ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌
چوار لایه‌نه‌كه‌ی هه‌رێم داوای دیالۆگ ده‌كه‌ن

August 11, 2018 at 4:52 pm

سلێمانی، 11-8-2018، كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی چوار لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان دژی ئه‌نجامی هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ی ئێن ئێن

كه‌ركوك ناو

چوار لایه‌نی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، پێداگری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عیراق و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌پێویستی ده‌زانن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان دیالۆگێكی نیشتمانی هه‌بێت.

هه‌ڵوێستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هاوپه‌یمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی لوتكه‌دا هات كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11-8 له‌ سلێمانی ئه‌نجامدرا، بۆ تاوتوێی ئه‌نجامی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان و چه‌ند پرسێكی تر.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان “بۆ پەردەپۆشکردن و تێپەڕاندنی ئەو ساختەکارییە گەورەیە بو کە ئەنجام درا، لێرەوە جارێکی تر رایدەگەیەنین کە ئەم دەرەنجامانە رەتدەکەینەوە و پێداگریی لەسەر هەڵوێستەکانی پێشومان دەکەینەوە و رێکاری یاسایی و سیاسی پێویست دەگرینەبەر”.

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك دادوه‌ره‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برێت ئه‌نجامی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی بڵاوكرده‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی جێناكۆك بكات.

ئه‌و چوار حزبه‌ پێشتر ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی دژی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق به‌ گومانی ساخته‌كاری.

وه‌كو له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یاندا هاتووه‌ “سەرەڕای ئەم ستەمە سیاسیە گەورەیە بەرامبەر بە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و هاوڵاتیان لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی ئێستا و ئایندەی گەلەکەمان و هەستیاری بارودۆخەکە جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستی دایەلۆگێکی نیشتیمانی بەرپرسیارانە لە کوردستان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی و بنەڕەتی بۆ قەیران و گرفتەکانی ئەم دۆخە سیاسیە”.

هه‌روه‌ها به‌پێویستی ده‌زانن دۆخه‌كه‌ له‌ رێی “پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتیمانی لەسەر بنەمای سازان و هاوسەنگی سیاسی و شەراکەتی راستەقینە”وه‌ تێپه‌ڕێنن.

چوار حزبه‌كه‌ له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش كه‌ بڕیاره‌ 30ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت، داواده‌كه‌ن “کاری جدیی بکرێت لە پێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.. بە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و چاکسازیی لە رێکار و یاساکانی کۆمیسیۆن کە کات و زەمینەی هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاری فەراهەم بکات”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن