له‌ ئاواره‌ییه‌وه‌ به‌ره‌و مه‌رگ
چیرۆكی خنكانی سێ كچ و دایكێك له‌ ئیجه‌

August 11, 2018 at 9:52 pm

فه‌ره‌ح و ده‌لال و نه‌غه‌م له‌گه‌ڵ دایكیاندا خنكان فۆتۆ: له‌ خانه‌واده‌ی هونه‌ر وه‌رگیراوه‌

له‌یلا ئه‌حمه‌د – سه‌ڵاحه‌دین

هونه‌ر له‌ ژیانیدا به‌ زه‌حمه‌تی زۆردا تێپه‌ڕی، به‌ڵام به‌هۆی دواڕووداوه‌وه‌ به‌ ته‌واوی كۆستی كه‌وت و له‌ چه‌ند چریه‌كدا، به‌ به‌رچاوی خۆیه‌وه‌ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی له‌ ده‌ستدا.

به‌ره‌به‌یانی پێنجشه‌ممه‌ 9ی ئاب، رۆژێكی ره‌ش بوو بۆ خێزانه‌ شه‌ش كه‌سییه‌كه‌ی هونه‌ر ره‌عد و له‌ نێو خه‌ونی گه‌یشتن به‌ ئه‌وروپا، شه‌پۆلی ده‌ریا به‌ره‌و مه‌رگی بردن.

“20 رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی چونه‌ توركیا و پێنجشه‌ممه‌ هه‌واڵی ئه‌وه‌م پێگه‌یشته‌وه‌ ته‌نیا هونه‌ر و كوڕه‌ بچوكه‌كه‌ی له‌ ژیاندا ماونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانیتر خنكاون” ره‌عد ئه‌كبه‌ر، باوكی هونه‌ر به‌ كوڵ ده‌گریا كاتێك بۆ (كه‌ركوك ناو) قسه‌یكرد.

هونه‌ر زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ ژیانی هاوسه‌رێتی پێكهێناوه‌، باوكی سێ كچ و كوڕێكه‌، له‌و روداوه‌دا ته‌نیا خۆیی و كوڕه‌كه‌ی (محه‌مه‌د) رزگاریان بووه‌.

ئه‌و به‌له‌مه‌ی خێزانه‌ی هونه‌ری تێدابوو، به‌ره‌به‌یانی ئه‌و رۆژه‌ و دوای ته‌نیا نیو كاتژمێر له‌ توركیاوه‌ به‌ره‌و یۆنان، له‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ریای ئیجه‌دا نقوم بووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی عیراقی خنكاون.

له‌ نێو قوربانییه‌كاندا شه‌یما عه‌زیز، هاوسه‌ری هونه‌ر و سێ كچه‌كه‌ی نه‌غه‌م 10 ساڵ، فه‌ره‌ح هه‌شت ساڵ و ده‌لالی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵی تێدابووه‌.

هونه‌ر ره‌عد و شه‌یما عه‌زیز-ی هاوسه‌ری فۆتۆ: له‌ خانه‌واده‌ی هونه‌ر وه‌رگیراوه‌

باوكی هونه‌ر ده‌ڵێت “لەبەر بێزاری و هەژاری و ئاوارەیی بڕیاری كۆچكردنی بۆ ئەوروپادا، زۆر هەوڵماندا كۆچ نەكات سودی نەبوو و وتی تاقەتی ئەم وڵاتەم نەماوە تاكەی لەژێر هەڕەشە و قەیران و ئاوارەیی بژیم، بۆیه‌ بۆ پەیداكردنی بژێوی و ئارامی كۆچی كرد”.

هونه‌ر به‌رله‌وه‌ی گه‌شت بكات بۆ توركیا كارمه‌ندی پۆلیس بوو له‌ دوزخورماتوو، تازه‌ بۆ قه‌زاكه‌ گه‌ڕابووه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو.

له 16ی ئۆكتۆبه‌ر، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی عیراقی به‌هۆی ئاڵۆزیه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ره‌وانه‌ی دوزخورماتوو كران، له‌ ئه‌نجامی بارگرژییه‌كانیشدا زیانی گیانی و ماددی به‌ر سه‌ان خێزانی كورد كه‌وت و به‌هۆیه‌وه،‌ هه‌زاران كه‌س ئاواره‌بون.

“ژیانی خورماتوی پێ خۆش بوو، به‌ڵام دوای ئاواره‌بونمان بۆ هه‌ولێر و پاش چه‌ند مانگێك كه‌ جارێكیتر گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ خورماتوو، هونه‌ر كه‌وته‌ به‌ر هه‌ره‌شه‌” حه‌مید سمین، ئاوه‌ڵزاوای هونه‌ر بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

به‌وته‌ی ئه‌و، هه‌ره‌شه‌ و فشاره‌كان له‌گه‌ڵ قه‌یرانی دارایی و ئاواره‌یی وایكرد هونه‌ر بێزار بێت و بڕیاری گه‌شت بدات به‌ره‌و ئه‌وروپا، بۆیه‌ داوا و پاڕانه‌وه‌ی زۆری خانه‌واده‌كه‌ی نه‌یتوانی رێگری بكات.

هونه‌ر له‌گه‌ڵ سێ كچه‌كه‌یی و كوڕه‌ تاقانه‌كه‌یدا له‌ توركیا فۆتۆ: له‌ خانه‌واده‌كه‌ی وه‌رگیراوه‌

به‌رله‌وه‌ی خێزان پێكه‌وه‌ بنێت، هونه‌ر له‌ ئه‌ڵمانیا بووه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك و دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ عیراق و بڕیاری به‌رده‌وامی ژیانی داوه‌ له‌ دوزخورماتوو، تا ئه‌وكاته‌ی روداوه‌كانی 10 مانگ له‌مه‌وبه‌ر هه‌مو شتێكی گۆڕی.

باوكی هونه‌ر وتی “كاتێك ئاواره‌بوین هه‌ریه‌كه‌مان كه‌وتینه‌ شارێك، ئێمه‌ چوینه‌ سلێمانی و هونه‌ریش بۆ هه‌ولێر، ئه‌و دوای چوار مانگ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌یی به‌ڵام ئێمه‌ هێشتا نه‌گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر هه‌بونی هه‌ره‌شه‌ له‌ قه‌زاكه‌”.

“هونەری كوڕم چونكە پۆلیس بوو زۆر هەڕەشەیان لێده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی ده‌وامه‌كه‌یه‌وه‌ ناچاربوو بگه‌ڕێته‌وه‌ دوزخورماتوو”، ره‌عد ئه‌كبه‌ر واده‌ڵێت.

ساڵانه‌ ده‌یان كه‌سى وه‌كو هونه‌ر، به‌هۆی رێگای ئه‌وروپاوه‌ منداڵ و كه‌سه‌ نزیكه‌كانیان روبه‌ڕوی مه‌رگ ده‌بنه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كۆتایی وه‌رزی سه‌رما شه‌پۆلی به‌جێهێشتنی وڵات زیاتر ده‌بێت.

وه‌كو باوكی هونه‌ر باسیكرد، كێشه‌ی دوای ئه‌و روداوه‌ جه‌رگبڕه‌ هێشتا ماوه‌، چونكه‌ توانای ئه‌وه‌یان نیه‌ ته‌رمه‌كان بهێننه‌وه‌، “خۆمان و منداڵمان بوینە قوربانی شەڕ،.. باری ئابوریم خراپه‌ و هاوسەرەكەم (دایكی هونه‌ر) توشی نەخۆشی گورچیلە بوەو لەسەر جێگایە”.

هونه‌ر ره‌عد له‌گه‌ڵ كوڕه‌ تاقانه‌ی هێشتا له‌ توركیایه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی دێ گریان و شیوه‌نه‌ بۆ هاوسه‌ر و كچه‌كانی، به‌دیار ته‌رمی ئازیزه‌كانیه‌وه‌ چاوه‌ڕێیه‌ هاوكاری بكرێت و بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دوزخورماتوو.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن