ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك: رێگه‌ناده‌ین شاره‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر

September 12, 2018 at 8:25 pm

كه‌ركوك، 2013، خۆپیشاندانێكی هاوڵاتیانی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب دژی حكومه‌تی ئه‌وكاتی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك، جه‌خت له‌وه‌كه‌نه‌وه‌ رێگه‌ناده‌ن شاره‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر و سه‌رده‌می “هه‌ره‌شه‌ و شكست و تۆقاندن”، داواده‌كه‌ن دۆسیه‌ی ئه‌منیش هه‌ر له‌ ده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵیدا بمێنێته‌وه‌.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هات كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12ی ئه‌یلول بڵاویانكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵوێستی حزبه‌ كوردییه‌كان كه‌ داوای كۆتایهێنان به‌ “ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی”یان كردبوو له‌ كه‌ركوك.

“جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك بۆ به‌ر له مێژوی سه‌قامگیری و سه‌پاندنی ئیراده‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوودا”، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بیدا واهاتووه‌.

هه‌روه‌ها جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی رێگه‌ناده‌یه‌ن به‌ گه‌رانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ ئه‌و كاته‌ی ته‌نیا پێكهاته‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پێكهاته‌كانی تردا هه‌بوو، “رێگه‌ناده‌ین به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌زمونی ساڵانێك له‌ شكست، سڕینه‌وه‌، رفاندن، ده‌ستگیركردن، هه‌ڕه‌شه‌ .. تۆقاندن و راگواستن كه‌ شه‌قام و گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌ركوكی گرتبۆوه‌”.

ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك داواده‌كات دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگاكه‌ به‌ ده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵیه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ سزادانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی زیاده‌ڕۆییان ئه‌نجامدا یان تاوانیان هه‌بوو دژی هاوڵاتیان “به‌ دزینی شایسته‌كانیان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی مافه‌كانیان”، ئه‌وه‌ش به‌پێی یاسایه‌كی تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی دوو حزبه‌ سه‌ره‌كی “شكستیان هێنا له‌ ئیداره‌دانی كه‌ركوك”.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی عه‌ره‌بی كه‌ركوك دوای ئه‌وه‌دێت هه‌ر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، به‌ره‌ی توركمانی رایگه‌یاند ئاماژه‌دان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پارێزگاكه‌ بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر مانای خۆسه‌پاندنی ئه‌منی دێت و ده‌یانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ “تیرۆر و هێرشكردن”، له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌وان باوه‌ڕیان به‌ گفتوگۆ و پێكه‌وه‌ژیان و ئیداره‌دانی هاوبه‌ش هه‌یه.

حزبه‌ كوردییه‌كانی كه‌ركوك سێشه‌ممه‌ 11ی ئه‌یلول له‌ ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر – خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك- كۆبونه‌وه‌ و بڕیاردرا به ‌گفتوگۆی زیاتر و خۆسازدان بۆ یه‌كلیستی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه‌ بڕیاره‌ كۆتایی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵده‌ده‌ن كۆبونه‌وه‌ی ده‌وری حزبه‌كان چالاكبكرێت كه‌ ساڵێكه‌ به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی په‌كیكه‌وتوه‌.

حزبه‌ كوردییه‌كان داوایان له‌ حكومه‌تی عیراق كرد “ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی له‌ كه‌ركوك كۆتایی پێبهێنێت و پرۆسه‌ی ته‌عریب رابگیرێت كه‌ له‌ئێستادا به‌ فراوانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت”، به‌پێی راگه‌یه‌نراوهی كۆبونه‌وه‌كه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن