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی و له‌ ناوه‌ندی قه‌زاكه‌شدا، به‌شێك له‌ سوپای عیراق ره‌وانه‌ی نزیك سنوری سوریا كراون.

ئه‌و قه‌زا جێناكۆكه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا، دوای نزیكه‌ی سێ ساڵ له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی هێشتا ژیانی ئاسایی بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ سنوره‌كه‌دا، چه‌ندین هێزی جیاوازی ئه‌منی و سه‌ربازی جێگیربون.

به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ (كه‌ركوك ناو)، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 9-8 هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی كشاونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش، به‌شێكیان جێگۆڕكێیان پێكراوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ قه‌زاكه‌ وتی “هێزه‌كانی كه‌تائیبی ئیمام عه‌لی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی به‌ فه‌رمی كشانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی قه‌زای شه‌نگال، به‌هۆی سكاڵاوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌ له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كانی عه‌شیره‌تی سونی ناوچه‌كه‌”.

سكاڵای خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، وه‌كو سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت به‌پاساوی ئه‌وه‌ بووه‌ حه‌شد به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌یاندا.

جگه‌ له‌ كه‌تائیبی ئمام عه‌لی، چه‌كدارانی حه‌شدی ئێزیدییش كه‌ سه‌ر به‌ هه‌مان هێزه‌، ته‌نیا له‌ سنوری نێوان عیراق و سوریا كشاونه‌ته‌وه‌ و به‌ وته‌ی خۆیان، له‌ ناوه‌ندی قه‌زاكه‌ ده‌مێننه‌وه‌.

نه‌واف شیبۆ، فه‌رمانده‌ له‌ حه‌شدی ئێزیدی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “به‌ فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتی حه‌شدی ئێزیدی له‌ سنوره‌كانی عیراق و سوریا كشاینه‌وه‌”.

هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد سوپای عیراق له‌جێی ئه‌وان دۆسیه‌ی ئه‌منی سنوره‌كه‌ی گرتۆته‌ده‌ست، له‌ ئێستادا ته‌واوی كه‌رته‌كانی سه‌ر به‌ شه‌نگال و به‌عاج لای سوپایه‌، به‌ فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق.

شیبۆ له‌باره‌ی هێزه‌كانی خۆیانه‌وه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ “ئێمه‌ له‌ قه‌زاكه‌ ده‌رنه‌چوین، به‌ڵكو له‌ژێر ناوی حه‌شدی ئێزیدی ناوچه‌كانمان ده‌پارێزین”، وتیشی “چه‌ك و سه‌ربازی پێویستمان هه‌یه‌ بۆ پارێزگاری له‌ قه‌زاكه‌”.

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ) كه‌ لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت، لە 13ی تشرینی دووەمی 2015ه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌.

فه‌هد حامد، قایقامی قه‌زای شه‌نگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كشانه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ شه‌نگال له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌كه‌ نیه‌ و ده‌بێته‌ مه‌ترسی بۆ پێكهاته‌ی ئێزیدی”، پێشیوایه‌ ده‌رچونی ئه‌و هێزه‌ به‌ گشتی خزمه‌ت به‌ ئێزیدییه‌كان ناكات.

داواشیكرد هێزێكی تایبه‌ت له‌ ئێزیدییه‌كان پێكبهێنرێت تا بتوانن ناوچه‌كانی خۆیان بپارێزن و ئه‌وه‌ی له‌ چوار ساڵی رابردودا روبه‌روی بونه‌ته‌وه‌ جارێكیتر دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی ‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، تائێستاش زیاتر له‌ سێ هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ نێویاندا ژن و منداڵ دوای رفاندنیان چاره‌نوسیان به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن