ده‌رباره‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك
یـه‌كێتی دانوسـتانی فه‌رمی له‌گه‌ڵ پـارتی ده‌كات

August 12, 2018 at 9:54 pm

كەركوك، تشرینی دوەمی 2017، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

سۆران محەمەد – كه‌ركوك

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دانوستانێكی فه‌رمی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستپێكردووه‌، به‌ ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، 10 مانگه‌ نه‌یتوانیووه‌ دانیشتنه‌كانی ده‌ستپێبكاته‌وه‌ به‌هۆی ئامادنه‌بونی ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانه‌وه‌، به‌وپێیه‌ی لێپرسراوان و ئه‌ندامانی پشكی پارتی هێشتا بۆ شاره‌كه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

ئەڵماس فازڵ، بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “یەكێتی بۆ ڕازیكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تا ئەوەی بگەڕێنەوە كەركوك و بەشداربن لە كۆبونەوەكان، لەگەڵ پارتی دانوستان دەكات”.

ئاشكرایكرد كه‌ پێشتریش یه‌كێتی چەندینجار دەربارەی ئەو بابەتە له‌گه‌ڵ پارتی گفتوگۆی كردووه‌.

یه‌كێتی زیاد له‌ جارێك هه‌وڵیداوه‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌ستپێبكاته‌وه‌ به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ ژماره‌ی ته‌واوی ئه‌ندامان بۆ دانیشتنه‌كه‌ كۆبكاته‌وه‌.

ئه‌ڵماس فازڵ رونیكرده‌وه‌ “یەكێتی بەجیا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن لەسەر پشكی پارتی كۆبونەوەتەوە، بەڵام ئەو ئەندامانە بە یەكێتیان ووتوە بڕیاری گەڕانەوەی ئێمە بۆ كەركوك لەسەروی خۆمانەوەیەوە، دەبێت بەرپرسانی پارتی ڕەزامەندی بدەن”.

هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی له‌ كاتێكدایه‌، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، كه‌ له‌ پشكی ئه‌و حزبه‌ بوو له‌لایه‌ن كاندیدێكی پێكهاته‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ به‌وه‌كاله‌ت پڕكراوه‌ته‌وه‌ و لێپرسراوانی یه‌كێتی، چاویان له‌وه‌یه‌ له‌رێی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌.

بڕیارەدەكەی ئەنجومەنی پارێزگا جه‌ختیكرده‌وه‌ “لە ئێستا و لە داهاتوشدا یەكێتی دانوستان دەكات بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی ئەنجومەن، دۆخەكە لە كەركوك باش نیە، چوونكە ئەو دەسەڵاتەی لە كەركوك حوكم دەكات نوێنەری تەنها پێكهاتەیەكە نەك هەموو پێكهاتەكانی شارەكە”.

پێشیوایه‌ باشترین هه‌نگاو بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن و بڕیاردانه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پارێزگار بۆ كه‌ركوك.

پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ 10 مانگی رابردودا به‌رده‌وام جه‌ختی له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك كردۆته‌وه‌ وه‌كو پێشمه‌رجی گه‌ڕانه‌وه‌یان و هه‌ر به‌وپاساوه‌ش، بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵی په‌رله‌مانی عیراقیان له‌و شاره‌كه‌ كرد.

عەدنان كەركوكی، ئەندامی سەركردایەتی كەركوك – گه‌رمیانی پارتی پێشتر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پارتی بەم دۆخەی ئێستاوە نایەوێت بگەڕێتەوە كەركوك، چونكە شارەكە لە ژێر دۆخێكی سەربازیدایه‌، هەروەها دادوەرێكی سەربازی حكومی ئەو شارە دەكات، گەڕانەوەمان بۆ شارەكە واتا شەریعەتدان بە داگیركاری، بۆیە دەبێت دۆخەكە بگەڕێتە ساڵی 2014 و كورد لەو شارە خاوەن بڕیار بێت”.

به‌ وته‌ی لێپرسراوانی پارتی و یه‌كێتی، ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك مه‌رجێكی گفتوگۆكانیانه‌ له‌ دانوستانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق.

جگه‌ له‌ ئه‌ندامانی پارتی، رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیش له‌ پشكی یه‌كگرتوی ئیسلامی – لیستی برایه‌تی 10 مانگه‌ شاره‌كه‌ی به‌جێهێشتووه‌ و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی بۆ چالاككردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كەركوك، له‌ كاتێكدایه‌ شاره‌كه‌ لە بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدایە كە بڕیاردراوه‌ كۆتایی ئەمساڵ ئه‌نجامبدرێت، ئەوەش دوای 13 ساڵ دابڕان لەو پرۆسەیە، بەڵام بڕیاری پارتی دیارنییە درێژە بە بایكۆت دەدات بۆ ئەو هەڵبژاردنەش یاخود نا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن