دادگای فیدراڵی دێته‌سه‌ر خه‌ت
بانگهێشتی پارێزگاری كه‌ركوك و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق ده‌كات

August 18, 2018 at 10:14 am

داقوق/ ئه‌یلولی 2017/ بینای ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق به‌ر له‌ چوونی هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

هه‌ریه‌كه‌ له‌ راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت و جه‌لیل ئیبراهیم، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق بانگهێشتی دادگای فیدراڵی ده‌كرێن بۆ وه‌رگرتنی وته‌كانیان، ئه‌وه‌ش له‌باره‌ی بڕیاره‌كانیانه‌وه‌ له‌دوای “سه‌پاندنی یاسا” له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك.

به‌پێی نوسراوه‌كه‌ كه‌ كۆپییه‌كی لای (كه‌ركوك ناو)ه‌و له‌ 13ی ئاب ئاراسته‌ی هه‌ردو دادگای كه‌ركوك و داقوق كراون، تیایدا داواده‌كات ئه‌و لێپرسراوانه‌‌ی كه‌ركوك له‌مانگی 10ی ئه‌مساڵ له‌ دادگای فیدراڵی له‌ به‌غدا ئاماده‌بن.

راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

بڕیاری بانگهێشتكردنی ئه‌و دوو لێپرسراوه‌، دوای سكاڵایه‌كی ئه‌میر خوداكه‌ره‌م، قایمقامی له‌كارلادراوی داقوق دێت له‌ دادگای فیدراڵی كه‌ تیایدا تانه‌ی له‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ دابوو به‌دروخستنه‌وه‌ی ناوبراو له‌ پۆسته‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ تانه‌دان له‌ بڕیاره‌كانی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت.

ئه‌میر خوداكه‌ره‌م، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پارێزه‌ره‌كانم تانه‌یان له‌و بڕیارانه‌داو داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان كرد، بۆیه‌ دادگای فیدراڵیش هاتۆته‌سه‌ر خه‌ت و بانگهێشتی ئه‌و دوو لێپرسراوه‌ی كردوه‌”.

ئه‌میر خوداکەرم كه‌ به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق و دوای “سه‌پاندنی یاسا”و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی لابراوه‌، وتی “ده‌مانه‌وێت ئه‌و بڕیارانه‌ی پارێزگاری كه‌ركوك هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و به‌نایاسایی ده‌زانین كه‌ له‌ هه‌شت مانگی رابردودا دراون، هه‌روه‌ها بڕیاری ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوقیش بۆ له‌سه‌ركارلابردنی من له‌ پۆستی قایمقام هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌”.

ئه‌میر خوداكه‌ره‌م، قایمقامی له‌كارلادراوی قه‌زای داقوق فۆتۆ: په‌یجی قایمقامیه‌ت له‌ فه‌یسبوك

“به‌پێی ئه‌و نوسراوه‌، ئەنجومەنی قەزای داقوق بۆی نیە، له‌ ئێستادا پاڵێوراو بۆ پوستی قایمقام دیاری بکات، تاوه‌کو ئەنجامی سکاڵاکەمان لە دادگای فیدراڵی یه‌كلاییده‌بێته‌وه‌”، ئه‌میر وای وت.

له‌ 21ی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردو ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق متمانه‌ی له‌ ئه‌میر خوداكه‌ره‌م سه‌نده‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كانی سنوره‌كه‌، به‌شداری له‌ ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلولی 2017ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان و رێگه‌دان به‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گای پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ داقوق.

دواتر راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ چواری مانگی ته‌مموزی ئه‌مساڵ، بڕیاریدا به‌ لابردنی قایمقامی داقوق، ئه‌وه‌ش پاڵپشت به‌ یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ هه‌رێم و بڕیارێكی پێشتری ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ له‌ مانگی 11ی ساڵی رابردودا.

ئه‌میر خوداكه‌ره‌م به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی ناوه‌ندی، ساڵی 2017 بڕیاریدا به‌هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كانی شاره‌كه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ر‌كوك، هه‌رچه‌نده‌ نوێنه‌رانی توركمان و عه‌ره‌ب دژایه‌تی ئه‌و هه‌نگاوه‌یانكرد.

پێشتر ئه‌میر خوداكه‌ره‌م له‌باره‌ی تۆمه‌ته‌كانه‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ته‌نیا بڕیاره‌كانی پارێزگاری پێشوی كه‌ركوكم جێبه‌جێكردوه‌ و كاتی چونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ش بۆ داقوق سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ بوم نه‌ك قایمقام”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن