ده‌یانه‌وێت پۆستی پارێزگار وه‌ربگرنه‌وه‌
یه‌كێتی بۆ پارتی: چیتر بیانووی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌ما

September 12, 2018 at 6:28 pm

2005/ لایەنگرانی یەكێتی‌و پارتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك فۆتۆ: فەریق هەڵەبجەیی

گۆران بابان – كه‌ركوك

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێیوایه‌ چیتر بیانو نه‌ماوه‌ بۆ پارتی دیموكرات تا نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ هه‌ردولا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان پۆستی پارێزگار له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب وه‌ربگرنه‌وه‌.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 11ی ئه‌یلول پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ و بایكۆتێكی 11 مانگی، جارێكیتر گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ی حزبه‌ كوردییه‌كانی كه‌ركوك.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی نوێنه‌ری حزبه‌كان له‌ ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر (خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك)، باس له‌ كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، داوای كۆتاییهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی له‌ شاره‌كه‌ و یه‌كلیستی لایه‌نه‌كان كرا، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڕیارێكی لێبكه‌وێته‌وه‌.

محەمەد خورشید، لێپرسراوی لقی كەركوكی پارتی ده‌ڵێت روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو فرەلیستی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق هۆكاربون بۆ دابڕانی ئه‌وان له‌ كۆبونه‌وه‌كان به‌ڵام “ئێستا بە لەبیركردنی ڕابردوو و ڕوحیەتێكی نوێوە هەوڵەكان بۆ لێكنزیكردنەوەی لایەنەكان دەستیپێكردۆتەوە، كەشێكی لەبار هاتۆتە پێشەوە و بەستەڵەكی نێوان لایەنەكان تواونەتەوە”.

له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ كه‌ركوك، لێپرسراوانی حزبی و حكومی پارتی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌.

“بارەگاكانمان لەكەركوك لەلایەن هێزە عیراقیەوەكانەوە داگیركراون و گەڕانەوەی هەر ئەندامێكمان مەترسی دروست دەكات بۆ سەر ژیانی، ئێمەش وەكو پارتی تا دان نه‌نێین به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ شاره‌كه‌ حوكم دەكات ئامادە نەبوین بگەڕێینەوە” لێپرسراوه‌كه‌ی پارتی وای وت.

كەركوك، 2014، هەڵمەتی بانگەشەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لەكەركوك فۆتۆ: میدیای پارتی

له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی، هه‌فته‌ی رابردوودا بڕیاردرا به‌ كاراكردنی لیژنه‌یه‌ك بۆ تاوتوێی دۆسیه‌كانی كه‌ركوك، له‌ نێویاندا پۆسته‌كانی پشكی كورد.

محەمەد خورشید به‌ دیاریكردنی واده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كه‌ركوك ته‌نیا وتی “لەئایندەیەكی نزیكدا موژدەیەكی خۆش دەبەخشینە كەركوكیەكان”.

له‌ 11 مانگی رابردودا چه‌ندین پۆستی كورد له‌ كه‌ركوك، به‌ وه‌كاله‌ت پڕكراونه‌ته‌وه‌ یان جێگۆڕكێیان پێكراوه‌، باڵاترین پۆستیش پارێزگاره‌ كه‌ دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌وه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ له‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ پشكی یه‌كێتی، جێگره‌كه‌ی له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب خرایه‌ جێگاكه‌ی.

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێستا پارتی هیچ بیانویەكی نەماوە بۆ نه‌گەڕانەوە بۆ كەركوك، لەڕێی ئەو لیژنەیەی پێكهێنراوە پێكەوە كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە دەكەین”.

پێشیوایه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ “وەڵامی كارە نایاساییەكانی پارێزگارە بەوەكالەتەكەی كەركوك بدەینەوە”.

یه‌كێتی زیاد له‌ جارێك هه‌وڵیداوه‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌ستپێبكاته‌وه‌، تا له‌ورێیه‌وه‌ پۆستی پارێزگار وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجامی نه‌بووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ ژماره‌ی ته‌واوی ئه‌ندامان بۆ دانیشتنه‌كه‌ كۆبكاته‌وه‌، به‌هۆی بایكۆتی ئه‌ندامانی پارتیه‌وه‌.

جگه‌ له‌ ئه‌ندامانی پارتی، رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیش له‌ پشكی یه‌كگرتوی ئیسلامی – لیستی برایه‌تی 11 مانگه‌ شاره‌كه‌ی به‌جێهێشتووه‌ و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

كه‌ركوك، ئایاری 2018، هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی یه‌كێتی بۆ هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: په‌یجی ئاسۆ مامه‌ند له‌فه‌یسبوك

لێپرسراوی لقی كه‌ركوكی پارتی جه‌ختیكرده‌وه‌ پۆستی پارێزگار ئیستیحقاقی كوردە و پێویستە بگەڕێندرێتەوە، “دان بەو پارێزگارەی ئێستای كەركوكدا نانێین و ئەو كارانەشی كردونی هەمووی پێشێلی یاسایە و لای ئێمە ڕەتكراوەیه‌”.

له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب راكان سه‌عید، جێگری پارێزگار ئه‌ركه‌كانی پارێزگار راده‌په‌ڕێنێت و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ وه‌كو په‌رله‌مانتار سه‌ركه‌وت، به‌ڵام هێشتا بڕیاری نه‌داوه‌ ده‌چێته‌ به‌غدا یان له‌ پۆسته‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌.

محه‌مه‌د خورشید ده‌رباره‌ی پشتگیری له‌ یه‌كێتی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار رونیكرده‌وه‌ “یەكێتی هیچ كاندیدێكی دیاریكراوی ڕانەگەیاندووە تا ئێمە دژایەتی یاخود پاڵپشتی بكەین .. ناشمه‌وێ ئاماژە بەهیچ لایەنێك بكەم بەڵكو پێمانوایە ئەو پۆستە مافی كوردە و دەبێت وەریبگرینه‌وه‌ جا ئه‌و لایه‌نه‌ پارتی بێت یاخود یه‌كێتی”.

یه‌كێتی پێشتر رزگار عه‌لی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ پۆستی پارێزگار كاندید كرد و ئه‌گه‌ری گۆڕینی هه‌یه‌ به‌ خالید شوانی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یان رێبوار ته‌ها، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ به‌غدا.

جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی ئاشكرایكرد مەكتەبی سیاسی حزبه‌كه‌ی چه‌ندین ناوی بۆ ئه‌و پۆسته‌ پێشنیاركردووه‌ و ره‌نگه‌ له‌سه‌ر كه‌سێك كۆكبن، به‌ڵام هێشتا گفتوگۆكانی ئه‌و پرسه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود هۆشداری له‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر یه‌كریزی نه‌پارێزن ئه‌وا “ده‌كه‌وینه‌ به‌رده‌م شه‌پۆلی ناڕه‌زایی توندی میلله‌ت چونكه‌ بێزاری گەیشتۆتە بینەقاقایان وئەو دۆخە لەلایەنەكان قبوڵناكەن”.

هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی و پارتی له‌باره‌ی كه‌ركوكه‌وه‌، له‌ كاتێكدایه‌ شاره‌كه‌ لە بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدایە كە بڕیاردراوه‌ كۆتایی ئەمساڵ ئه‌نجامبدرێت، ئەوەش دوای 13 ساڵ دابڕان لەو پرۆسەیە، هه‌رچه‌نده‌ دیارنیه‌ به‌هۆی ناكۆكی پێكهاته‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت یاخود نا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن