له‌سه‌ر بازگه‌كانی شه‌نگال
ناكۆكی ده‌كه‌وێته‌ نێوان حه‌شدی ئێزیدی و سوپای عیراق

August 11, 2018 at 12:09 pm

نه‌ینه‌وا، 2018، هێزێكی حه‌شدی ئێزیدی له‌ قه‌زای شه‌نگال فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

نه‌ینه‌وا – كه‌ركوك ناو

هێزه‌كانی حه‌شدی ئێزیدی و سوپای عیراق، ده‌مه‌قاڵێ و ناكۆكی ده‌كه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌ له‌ قه‌زای شه‌نگال، به‌هۆی دۆسیه‌ی ئه‌منی بازگه‌كانه‌وه‌.

ئه‌و هێزه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ سنوری نێوان عیراق و سوریاوه‌ ره‌وانه‌ی ناو شه‌نگال كران و سوپای عیراقیش، له‌ چوارچێوه‌ی گۆڕانكارییه‌ ئه‌منیه‌كاندا دۆسیه‌ی ئه‌منی ته‌واوی قه‌زاكه‌ی گرته‌ده‌ست.

نه‌واف رزكو، یاریده‌ده‌ری به‌شی هه‌واڵگری له‌ حه‌شدی ئێزیدی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌مڕۆ بازگه‌كانی ناو شه‌نگالمان گرته‌ده‌ست بۆ ئاسانكاری كاروباری هاوڵاتیان به‌وپێیه‌ی ئێمه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ین، به‌ڵام سوپای عیراق رێگه‌یان نه‌دا و به‌ ته‌واوی ره‌تیانكرده‌وه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ ئه‌ستۆبگرین”.

“به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵی و ناكۆكی له‌ نێوان هێزه‌كانی ئێمه‌ و سوپای عیراقی رویدا”.

لێپرسراوه‌كه‌ له‌ حه‌شدی ئێزیدی جه‌ختیكرده‌وه‌ “ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ له‌و بازگانه‌ بین چونكه‌ سروشتی ناوچه‌كه‌ و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان زیاتر له‌ هه‌ر كه‌سێكی تر شاره‌زاین بۆیه‌ دره‌نگ یان زوو هه‌ر ئه‌و بازگانه‌ ده‌گرینه‌ده‌ست”.

ئه‌و قه‌زا جێناكۆكه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا، دوای نزیكه‌ی سێ ساڵ له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی هێشتا ژیانی ئاسایی بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ سنوره‌كه‌دا، چه‌ندین هێزی جیاوازی ئه‌منی و سه‌ربازی جێگیربون.

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی شه‌نگال بۆ (كه‌ركوك ناو)، هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی ئێزیدی سه‌ر به‌ فه‌وجێكی كه‌تائیبی ئیمام عه‌لی هه‌ولیداوه‌ چه‌ند شوێنێك بگرێته‌ده‌ست، به‌ڵام سوپای عیراقی ئه‌وه‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌ و فه‌رمانی كردووه‌ بكشێنه‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ته‌نیا ده‌مه‌قاڵی رویداوه‌ نه‌ك پێكدادانی چه‌كداری.

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ) كه‌ لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت، لە 13ی تشرینی دووەمی 2015ه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن