به‌‌رهه‌م ساڵح: به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناكه‌ین

September 2, 2018 at 2:00 pm

سلێمانی/2010/ به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح و هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌كاتی ده‌نگدان-دا بۆ په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: په‌یجی فه‌رمی ناوبراو له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك

كه‌ركوك ناو

به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌ و دادپەروەری ئاشكرایكرد كه‌ حزبه‌كه‌ی به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناكات كە بڕیارە له‌ 30ی ئه‌یلول به‌ڕێوه‌بچێت.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌رهه‌م ساڵح، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هات كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2ی ئه‌یلول دوابه‌دوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی هات له‌گه‌ڵ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌و حزبه‌.

بەرهەم ساڵح وتی “ئێمه‌ تێبینیمان هەیە لەسەر كۆمەڵێك رێكارو تۆماری دەنگدەران، بڕیارمانوایە بەشدارنەبین لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، بەڵام هیوادارین پڕۆسەیەكی سەركەوتوبێت، چونكە كوردستان بەرگه‌ی بێنەوبەردەو ئاڵۆزیی دیكە ناگرێت.”

ئێمه‌ تێبینیمان هەیە لەسەر كۆمەڵێك رێكارو تۆماری دەنگدەران، بڕیارمانوایە بەشدارنەبین لە پرۆسەی هەڵبژاردندا

له‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌ هۆكاری به‌شدارینه‌كردنی له‌هه‌ڵبژاردن، په‌یوه‌ندی به‌ كاندیدكردنێتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رهه‌م ساڵح رەتیكردەوە كه‌ كاندیدی پارتی ‌و یەكێتی بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق “ئه‌وه‌ ئەسڵ‌و ئەساسی نییە لە هەندێك لایەنەوە باسكراوە، بەڵام هیچ باسێكی فەرمی لەو بارەیەوە نەكراوە و ئێمە سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەی هاوپەیمانین‌ و مەبەستمانە بەشێك بین لە چارەسەری قەیرانەكانی كوردسان”.

هاوپه‌یمانی بۆ یه‌كه‌مجار له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری رابردی په‌رله‌مانی عیراق به‌شداریكرد و دوو كورسی به‌ده‌ستهێنا.

نێچیرڤان بارزانی، كه‌ هاوكات سەرۆكی حكومەتی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا وتی كه‌ ئه‌وان رێز لە بڕیارەكەی هاوپەیمانی دەگرن له‌باره‌ی به‌شدارینه‌كردنیان له‌ هه‌ڵبژاردندا.

له‌باره‌ی ده‌نگۆكانی دواخستنی هه‌ڵبژاردنیش وتی “هیچ هۆكارێك نابینن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن‌ و هیچ حزبێكیش تائێستا بە فەرمی ئەو داوایەی نەكردوە…”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن