به‌ وێنه‌ و ڤیدیۆ: ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی گوندی كۆچۆ

August 15, 2018 at 4:03 pm

نه‌ینه‌وا، 15-8-2018، یادی چوارساڵه‌ی كۆمه‌ڵكوژی گوندی كۆچۆی ئێزیدی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 

نه‌ینه‌وا – كه‌ركوك ناو
هاوڵاتیانی ئێزیدی و چالاكوانان، مه‌راسیمێكیان بۆ ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی خه‌ڵكی گوندی كۆچۆی شه‌نگال رێكخست، ئه‌وه‌ش دوای چوار ساڵ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و گه‌مارۆدانی سنوره‌كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌.
ئه‌و گونده‌ ئێزیدییه‌، به‌ دوری 20كم ده‌كه‌وێته‌ باشوری خۆرئاوای شه‌نگال و به‌پێی ئاماره‌ ناڕه‌سمییه‌كان 400 بۆ 600 پیاو له‌م رۆژه‌دا به‌ده‌ست داعش كوژران، ژنه‌كانیشیان رفێنران و چاره‌نوسی زۆرینه‌یان نادیاره‌.
له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا، پێشانگه‌یه‌كی وێنه‌یی كرایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند دیمه‌نێكی شانۆیی و خوێندنه‌وه‌ی قه‌سیده‌ ده‌رباره‌ی كاره‌ساته‌كه‌، دواتر ئاماده‌بوان سه‌ردانی گۆڕه‌كان و قوتابخانه‌ی گونده‌كه‌یان كرد كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ خێزانه‌ ئێزیدییه‌كانی تێدا كۆكرابۆوه‌، به‌رله‌وه‌ی پیاوه‌كان جیابكرێنه‌وه‌ و بكوژرێن.

ره‌جه‌ب نایف، سه‌رۆكی عه‌شیره‌تی مندكان له‌ سنوره‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و حكومه‌تی ناوخۆیی دوای چوارساڵ له‌ تاوانه‌كه‌ هێشتا به‌پێی پێویست سه‌یری دۆسیه‌كه‌یان نه‌كردوه‌”، ئه‌وه‌ش وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ دۆخی ئێزیدییه‌كان، كه‌ هێشتا به‌شێكی زۆریان ئاواره‌ن و چاره‌نوسی هه‌زاران كه‌سیش نادیاره‌.
داواشی له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی كرد لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان ده‌ستپێبكات، چونكه‌ “به‌ڵگه‌یه‌كی رونه‌ بۆ ده‌رخستنی ئه‌و تاوانه‌ی داعش به‌رانبه‌ر ئێزیدییه‌كان ئه‌نجامیدا”.
داعش دوای ئه‌وه‌ی له‌ 3ی ئابی 2014 هێرشیكرده‌ سه‌ر قه‌زای شه‌نگال زێدی ئێزدییه‌كان، زۆرێك له‌ هاوڵاتیانی ئێزیدی له‌ گوندی كۆچۆ و له‌نێو خوێندنگه‌ی گونده‌كه‌ كۆكرده‌وه‌و له‌ 15ی ئابی هه‌مان ساڵ پیاوه‌كانی كۆمه‌ڵكوژ كرد و ژنه‌كانیشی كرده‌ كه‌نیزه‌ك.

فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شه‌نگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “قه‌زاكه‌ هێشتا ده‌ناڵێنێت به‌ ده‌ست پشتگوێخستنیه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانی ناوه‌ند و نه‌ینه‌واوه‌”.
پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال.

له‌ كۆی زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار هاوڵاتی رفێنراوی ئێزیدی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، هێشتا چاره‌نوسی سێ هه‌زار كه‌س به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا عیراق نزیكه‌ی ساڵێكه‌ كۆتاییهاتنی ئه‌و رێكخراوه‌ی له‌ وڵاته‌كه‌یدا راگه‌یاندووه‌.
قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

 

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن