كاكه‌ییه‌كان بۆ ئارامی ده‌گه‌ڕێن
ده‌یان خێزانیان له داقوقه‌وه رویانكردۆته قه‌ره‌هه‌نجیر
August 11, 2018 at 6:49 pm

كه‌ركوك، حوزه‌یرانی 2018، هاوڵاتیانی كاكه‌یی گونده‌كانی داقوق چاوه‌ڕێن گره‌نتی پاراستنی ژیانیان بكرێت فۆتۆ: كه‌ركوك ناو
محه‌مه‌د ئه‌ڵماس – كه‌ركوك
سه‌ید سه‌ردار به‌هۆی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی چه‌كدارانه‌وه، ده‌یان كیلۆمه‌تر له زێدی خۆی دوركه‌وتۆته‌وه و له ئاواره‌ییدا ده‌ژی، ته‌نیا ئومێدی ئه‌وه‌یه بگات به شوێنێكی ئارام.
ئه‌و هاوڵاتییه و چه‌ندین خێزانی تری پێكهاته‌ی ئاینی كاكه‌یی، چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر و به ناچاری گونده‌كانی خۆیان له قه‌زای داقوقه‌وه به‌ره‌و ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر به‌جێهێشت، تائێستاش ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ نه‌ره‌خساوه.
“چه‌كدارانی داعش هۆكاری سەره‌كی ئاورەبونمانه، چونكه هەرهشەی چه‌كدارانی داعش بۆ سەر گوندەكانی كاكەیی، رفاندن و شەهیدكردنی گوندنشینانی كاكەیی ناچاریكردین وه‌كو دانشتویهكی سەنتەری داقوق ماڵی خۆمان بەجێبهێڵین و بەدوای شوێنێكی ئارام‌دا بگەڕێین” سه‌ید سه‌ردار فه‌تاح وای وت.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، زیاتر له 32 خێزانی كاكه‌یی نیشته‌جێیی داقوق ئاواره‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر بون له باكوری خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك.
ئا‌ڤێستا شێخ محه‌مه‌د، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر به (كه‌ركوك ناو)ی وت “بەهۆی خراپی باری ئەمنی داقوق و گوندەكانی كاكەیی دەوربەری قەزاكە ژماره‌كی زۆر خێزانی كاكەیی ئاواره‌ی ناحیهكهمان بون”.

كه‌ركوك/ئایاری 2018/ گوندی زهنقهرهی كاكه‌یینشین فۆتۆ: كه‌ركوك ناو
“بڕیارماندا هاوكارییان بكەین، بۆیه چەند شوێنێكی نیشتەجێبونی كاتیمان بۆ دابینكردن لەنێو چەند قوتابخانەیكی چۆڵ، له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منیه‌كانیش قیهمان كرد تا له‌روی ئه‌منیه‌وه هاوكارییان بكه‌ن”.
به‌وته‌ی به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر مانه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه له سنوره‌كه‌یان كاتییه و هه‌ركاتێك ناوچه‌كه‌یان ئارامی بۆ گه‌ڕایه‌وه ئه‌وانیش بۆ زێدی خۆیان ده‌گه‌رێنه‌وه.
كاكهییەکان كه زۆرینه‌یان له گونده‌كانی داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك نیشته‌جێن)، له چه‌ند مانگی رابردوو روبه‌ڕوی چه‌ندین هێرشی چه‌كداری، كوشتن و رفاندن بونه‌ته‌وه.
سه‌ید یوسف كهنجو، ئاواره‌یه‌كی قه‌زای داقوقه و ده‌ڵێت وه‌كو هاوڵاتییه‌كی كاكه‌یی هیچ رێگایه‌كیان له‌به‌رده‌مدا نه‌ما جگه له ئاواره‌بون، به (كه‌ركوك ناو)ی وت “ماوه‌ی سێ مانگه ئاواره‌ین به‌ڵام هیچ لایه‌ن و رێكخراوێكی مرۆیی هاوكاری نه‌كردوین”.
ئه‌و هاوڵاتیه جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه تا ناوچه‌كه‌یان ئارام نه‌بێته‌وه و به‌بێ ترس بتوانن بژین.

داقوق، ئابی 2018، رێگایه‌كی سه‌ره‌كی هاتوچۆی هاوڵاتیان دوای چوارساڵ له داخستنی كرایه‌وه فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه هه‌فته‌ی رابردوو هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی، رێگایه‌كی سه‌ره‌كییان له قه‌زای داقوق كرده‌وه بۆ به‌ستنه‌وه‌ی گونده‌كانی ئه‌و سنوره به یه‌كترییه‌وه، به‌وته‌ی ئه‌وان كارئاسانی ده‌كات له سه‌قامگیری و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، به‌ڵام ئه‌وه نه‌بۆته دڵنیایی بۆ كاكه‌ییه‌كان.
ئه‌و رێگایه داقوق به گونده كاكییهكانی عه‌لی سه‌رای و زه‌نقه‌ر ده‌به‌ستێته‌وه تا گونده‌كانی باشوری كه‌ركوك و دواتر به‌ره‌و شاری تكریت له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین.
نادر جه‌لال، خه‌ڵكی گوندی زه‌نقه‌ری داقوق به (كه‌ركوك ناو)ی وت “جگه له‌وه‌ی گونده‌كه‌م به‌جێهێشت له ناوه‌ندی قه‌زای داقوقیش ئاوارهبوم، چونكه هه‌ستمانكرد هیچ هێزێكی ئه‌منی پارێزگاری له كاكه‌یی ناكات جگه له خوای گه‌وره”.
قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی.
سه‌ید سه‌ردار كاكه‌یی، دوای سێ مانگ له ئاواره‌یی هێشتا پێیوایه هیچ له مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ژیانیان كهمنهبۆتهوه، چونكه ئه‌وان خوێنیان حه‌ڵال كراوه و گره‌نتی پاراستنیان نیه.