“منداڵه‌كانم له‌برسا ده‌گرین”
ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان چۆن له‌ كه‌مپه‌كان ده‌ژین؟

September 12, 2018 at 9:50 am

دهۆك/ دایكێك پیاسه‌ به‌ منداڵه‌كه‌ی ده‌كات له‌نێو قوڕو باراناوی كه‌مپی ئاواره‌كانی موسڵ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

که‌چینۆ قولو (30ساڵ)، له‌ژێر خێمه‌یه‌كدا كه‌ گه‌رما 45 پله‌ی سه‌دی-يه‌‌، ده‌سته‌وه‌ستان دانیشتووه‌ به‌دیار گریانی سێ منداڵه‌كه‌ی بۆ نان، له‌كاتێكدا ئه‌و هێشتا مۆته‌كه‌ی ساڵێك و شه‌ش مانگ زیندانی داعش به‌رینه‌داوه‌.

كه‌چینۆ ژنێکی ئێزیدی دانیشتوی كه‌مپی چه‌م مشكۆیه‌ له‌ پارێزگای دهۆك، له ‌ئابی‌ 2014 كاتێك شه‌نگال كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌، له‌گه‌ڵ 31 كه‌سی تری خانه‌واده‌كه‌ی به‌دیلگیران و ساڵێك و شه‌ش مانگ له‌زیندانی داعش بون.

“خۆراك وه‌ك جاران دابه‌شناكرێت، مانگانه‌ 20 هه‌زار دینارمان پێده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌شناكات، جاران باشتر بوو”، كه‌چینۆ وای وتوو جه‌ختیكرده‌وه‌ “رۆژی واهه‌یه‌ هیچ شتێك له‌ژێر ئه‌م خێمه‌یه‌دا نییه‌ بیده‌م به ‌منداڵه‌كانم و هه‌رسێكیان له‌برسا ده‌گرین”.

هیچ شتێك له‌ژێر ئه‌م خێمه‌یه‌دا نییه‌ بیده‌م به ‌منداڵه‌كانم و هه‌رسێكیان له‌برسا ده‌گرین

دوای مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی ساڵێك و شه‌ش مانگ له‌ سه‌ره‌تای 2016، كه‌چینۆ قولو و خزمه‌كانی به‌بڕی 70 هه‌زار دۆلار كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم دابینیكرد له‌ده‌ستی داعش رزگاركران و ئێستا له‌كه‌مپ ده‌ژین.

كه‌مپه‌كان به‌گشتی دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوی موسڵ و قه‌زاو ناحییه‌كانی، وه‌كو پێویست هاوكارییان پێناگات، ئه‌وه‌ش بۆ خێزانه‌ ئاواره‌كان قورسه‌.

“له‌ڕۆژدا ته‌نیا سێ كاتژمێر كاره‌بامان هه‌یه‌، شه‌وانیش پێنج كاتژمێر”، كه‌چینۆ وای وت، له‌كاتێكدا پله‌ی گه‌رما نزیك بوو له‌ 45 پله‌ی سه‌دی.

دهۆك/ خوێندن له‌نێو كه‌مپی ئاواره‌كان به‌رده‌وامه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و فشاره‌ زۆره‌ی له‌سه‌ر ئیداره‌ی پارێزگاكه‌ هه‌یه‌ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

هاوسه‌ره‌كه‌ی كه‌چینۆ نه‌خۆشه‌و توانای كاری نییه‌، منداڵه‌كانی بچوكن و پێویستیان به‌هاوكارییه‌، ئه‌و كه‌ نازانێت ئاینده‌ چی ده‌بێت، پرسیارده‌كات “دۆزه‌خ چییه‌؟ ژیانی ئێمه‌ وه‌كو دۆزه‌خه‌، بیر له‌ كۆچكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش سه‌خته‌و ناكرێت”.

عیدو خه‌له‌ف، ئاواره‌یه‌كی تری ئێزیدی كه‌ له‌ كه‌مپی شاریا ده‌ژیت، هه‌مان چه‌رمه‌سه‌ری كه‌چینۆ-ی هه‌یه‌و به‌(كه‌ركوك ناو)ی وت “ئاو زۆر که‌مه‌ زۆرجار تانکه‌رێک ئاو به‌ 15 هه‌زار دینار ده‌کڕین، به‌ 250 كه‌س یه‌ك ته‌والێت و حه‌مام هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ شوێنێكی زۆر دور دانراوه‌”.

عیدو خه‌له‌ف له‌ 11ی تشرینی دووه‌می 2014-ه‌وه‌ له‌و كه‌مپه‌ ده‌ژیت، دوای ئه‌وه‌ی له‌شه‌نگال هه‌ڵات، به‌ڵام 50 كه‌س له‌ كه‌سوكاری له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵ كوژران.

“ئێمه‌ رۆژانه‌‌ له‌م كه‌مپه‌ ده‌مرین”، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كه‌می خزمه‌تگوزاریی، عیدو وتی “خیوه‌ته‌کانمان زۆر کۆن بون و‌ به‌شێكیان دڕاون و خه‌ریكه‌ به‌كه‌ڵكی ژیان نه‌یه‌ن”.

خیوه‌ته‌کانمان زۆر کۆن بون و‌ به‌شێكیان دڕاون و خه‌ریكه‌ به‌كه‌ڵكی ژیان نه‌یه‌ن

ئیداره‌ی دهۆك كه‌ سه‌رپه‌رشتی كه‌مپی ئاواره‌كان ده‌كات پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خێوه‌ته‌كانی ده‌ستپێكردوه‌، به‌ڵام به‌هۆی رێژه‌ی زۆری ئاواره‌كان چاوه‌ڕوانناكرێت بتوانێت هه‌موو خێوه‌ته‌كان نۆژه‌نبكاته‌وه‌.

غه‌زال ئیلیاس، کچێکی ئاواره‌ی 20 ساڵانه‌، وتی “مانگانه ته‌نیا‌ 20 هه‌زار دینارمان پێده‌ده‌ن، هه‌ندێك كاتیش دواده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش پاره‌یه‌کی زۆر که‌مه‌و به‌شی پێداویستییه‌کانمان ناكات”.

ئه‌و كچه‌ كه‌ له‌كه‌مپی ئاواره‌كانی که‌ربه‌توینه‌ وتی “ساڵانی رابردوو خۆراك و هاوكاریی زۆر ده‌هات، به‌ڵام ئێستا نایات، یه‌ك بنكه‌ی ته‌ندروستیمان هه‌یه‌ و ده‌بێت ده‌رمان له‌ ‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ بكڕێن”.

دهۆك/ ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان له‌ كه‌مپه‌كان، گله‌یی كه‌می خزمه‌تگوزارییان هه‌یه‌ و له‌به‌ر دۆخی ئه‌منیش ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

دوای یه‌ك ساڵ له‌ هێرشی داعش بۆ عیراق زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن ئاواره‌ی موسڵ و پارێزگاكانی تری عیراق رویان له‌ پارێزگای دهۆك كرد، ئه‌وه‌ش ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی قورسكرد، له‌گه‌ڵ بونی ئاواره‌كانی سوریا.

هێشتا 600 هه‌زار ئاواره‌ له‌كه‌مپه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ ماون، له‌كاتێكدایه‌ هاوكاریی رێكخراوه‌كان بۆ ئاواره‌كان كه‌میكردوه‌.

ئه‌کره‌م فه‌تاح، سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئاواره‌کان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆک به‌ (که‌رکوک ناو)ی ده‌ڵێت به‌رده‌وام به‌شێوه‌یه‌کی مه‌یدانی سه‌ر‌دانی که‌مپی ئاواره‌كان ده‌كه‌ن و گله‌ییه‌کانیان ده‌گه‌یه‌نینه‌ ئیداره‌ی پارێزگا… “به‌داخه‌وه‌ ئه‌و رێکخراوانه‌ی له‌ سه‌ر که‌مپه‌کانی دهۆک کاریان ده‌کرد ئێستا له‌سه‌دا 70ی پڕۆژه‌و كاره‌كانیان بردۆته‌وه ‌موسڵ، ئه‌وه‌ش زۆر کاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی ئاواره‌کان هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وامبێت دۆخی ئاواره‌کانی دهۆک زۆر خراپ ده‌بێت”، به‌وته‌ی ئه‌كره‌م.

ئه‌و رێکخراوانه‌ی له‌ سه‌ر که‌مپه‌کانی دهۆک کاریان ده‌کرد ئێستا له‌سه‌دا 70ی پڕۆژه‌و كاره‌كانیان بردۆته‌وه ‌موسڵ

له‌ دهۆك 17 كه‌مپی ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان هه‌یه‌، كه‌ به‌هۆی ناجێگیری بارودۆخی ئه‌منی و كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان له‌ شه‌نگال.

ئیسماعیل مسته‌فا، جێگری پارێزگای دهۆک بۆ کاروباری ئاواره‌کان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌وه‌ی له‌تواناماندابێت بۆ ئاواره‌كان كردومانه‌، زۆرجار خه‌ڵکی دهۆک گله‌ییمان لێده‌كه‌ن و ده‌ڵێن له‌به‌ر ئاواره‌کان ئێمه‌تان له‌بیرکردووه‌”.

“خۆراك بۆ ئاواره‌كان له‌لایه‌ن رێکخراوی جیهانی (DFP)ه‌وه‌ دابینده‌کرێت و ئه‌وان خۆراكه‌كانیان كه‌مكردۆته‌وه‌”، ئیسماعیل مسته‌فا زیاتر وتی “زۆر کۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و رێکخراوه‌ کردوه‌ بۆ زیادكردنی ریژه‌ی دابه‌شكردنی خۆراك به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامیان نییه‌”.

ئیداره‌ی دهۆك داوای له‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق كردوه‌ به‌دابینكردنی 14 هه‌زار خێوه‌ت بۆ گۆڕینی خێوه‌تی ئاواره‌كان، له‌ئێستاشدا به‌بڕی پێنج ملیۆن دینار پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ كه‌مپه‌كان ده‌ستیپێكردوه‌.

هه‌وڵه‌كان هه‌رچۆنێك بن و بڕیاره‌كان هه‌رچییه‌ك بن، مۆته‌كه‌ی داعش یه‌خه‌ی كه‌چینۆی به‌رنه‌داوه‌، خه‌می قوتی سێ منداڵه‌كه‌شی هاتۆته‌سه‌ر.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن