به‌راورد به‌ ساڵی رابردو
ناوتۆماركردن بۆ خوێندنی كوردی كه‌میكردوه‌

August 20, 2018 at 10:47 am

كەركوك/ پۆلێكی خوێندنی كوردی فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

سێ هه‌زار منداڵ كه‌متر له‌ ساڵی رابردو ناوی خۆیان بۆ خوێندنی كوردی تۆماركردوه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێك كه‌ دراوه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو).

ئاماره‌كه‌ كه‌ له‌ به‌شی خوێندنی كوردی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، تیایدا ده‌ریده‌خات تائێستا ته‌نیا نۆ هه‌زار منداڵ ناوی خۆیان له‌ خوێندنی كوردی تۆماركردوه‌، له‌كاتێكدا ساڵی رابردو له‌مكاته‌دا 12 هه‌زار منداڵ تۆماركرابون.

پەروین حەسەن، بەڕێوه‌بەری یەکەی سەرپەشتیاری خوێندنی کوردی، دۆخی خوێندنی كوردی له‌ شاره‌كه‌ به‌ “زۆر خراپ” وه‌سفكرد و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ په‌كینه‌كه‌وتوه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە هاوکارییەکی خوێندنی کوردی ناکات لە کەرکوک”.

په‌روین وتی كه‌ به‌شێك له‌ خێزانه‌ كورده‌كان وابیردەکەنەوە کە خوێندنی کوردی هیچ داهاتویەکی نیە، بە تایبەت دوای تەواوکردنی خوێندن لە ماڵەوە دەمنێنەوە و دامەزراندن نیه‌.

له‌ كه‌ركوك هه‌ر چوار پێكهاته‌كه‌، عه‌ره‌ب، كورد، توركمان و كریستیان به‌زمانی خۆیان ده‌خوێنن و له‌ په‌روه‌رده‌ یه‌كه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌.

كه‌ركوك: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی

خوێندنی كوردی له‌ ساڵی 2003و دوای روخانی رژێمی به‌عس كه‌ سه‌دام حوسێن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك ده‌ستیپێكرد، پێش ئه‌وه‌ واده‌یه‌ قه‌ده‌غه‌بوو.

هه‌شت هه‌زار مامۆستا كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خوێندنی كوردی له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك موچه‌یان پێده‌درێت چوار ساڵه‌ كێشه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌كانیان و دواكه‌وتنیان هه‌یه‌، به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند جارێك بایكۆتی پرۆسه‌ی خوێندنیان كردوه‌.

شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوه‌بەری خوێندی کوردی، نزیكه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر شاره‌كه‌ی جێهیشتوه‌ و له‌ هه‌ولێر داده‌نیشێت به‌هۆی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك گه‌ڕانه‌وه‌، پێیوایه‌ هێشتا دۆخی خوێندنی كوردی باشه‌.

هێشتا دۆخی خوێندنی كوردی باشه‌

ئه‌و لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان-ەوە، راسپێردراوە بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر خوێندنی كوردی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دۆخەکە بەو شێوەیە مەترسیدار نیە کە باسی لێوەدەکرێت، تا ئێستا چەندین خانەوادە ئاواره‌ی شارەکانی هەرێم بون و نەگەڕانەوەتەوە کەرکوک، ئەمە وا دەکات کە ژمارەی ئەو خوێندکارانەی بۆ ئه‌مساڵ ناوی خۆیان تۆماركردوه‌ كه‌مبكات”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن