كورد لە ناوچەكانی جێناکۆک؛
خۆبچوکـکـردنـەوە و خۆدزینـەوە لە لێپرسـراوێتـی

August 22, 2018 at 6:51 pm

كه‌ركوك/ئابی 2017/ شه‌قامێكی سه‌ره‌كی شاره‌كه‌ له‌سه‌ر قه‌ڵای مێژوویی كه‌ركوكه‌وه‌ فۆتۆ: بنار سه‌ردار

سه‌لام عومه‌ر

کەم نین ئەو سیاسەتمەدارە کوردانەی کە بێ کۆتا ئەم ووتەیە دوبارە دەکەنەوە؛ دۆستەکانمان ئەوانەن کە دەمانگرییەنن، ئەوا بەم جەژنە دۆستێکی تورکمان نەک ناتانگریەنێت بەڵکو لەگەڵ پیرۆزباییەکی گەرمی جەژندا، دوو پەیامی دۆستانە و پراگماتیکیانە بۆ سەرکردایەتی کورد دەنێرێت و وەک سیاسەتمەدارێکی بەسەلیقە تۆپەکە لەکاتێکی یەکجار گرنگدا دەخاتە گۆڕەپانی پەرتپەرتی سیاسەتی هەرێمی کوردستانەوە.

تورکمان نیگەرانن لە سیاسەتی چەندین ساڵەی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت “ستراتیژی پەراوێزخستنی تورکمان و عەرەبی کەرکوک”، جارێک هەوڵدان بۆ ئیدارەدانی پارێزگاکە بە تۆپزی، جارێکی تر بە سەپاندنی چارەسەرێک لە بەغداوە بەسەر پارێزگاکەدا بێ دەستکردن بە دیالۆگێکی هەمەلایەنە و ستراتیژیی لەگەڵ پێکهاتەکانی کەرکوک و دواتر چونە پایتەخت بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی ئەو ناوچانە.

دوو پەیامەکەی تورکمان لە لایەن ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه (دووەم رۆژی جەژنی قوربان)‌ 22ی ئابی ٢٠١٨، بۆ خۆی و سه‌ركرده‌كانی تری به‌ره‌كه‌ رێكخرابوو ئاشکراکرا: ساڵحی روودەکاتە کورد و ئەڵێت: پەیامی یەکەمی تورکمان ئەوەیە: “داواکارییەکانی کورد گەورەترە لەو پله‌و پۆستانەی لە دەوڵەتی فیدراڵی هەیە، په‌یاممان بۆ برایانمان لە حزبە کوردییەکان ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك و کەرکوک و دوزخورماتوو چارەسەرنابێت بەهیچ رێکكەوتنێک لە نێوان ئێوە و هه‌ر لایه‌نێك بیەوێت حکومەت پێکبهێنێت”.

سیاسەتی کورد و عەرەب و تورکمان لە کەرکوک هەرسێکیان خاڵی بە‌هێز و لاوازی خۆیان هەیە، بەڵام سیاسەتی باو لەنێو هەر سێ لایەنەکەدا جەختکردنەوەیه‌ لە خاڵی لاوازی ئەوانی تر لەکاتی بە‌هێزی خۆیان و سیاسەتی بایکۆتکردن و کڕوزانەوە لەکاتی لاوازیی خۆیاندا. باشترین نمونەش بۆ بەرجەستەکردنی ئەم دۆخە هەڵوێستی ئێستای کوردە کە تاکتیکی خۆبچوکردنەوە و راکردن لە لێپرسراوێتی پێوەدیارە. جارێک بەبیانوی ئەوەی ئیدارە بە دەست کوردەوە نییە، جارێکی تر بەبیانوی ئەوەی کورد دەبێت خاوەنی دواقسە بێت دەربارەی پارێزگاکە، یان هەموویم دەوێت یان هیچ.

 سیاسەتی باو لەنێو هەر سێ لایەنی کورد و عەرەب و تورکمان لە کەرکوک جەختکردنەوەیه‌ لە خاڵی لاوازی ئەوانی تر لەکاتی بە‌هێزی خۆیان و سیاسەتی بایکۆتکردن و کڕوزانەوە لەکاتی لاوازیی خۆیاندا

لەڕاستیدا، کورد لە “ناوچەكانی جێناکۆک” ژمارەیەکی یەکجار قورسە و ئێستاشی لەگەڵدابێت لە دەیان رێگەوە کاریگەری راستەوخۆی هەیە و زۆر کاروباری کەرکوک، بەتایبەت بێ پرسی لایەنێکی کوردی نەبێت ناڕوات بەڕێوە، هەندێک جار لە قۆناغی دوای جەنگ و لەکاتی ململانێدا، بەفیڕۆدانی کات هاوشێوەی بەفیڕۆدانی سەرچاوەی سروشتی و مرۆییە.

پەیامەکەی بەڕێز ساڵحی دوپاتکردنەوەی گرنگی و کاریگەری رۆڵی کوردە، هەرچەندە میدیای حزبیی کوردی بەردەوام واپیشان دەدات کورد بچکۆلە، بێکاریگەر و بێدەسەڵاتە لەو ناوچانە. بەگوێرەی ئەنجامەکانی دواهەڵبژاردنی پارلەمانی عیراقیش، هێشتا کورد لە چاو دوو پێکهاتەکەی تردا ژمارەی کورسییەکانی زیاترە، هەرچەندە ساڵحی هەڵبژاردنەکەی ١٢ی ئایاری ئەمساڵی بە “هەڵمەتێکی چەتەگەری ئەلکترۆنیی بە پلەی نایاب” ناوزەدکرد بەهۆی “ئەو تەزویرە زۆری” تیایدا کراوه‌.

له‌باره‌ی رێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت‌به‌ره‌ی توركمانی په‌یامێكی هۆشداریی ئاراسته‌ی كورد ده‌كات

هاوکات، دووەم پەیامی بەڕێز ساڵحی ئەوەیە “گفتوگۆ تەنیا ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئەنجام نەک سەپاندنی مەرج بەسەر بەغدادا”. بەڕای من پەیامی دووەم زۆر لە پەیامی یەکەم گرنگترە، چونکە دواجار گفتوگۆی عەرەب، کورد، تورکمان و کلدۆئاشورییەکان پێویستە چارەنوسی پارێزگاکە یەکلایی بکاتەوە.

رۆژانە پەیوەندیم لەگەڵ کورد و تورکمان و عەرەبی کەرکوک هەیە، ئەوەی هەموو رۆژێک دوبارە دەبێتەوە ئەوەیە هەموویان خۆیان بە زوڵملیکراو دەبینن، منیش لە دڵەوە پێموایە کە هەموویان راستدەکەن. کورد و تورکمان قوربانی دەستی رژێمەکەی سەدام حسێنن و عەرەبیش بە تایبەتی عەرەبی باشور و خۆرئاوای پارێزگاکە قوربانی پەراوێزخستنی ئیدارەی کوردی و دڵڕەقی بەغدای دوای ٢٠٠٣ێن، چونکە لەڕوی مەزهەبییەوە عەرەبی ئەو ناوچانە شوێنکەوتەی هەمان مەزهەبی زۆرینەی دەسەڵاتدارێتی عیراقی نوێ نین.

هه‌موویان کورد و تورکمان و عەرەبی کەرکوک خۆیان بە زوڵملیکراو دەبینن، منیش لە دڵەوە پێموایە کە هەموویان راستدەکەن

لەوەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە سیاسەتمەداری هەر یەک لەو پێکهاتانە دەڵێن پیکهاتەکەی من لەسەر هەقە، لەهەموو ئەمانەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە لەمەشدا هەموویان راستئەکەن. بەپشتبەستن بە ئەزمونی ئەو ناوچانەی تری جیهان کە بە قۆناغی وادا تێپەڕیون، گەیشتن بە دادپەروەریی و دەستکردن بە دیالۆگیکی هەمەلایەنەی بنیادنەر تاکە چارەسەر دەبن بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش، سەرەتا دەربارەی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و دابینکردنی ئاسایش و دواتر رێکەوتتن لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی دەستوری عیراق لەو بارەیەوە یان هەر چارەسەرێکی تر کە لەدەرئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەوە دێنەکایەوە.

ساڵحی کە لەپێشەوەی سەرکردەکانی تری بەرەکەیدا وەستاو بوو، بە عەرەبییەکی رەوان ئەڵێت داواکاریی کورد لە پلە و پۆستی بەغدا گەورەترە و وەرن با دەست بە گفتوگۆیەکی بەرفراوان بکەین، رەنگە ئێستا هەندێک گومان لە نیازی بەرەی تورکمانی بکەن، بەڵام ئەوە دۆخێکی ئاساییە، پرۆسەی دیالۆگ پێویستی بە کۆکردنەوەی لایەنەکانی ترە لەسەر مێزی گفتوگۆ بەهیوای گەیشتن بە  چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکان، نازانین گفتوگۆکان بەچی ئاڕاستەیەکدا دەڕۆن، بەڵام جاری وایە لەئەنجامی گفتوگۆی قوڵ و راستگۆیانەدا، لایەنەکان رای خۆیان دەگۆڕن و ئەگەنە ئەنجامی چاوەڕواننەکراو.

هەڵپەڕكێیەكی پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئاینییەكانی كەركوك گەڕەگی عەرەفە فۆتۆ: كاروان ساڵحی/ كەركوك ناو

خاڵی دەستپێکی، دیالۆگ پەسەندکردنی لایەنەکەی ترە وەک خۆی بە تێڕوانینی سیاسی، هەست و سۆز و پاشخانی کەلتوریی و ئایینیەوە.

“ناوچەكانی جێناکۆک” پڕن لە کێشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێ ئاسۆی چارەسەرکردن نین، چارەسەرێک کە دانیشتوانی ئەو ناوچانە لەسەری رێکدەکەون.

خۆبچوککردنەوە و خۆدزینەوە لە لێپرسراوێتی هیچی لێ سەوز و زەرد نابێت.

“ئەگەر پێویستت بەیارمەتییە، پێویستە دەستەکانت واڵابکەیت!”

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن