نادادپه‌روه‌ریی؛ میوزیک و چه‌رخ و فه‌له‌ک ناگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ موسڵ

August 29, 2018 at 2:32 pm

موسڵ/گەیارە، تشرینی یەكەمی 2016، هاوڵاتییەكی خەڵكی گەیارە سرنجی بیرە نەوتییەكانی ناحییەكە دەدات كە داعش لەگەڵ جێهێشتنی قەزاكە ئاگری تێبەردان فۆتۆ: فازڵ هۆرامی

سه‌نگه‌ر ره‌سوڵ

ئه‌وه‌ی جێی تێڕامانه‌ هه‌ر داگیرکارییه‌کانی داعش نه‌بونه‌‌هۆی که‌وتن و روخانی موسڵ،‌ به‌ڵکو نیوه‌ی په‌یوه‌ندی به‌حوکمڕانی خراپ و نادادپه‌روه‌رییه‌وه‌ هه‌بوو.

ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژووی به‌ر له ‌داعش و له‌ سێکته‌ری ئابوریدا عه‌قارات وه‌ک نمونه‌ وه‌ربگرین ئه‌وا دوای 2003 زۆربه‌ی زیاده‌ڕۆیی و فراوانبونی گه‌ڕه‌کنشینه‌کانی موسڵ به‌هۆی سنوورداریی و ئه‌پده‌یت و نوێنه‌کردنه‌وه‌ی ماسته‌رپلانی ساڵی 1973یه‌ که‌ بۆ شاره‌که‌ دانرابوو بۆ ئه‌وسا هه‌م کۆن و هه‌میش سنوورداربوو، ئه‌مه‌ش وایکرد له‌نێوانی ساڵانی (2003 بۆ 2013) 32 هه‌زار حاڵه‌تی پێشێلکاریی سه‌رزه‌وی حکومیی و کشتوکاڵی تۆماربکرێت.

ئه‌و پێشێلكارییانه‌ به‌هۆی که‌مته‌رخه‌می ئیداریی و به‌رزی نرخی عقارات و نه‌بونی ماسته‌رپلانێکی گشتگیرو سه‌رده‌مییانه‌ بوو بۆ ئه‌و پارێزگا گه‌وره‌یه‌و كه‌ وایكرد‌ خه‌ڵکی پارێزگاکه‌ که‌ زۆربه‌ی هه‌ر زۆری سوننی مه‌هه‌زبن، وه‌ک زوڵملێکراوێک ته‌ماشای خۆیان بکه‌ن و ببنه‌ هۆکارێکیش بۆ رێخۆشکردن بۆ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی توندوتیژیی، چونکه‌ هاوکێشه‌ی ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ له‌زیاده‌ڕۆیی واتا نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌کییه‌کان و دابه‌زینی شێوه‌و جۆری ژیانیان، ئه‌مه‌ نمونه‌یه‌ک له‌خراپ ئیداره‌دانی شارو دوورینه‌وه‌ی لێکه‌وتی خراپ.

هاوکێشه‌ی ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ له‌زیاده‌ڕۆیی واتا نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌کییه‌کان و دابه‌زینی شێوه‌و جۆری ژیانیان

ئه‌گه‌ر له‌ڕوی گشتی حوکمڕانیشه‌وه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ بۆ ئیداره‌ی دوای 2003 بکه‌ین، ده‌بینین له‌ 2017 (14 ساڵ دوای ئه‌و مێژووه‌) ده‌زگای شه‌فافییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، عیراقی له‌ ریزبه‌ندی 169 وڵات (له‌کۆی 180 وڵات) له‌ڕوی هه‌بوونی به‌رزترین رێژه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ دانا، ئه‌مه‌ش واتا نادادپه‌روه‌رییه‌کان به‌رامبه‌ر خه‌ڵک و پارێزگای موسڵ وه‌ك دوه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عیراق فراوان و گشتگیر بوه‌ و هاوڵاتییان ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ نه‌ڕه‌خسێندراوه‌ تا حکومڕانێکی دادپه‌روه‌رییان هه‌بێت، بۆیه‌ له‌ساڵی 2014 زۆر به‌سانایی پارێزگاکه‌ی ده‌که‌وێته‌ ده‌ست داعش و دانیشتوانه‌که‌ی به‌ئاره‌زوبێت یا بێ ئاره‌زوو له‌توندوتیژییه‌وه‌ ده‌گلێن و به‌شێکی زۆریش ئاوارو بێماڵ ده‌بن!

دوای سێ ساڵ پرۆسه‌ی رزگارکردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌ستپێده‌کاته‌وه‌ و به‌ڵام ئه‌و پرۆسه‌یه‌ هێنده‌ی دیکه‌ شاره‌که‌ وێرانتر ده‌کات، که‌ ئه‌گه‌ر سێکته‌ری خانووبه‌ره‌ به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین ئه‌وا 40 هه‌زار خانوی پێویستی به‌چاککردنه‌وه‌ هه‌یه‌و 600 هه‌زار که‌سیش ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵییان‌. بۆ چاککردنه‌وه‌و دروستکردنه‌وه‌ی ئه‌و خانوانه‌ش تێچونه‌که‌ی به‌ 17 ملیار دۆلار مه‌زنده‌ کراوه‌.

40 هه‌زار خانوی پێویستی به‌چاککردنه‌وه‌ هه‌یه‌و 600 هه‌زار که‌سیش ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵییان‌

پارێزگای موسڵ 42 ملیار دۆلاری  پێویسته‌ بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی. هه‌روه‌ها 90%ی خۆرئاوای موسڵ وێران بووه‌، 62 خوێندنگه‌ به‌ته‌واوه‌تی روخاوه‌ و 207ی تر پێویستی به‌نۆژه‌نکردنه‌وه‌ هه‌یه‌.

8 تا 10 ملیۆن تۆن پاشماوه‌ی بیناو شه‌ڕو وێرانکاریی به‌جێماوه‌ (به‌پێی داتاکانی ئه‌نجومه‌نی په‌نابه‌رانی نه‌رویژی)، به‌درێژایی هه‌ر ئه‌کر-ێک مه‌زنده‌ی 3000 تۆن پاشماوه‌ی ئاسن و رۆکێتی ته‌قیو و نه‌ته‌قیو ده‌کرێت.

ئه‌و ژماره‌ زه‌به‌لاحانه‌ی که‌ به‌ دۆلار هه‌ژمارکراون و قه‌باره‌ی زیانه‌کان دیاریده‌کات ئه‌و ژمارانه‌ کاره‌ساتێکی سروشتی زه‌مینه‌له‌رزه‌ نین به‌پله‌ی هه‌ر به‌رزی رێخته‌ر، به‌ڵکو ئه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تانه‌ی عیراقه‌ که ‌ویستوویانه‌ له‌عیراقی نوێدا چاره‌سه‌ری بیری توند به‌بیری توندتر بکه‌ن و تاریکی به‌ تاریکی بڕه‌وێننه‌وه و‌ ده‌بینین ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕی نزیكه‌ی چوار ساڵه‌ی داعش له‌عیراق، بنیاتنانه‌وه‌ی ناوچه‌کان به‌تایبه‌تی باکورو خۆرئاوای شاره‌كه‌ی زیاتر له‌ 100 ملیاردۆلاری پێویسته‌.

موسڵ، 11-7-2017، زۆرینەى بازاڕەکان بەشێکی یان بە تەواوی روخاون، به‌هۆی شه‌ڕی نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و چه‌كدارانی داعش فۆتۆ: فازڵ هۆرامی

نادادپه‌روه‌ریی و حوکمڕانی خراپ

بۆ تێگه‌یشتن له‌قه‌باره‌ی نادادپه‌روه‌یری و حوکمڕانی خراپ، ئه‌وا پێویسته‌ ته‌نها چاوێک به‌و هاوکاریی و بودجانه‌ بخشێنین که‌ له‌ له‌لایه‌ن ولایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاوه‌ پێشکه‌شی عیراق  کراون و ئه‌وه‌ی بۆ عیراق نێردراوه‌ ئه‌گه‌ر حکومڕانێکی باش و دادپه‌روه‌ری هه‌بوایه‌ دوو عیراقی مۆدێرن و پێشکه‌وتوی لێدروستده‌کرا.

بۆ نموونه‌؛ له‌ساڵی 2014ه‌وه‌ ئه‌مریکا 265 ملیۆن دۆلاری بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی عیراق خه‌رجکردوه،‌ له‌چوارچێوه‌ی هاوکاره‌ مرۆییه‌کان که‌ 1.7 ملیار دۆلار بوو، هه‌روه‌ها خه‌رجییه‌کانی ئه‌مریکا له‌شه‌ڕی دژ به‌ داعش دا 14.3 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت، هه‌روه‌ها دوای 2003، ئه‌مریکا له‌ ماوه‌ی 9 ساڵدا به‌ته‌نها 60 ملیار دۆلاری بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی عیراق خه‌رجکردوه ‌(که‌ ده‌کاته‌ 15 ملیۆن دۆلاری رۆژانه‌)، به‌هۆی حکومڕانی خراپ و نادادپه‌روه‌رییه‌وه‌ بووه‌ که‌ هیچی لێ شین نه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ی که‌ به‌ئاشکرا دیاربووه‌ لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئه‌مریکا ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه‌ که‌ له‌و بڕه‌ 8 ملیار دۆلار به‌هۆی خراپی ئیداریی و گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ هه‌ر شوێنه‌واری دیار نه‌بوو!

لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئه‌مریکا ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه‌ که‌  8 ملیار دۆلار به‌هۆی خراپی ئیداریی و گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ شوێنه‌واری نادیاره‌

جگه‌ له‌و هاوکارییانه‌ داهاتی عیراق له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 700 ملیار دۆلار بووه‌و هه‌مووی به‌هه‌ده‌ردراوه‌و نه‌توانراوه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانیش پێدابین بکرێت.

ئه‌گه‌ر سێکته‌ری نه‌وت وه‌ک ژێرخانێکی سه‌ره‌کی ئابوری وه‌ربگرین ئه‌وا عیراق له‌ژێرخانی ئابوریش هیچ پێشکه‌وتنێکی به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌ ‌و چاککردنه‌وه‌و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی سیستم و کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی 7 ملیاردۆلاری پێویسته‌!

ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ باسکرا که‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا موسڵ پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت و به‌شێکی زۆر له‌هاتنی داعش و کۆنترۆڵکردنی ناوچه‌کان په‌یوه‌ندی به‌و خراپ حوکمڕانی و ئیداریی و نادادپه‌روه‌رییه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رله‌وه‌ی په‌یوندی به‌جوگرافیای سیاسیی و موئامه‌ره‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هه‌بێت!

 

گێڕانه‌وه‌ی شاری یاریی و خه‌نده‌ بۆ نه‌ینه‌وا

به‌پێی حكومه‌تی عیراق له‌مانگی ته‌مموزی ئه‌مساڵ 2018ـ ئه‌وا 109.84 ملیۆن به‌رمیلی (3.54 به‌رمیلی رۆژانه‌) که‌ داهاته‌که‌ی ئه‌و مانگه‌ 7.59$ ملیار بووه‌ (70 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ زیاتر هه‌نارده‌کراوه‌ له‌چاو مانگی حوزه‌یران)، جه‌نگیش کۆتایی هاتووه‌ و وڵات ده‌رگایه‌ک و ئومێدێکی سه‌قامگیری به‌ره‌و روداكراوه‌ته‌وه‌.

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر عیراق بیه‌وێت وڵات ببوژێنێته‌وه‌و 2.5 ملیۆن گه‌نجی بێکار (به‌پێی داتاکانی بانکی نێوده‌وڵه‌تی) به‌گه‌ڕبخاته‌وه‌؛ ئه‌وا ده‌بێت ببێته‌ ئه‌و “ئانوناکی”یه‌ی دوور له‌سۆزی مه‌زهه‌بگه‌ری شیعی و سوننی وه‌ک فریاد ره‌سێک خزمه‌ت به‌ دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی دووه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عیراق ده‌ستپێبکات، چونکه‌ سه‌رکه‌وتنی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی موسڵ و نه‌هێشتنی نادادپه‌روه‌رییه‌کان و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ته‌نها کلیلی سه‌رکه‌وتن نابێت بۆ موسڵییه‌کان، به‌ڵکو ده‌بێته‌ کلیلێک بۆ هه‌موو عیراقییه‌کان!

 *نوسه‌ر خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌ له ‌په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان/ زانکۆی شیفێڵد – به‌ریتانیا

بابه‌تی تری نوسه‌ر:

به‌ بیابانبونی ئابوری ناوچه‌کانی جێناکۆکله‌ دیکتاتۆرییه‌تی سوننی و دیموکراسیه‌تی شیعه‌وه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌بینی کوردی!

50 ساڵ بردنەوە ئاشتی نەدۆزییەوەبۆچی بۆ ناوچەكانی جێناکۆک کڕینی سەرکەوتنی شەڕێک هەرزانترە لە بردنەوەی ئاشتی؟

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن