به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌ دوزخورماتوو
هێزێكی چه‌كداری بۆ توركمان، كورد و عه‌ره‌ب پێكده‌هێنێت

August 19, 2018 at 9:56 pm

سەڵاحەدین، شوباتی 2017، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە ناوەندی قەزای دوزخورماتوو فۆتۆ: راگەیاندنی ئەو هێزە

ژینۆ خه‌لیل – سه‌ڵاحه‌دین

هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا، سه‌رپه‌رشتی پێكهێنانی هێزێكی چه‌كداریی ده‌كات بۆ قه‌زای دوزخورماتوو، ئه‌وه‌ش له‌ گه‌نجانی توركمان، كورد و عه‌ره‌ب.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له‌ رێی چه‌ند بنكه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ ناونوسین ده‌ستیپێكردووه‌ و بڕیاره‌ ئه‌و هێزه‌ به‌شێك بێت له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا، كه‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقه‌.

حسن زه‌ینلعابدین، قایمقامی قه‌زای دوزخورماتوو، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دەسخۆشیم ھەیە بۆ ھێزی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا ئێمەیان ئاگادارکردۆتەوە کە دەیانەوێ ھێزێک بۆ خورماتو دابمەزرێنن لەھەرسێ نەتەوە، واته‌ 150 كه‌س له‌ كورد، 150 له‌ عه‌ره‌ب و 150 كه‌س له‌ توركمان”.

قایمقام ستایشی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرای كرد و پێیوایه‌ جیاوازی له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا ناكه‌ن، بۆیه‌ مانه‌وه‌یان له‌ سنوره‌كه‌ به‌ گرنگ ده‌زانێت و ده‌ڵێت خه‌ڵكیش له‌وباره‌یه‌وه‌ ره‌زامه‌ندن.

هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا، سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ره‌وانه‌ی قه‌زای دوزخورماتوو كران و دوای ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منییان وه‌رگرت، به‌شێكی زۆر له‌ خێزانه‌ ئاواره‌كانی كورد گه‌ڕانه‌وه‌ و داوایانكرد ئه‌و هێزه‌ نه‌كشێته‌وه‌.

سه‌ڵاحه‌دین، 2018، تابلۆی به‌خێرهاتنی هاوڵاتیان له‌لایه‌ن به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا بۆ دوزخورماتوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه‌

سەردار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی قه‌زای دوزخورماتو لە كوتله‌ی كوردی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی راگه‌یاند به‌ فه‌رمی ئه‌وان له‌و هه‌نگاوه‌ ئاگادارنه‌كراونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێراوه‌، به‌ڵكو ئه‌وانیش وه‌كو خه‌ڵك بیستویانه‌.

پێكهێنانی ئه‌و هێزه‌ هاوبه‌ش دوای ئه‌وه‌دێت هێزه‌كانی حكومه‌تی عیراقی، له‌چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكدا به‌ناوی “سه‌پاندنی یاسا” له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك و پێشمه‌رگه‌ كشایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی.

عه‌لی حسێنی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای دوزخورماتوو له‌ كوتله‌ی توركمانی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا ده‌ستیان به‌ ناونوسین كردووه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌رسێ نه‌ته‌وه‌كه‌ی دوزخورماتوو هێزێكی هاوبه‌ش بۆ ئه‌منیه‌تی قه‌زاكه‌ دروستبكه‌ن”.

به‌بڕوای حسێنی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا “ھێزێکی حکومی و ڕەسمین، بۆیە ھەرسێ نەتەوەکە لێیان ڕازین و شارەکەیان پاراستووە، په‌یامی ئەوان بۆ پێکەوەژیانی ھەرسێ نەتەوەکەیە”.

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ بۆ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ بنكه‌ی تایبه‌تی بۆ تۆماری ناوی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك كراوه‌ته‌وه‌.

قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی “جێناكۆك”ی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن