كه‌ركوك: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی

August 17, 2018 at 12:51 pm

پۆلێكی خوێندنی كوردی له‌ پارێزگای كه‌ركوك بۆ ساڵی خوێندنی 2017 – 2018 فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محەمەد- کەرکوك

به‌شێك له‌ خێزانه كورده‌‌كانی كه‌ركوك، منداڵه‌كانیان له‌ خوێندنی عه‌ره‌بی تۆمارده‌كه‌ن، پێیانوایه‌ له‌ پارێزگاكه‌ گرنگی زیاتری پێده‌درێت و چانسی دامه‌زراندنیان له‌ ئاینده‌دا باشترده‌بێت، هه‌ندێكیان ده‌ڵێن بۆ ئه‌وه‌ی زمانی عه‌ره‌بی فێربن.

ئه‌و مشتومڕه‌ له‌م مانگه‌دا بۆته‌ جێی پرسیاری لێپرسراوانی خوێندنی كوردی له‌ پارێزگاكه، هه‌ندێكیان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ دۆخی خراپی خوێندنی كوردی، به‌شێكیان ده‌ڵێن به‌و شێوه‌یه‌ مه‌ترسیدار نییه‌.

هه‌فته‌ی رابردو، ئاوارە ناسیح، هاوڵاتییەکی كوردی دانیشتوی گەڕەکی شۆڕیجە، ده‌ستی منداڵه‌كه‌ی گرت و له‌یه‌كێك له‌ خوێندگه‌ عه‌ره‌بییه‌كان ناوه‌كه‌ی تۆماركرد بۆ ساڵی نوێی خوێندن.

“ئاینده‌ی خوێندنی كوردی لێره‌ دیار نییه‌، ئەمساڵ چەندین کێشەیان بۆ دروستبوو، نامەوێت چارەنوسی منداڵەکەم بفه‌وتێت”، ئاواره‌ ناسیح وای وت. به‌ده‌نگێكی به‌رزتر وتی “سیستمی خوێندنی كوردی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمه‌، پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ به‌غداوه‌ دێت، من باشمكرد كوڕه‌كه‌م له‌خوێندنی عه‌ره‌بی تۆماركرد”.

سیستمی خوێندنی كوردی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمه‌، پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ به‌غداوه‌ دێت

خوێندنی كوردی له‌ ساڵی 2003و دوای روخانی رژێمی به‌عس كه‌ سه‌دام حوسێن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك ده‌ستیپێكرد، پێش ئه‌وه‌ واده‌یه‌ قه‌ده‌غه‌بوو.

هه‌شت هه‌زار مامۆستا كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی خوێندنی كوردی له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك موچه‌یان پێده‌درێت چوار ساڵه‌ كێشه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌كانیان و دواكه‌وتنیان هه‌یه‌، به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند جارێك بایكۆتی پرۆسه‌ی خوێندنیان كردوه‌.

كه‌ركوك/2-10-2017/ ده‌ستێكردنی ساڵی نوێی خوێندن فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

زریان عه‌لی كه‌ ناو شاری كه‌ركوك داده‌نیشێت دوو منداڵی له‌ خوێندنی سه‌ره‌تایین، وتی “دوو ساڵه‌ به‌ته‌واوی فێری پیته‌كان نه‌بون، چونكه‌ رۆژێك ده‌وام هه‌بوو رۆژێك بایكۆت بوو، ئه‌گه‌ر گواستنه‌وه‌ هه‌بێت ئه‌یانكه‌مه‌ خوێندنی عه‌ره‌بی”.

“ئه‌ڵێن ئه‌وانه‌ی خوێندنی عه‌ره‌بی ته‌واوده‌كه‌ن زوتر له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ داده‌مه‌زرێنرێن، دوای ئه‌وه‌ی زانكۆ ته‌واوده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها فێری زمانی عه‌ره‌بی ده‌بن”، زریان وای وت.

به‌پێی ئامارێكی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك كه‌ دراوه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)، ئه‌مساڵ نۆ هه‌زار منداڵ له‌ خوێندنی كوردی بۆ ساڵی نوێی خوێندن تۆماركراون، له‌كاتێكدا ساڵی رابردوو له‌هه‌مان كاتدا 12 هه‌زار منداڵ تۆماركرابون.

ته‌نیا نۆ هه‌زار منداڵ ناویان له‌ خوێندنی كوردی تۆماركردوه‌، ساڵی پار له‌م كاته‌دا 12 هه‌زار بوو

پەروین حەسەن، بەڕێوه‌بەری یەکەی سەرپەشتیاری خوێندنی کوردی، دۆخی خوێندنی كوردی له‌ شاره‌كه‌ به‌زۆر خراپ وه‌سفكرد، وتی “ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ په‌كینه‌كه‌وتوه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە هاوکارییەکی خوێندنی کوردی ناکات لە کەرکوک”.

په‌روین وتی كه‌ به‌شێك له‌ خێزانه‌ كورده‌كان وابیردەکەنەوە کە خوێندنی کوردی هیچ داهاتویەکی نیە، بە تایبەت دوای تەواوکردنی خوێندن لە ماڵەوە دەمنێنەوە و دامەزراندن نیه‌.

له‌ كه‌ركوك هه‌ر چوار پێكهاته‌كه‌، عه‌ره‌ب، كورد، توركمان و كریستیان به‌زمانی خۆیان ده‌خوێنن و له‌ په‌روه‌رده‌ یه‌كه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌.

شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوه‌بەری خوێندی کوردی، نزیكه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر شاره‌كه‌ی جێهیشتوه‌ و له‌ هه‌ولێر داده‌نیشێت به‌هۆی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك گه‌ڕانه‌وه‌، پێیوایه‌ هێشتا دۆخی خوێندنی كوردی باشه‌.

ئه‌و لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان-ەوە، راسپێردراوە بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر خوێندنی كوردی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دۆخەکە بەو شێوەیە مەترسیدار نیە کە باسی لێوەدەکرێت، تا ئێستا چەندین خانەوادە ئاوەرای شارەکانی هەرێم بون و نەگەڕانەوەتەوە کەرکوک، ئەمە وا دەکات کە ژمارەی ئەو خوێندکارانەی بۆ ساڵی یەکەم خوێندن ناو تۆماردەکەن كه‌متربن”.

“هەندێك ده‌یانه‌وێت خوێندنی كوردی لاوازبكه‌ن، لە گەڕەکە کوردییەکان خوێندنی عەرەبی بکەنەوە”، شێرزاد وای وت.

هەندێك ده‌یانه‌وێت خوێندنی كوردی لاوازبكه‌ن

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، نیشتیمان عومه‌ر (34ساڵ) له‌ گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوا، ده‌ڵێت ده‌یه‌وێت منداڵه‌كه‌ی فێری زمانی پاراوی كوردی بێت، پێیوایه‌ ئه‌و كێشانه‌ی رویان له‌ خوێندنی كوردی كردوه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بن، بۆیه‌ منداڵه‌كه‌ی له‌ خوێندنی كوردی تۆماركرد.

“خزمم هه‌یه‌ خوێندنی كوردی ته‌واوكردوه‌ و داشمه‌زرێنراوه‌‌ له‌ فه‌رمانگه‌كان”، نیشتیمان وای وت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن