خانه‌قینییه‌كان له‌ شه‌قامه‌وه‌ داوای ئارامی ده‌كه‌ن

September 11, 2018 at 10:03 pm

دیاله‌، 11ی ئه‌یلولی 2018، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی دژی خراپی دۆخی ئه‌منی خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – خانه‌قین

ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیانی خانه‌قین، گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا بۆ داواكاری ئارامی و سه‌قامگیری، دوابه‌دوای رودانی چه‌ندین كرده‌وه‌ و هێرشی چه‌كداریی.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11ی ئه‌یلول ناوه‌ندنی قه‌زای خانه‌قین، ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیان و چالاكوانان گردبونه‌وه‌ دژی روداوه‌كانی سنوره‌كه‌، به‌ تایبه‌ت كوژرانی 10 هاوڵاتی له‌ 10 رۆژی رابردودا، له‌ نێویاندا سه‌ربڕینی چوار گه‌نج.

سەلام عەبدوڵا، رێكخه‌ری لیژنه‌ی كاری هه‌ره‌وه‌زی له‌ خانه‌قین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “داواكارین هەرچی زووە ئارامی و سەقامگیری بۆ خانەقین بگەڕێتەوە چونكە دانیتشوانی خانەقین توشی دڵەڕاوكێ و فشاری دەرونی بوون”.

له‌ دوایین رووداودا شه‌وی 9ی ئه‌یلول له‌ گوندی یوسف به‌گ له‌ نزیك خانه‌قین، ته‌رمی چوار گه‌نج به‌ سه‌ربڕدراوی دۆزرانه‌وه‌، دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ رفاندنیان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌.

“حكومەتی ناوەندی عیراق و حكومەتی هەرێمی بەده‌م داخوازی هاوڵاتیانه‌وه‌ نایه‌ن،.. لایەنە پەیوەندیدارەكان هیچ هەنگاوێكیان نەهاوێشت بۆ باشكردنی ڕەوشی ئەمنی خانەقین.” سه‌لام عه‌بدوڵا واده‌ڵێت.

21ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ، ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانان مانگرتنی گشتییان له‌ خانه‌قین راگه‌یاند، ئه‌وه‌ش بۆ ماوه‌ی چوار كاتژمێر دژی خراپی ره‌وشی ئه‌منی.

دیاله‌/21 حوزه‌یرانی 2018/ مانگرتنی گشتی له‌ قه‌زای خانه‌قین دژی خراپی دۆخی ئه‌منی فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

سەمیر محه‌مه‌د، سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت “پاڵپشتی هەر فشارو كارێكی مەدەنی دەكەین لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ خانەقین”.

له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قین سه‌ر به‌پارێزگای دیاله‌ ژماره‌یه‌كی كه‌م پێشمه‌رگه‌ی لێیه‌ به‌چه‌كی سوكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پۆلیسی فیدراڵی، حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆلیسی ناوخۆیی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ رونیكرده‌وه‌ له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وه‌ چەندین نوسراویان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌ كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌هاوبه‌شی به‌رێوه‌ببرێت به‌ڵام دیاله‌ وه‌ڵامی نه‌بووه‌ و ئه‌و هه‌نگاوه‌ پێویستی به‌ بڕیارێكی سیاسی هه‌یه‌.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له‌ هه‌ردوو مانگی حوزه‌یران و ته‌مووزی رابردو زیاتر له‌ شه‌ش بۆمب له‌ قه‌زای خانه‌قین ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌، 12 كه‌س كوژراون و برینداربون، شه‌وی رابردوش 9ی ئه‌یلول له‌ سێ روداوی جیاوازدا چوار گه‌نج به‌سه‌ربڕاوی كوژران و دوو كه‌سی تر برینداربون.

قه‌زای خانه‌قین باكوری پارێزگای دیاله‌، یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك و زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی كوردن، له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ عه‌ره‌ب و توركمان، له‌ دوای 2003ه‌وه‌ دۆسییه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌ به‌ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن