دوای ساڵێك له‌ داخستنی
كۆلێژی یاسای ئێواران له‌ زانكۆی كه‌ركوك ده‌كرێته‌وه‌

August 11, 2018 at 4:32 pm

كۆلێژی یاسا له‌ زانكۆی كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی زانكۆ

هەردی عەبدوڵا – كه‌ركوك

كۆلێژی یاسای ئێوارانی زانكۆی كه‌ركوك، بۆ خوێندنی ئه‌مساڵ ده‌رگاكانی به‌ روی خوێندكاراندا ده‌كاته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی ساڵی رابردوو بڕیاری داخستنی درا.

كردنه‌وه‌ی ئه‌و كۆلێژه‌ له‌ زانكۆی كه‌ركوك، به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی عیراق بووه، بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2018-2019 ده‌رچونی شه‌شه‌می ئاماده‌یی وه‌رده‌گرێت.

د. عومه‌ر ئینجه‌، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كەركوك و سەرۆكی بەشی یاسا لەزانكۆكه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “لەسەر پێشنیاری سەرۆكایەتی زانكۆی كەركوك وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2018 _ 2019 ڕەزامەندی لەسەر كردنەوەی كۆلێژی یاسای ئێوارانی لەزانكۆی كەركوك دەربڕیوە”.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ساڵی رابردو ئه‌و كۆلێژه‌ له‌ زانكۆی كه‌ركوك داخرا.

بڕیاره‌ كۆتایی ئەم مانگە لەزانكۆی كەركوك بەمەبه‌ستی وەرگرتنی خوێندكاران دەست بەدابەشكردنی فۆرم بكرێت و خوێندكارانی هەرێمی كوردستانیش دەتوانن فۆڕم پڕبكەنەوە.

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی كه‌ركوك رونیكرده‌وه‌ “ئەو خوێندكارانەی لەسەر لیستی شەهیدان وەردەگیرێن پارەیان لێوەرناگیرێت، كۆنمرەشیان بۆ ئەژمار ناكرێت و لەلایەن دەزگای شەهیدانی بەغداوە هاوكاریی مادیش دەكرێن بەڵام ئەو بڕیارە تائێستا خوێندكارانی وارسی شەهیدانی هەرێم ناگرێتەوە”.

له‌ رێی نوسراوێكه‌وه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراق كراوه‌ تا خوێندكارانی هه‌رێمیش له‌ به‌خشینی پاره‌ی خوێندن و هاوكاری ده‌زگای شه‌هیدانی به‌غدا سودمه‌ند بن، هه‌رچه‌نده‌ به‌ زاره‌كی ره‌زامه‌ندی نیشاندراوه‌ به‌ڵام نه‌بۆته‌ بڕیار.

ئینجه‌ وتی “دەزگای شەهیدانی عیراقیش ڕەزامەندیان نیشان داوەو داواكەی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كەركوكیان ئاراستەی سەرۆكوەزیران كردوه‌ به‌ڵام بەڕەسمی وەڵامی داواكارییەكە نه‌دراوه‌ته‌وه‌”.

زانكۆی كه‌ركوك له‌ ساڵی 2003دا دامه‌زراوه‌، سه‌ره‌تا له‌ چوار كۆلێژ پێكهاتبوو، ئێستا زیاتر له‌ 15 كولێژ و به‌شی جیاواز له‌خۆ ده‌گرێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن