خوێندنگه‌ كوردییه‌كانی دوزخورماتوو به‌ره‌و چۆڵی ده‌چن

September 14, 2018 at 12:03 pm

هه‌رێمی كوردستان، 2017، هاوكاریكردنی خوێندكارانی ئاواره‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ری دوزخورماتو و كه‌ركوك له كه‌مپه‌كاندا فۆتۆ: ده‌زگای خێرخوازی بارزانی

ژینۆ خه‌لیل – سه‌ڵاحه‌دین

مه‌روان جارێكیتر منداڵه‌كه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ بۆ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستپێكێكی نوێ له‌ خوێندنه‌وه‌ی عه‌ره‌بیه‌وه‌ ده‌ستپێبكات، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ساڵی به‌ خوێندنی كوردی برده‌سه‌ر.

“ئەمساڵ دوبارە لە پۆلی یەكەوە خستمە بەر خوێندنی عەرەبی چونكە لەخوێندنی عەرەبیدا دەوامی تەواو دەكرێت ‌و مامۆستای هەمو وانەكان هەیە”، مه‌روان خورشید (38 ساڵ)، وای وت.

ئه‌و هاوڵاتیه‌ كورده‌ی دانیشتوی قه‌زای دوزخورماتوو، بڕیاره‌كه‌ی به‌ خواستی خۆی نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌هۆی كاریگه‌ری روداوه‌كانی ساڵی رابردووه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هێشتا ده‌یان مامۆستا و خوێندكار له‌ ئاواره‌ییدا ماونه‌ته‌وه‌.

منداڵه‌كه‌ی مه‌روان له‌ یه‌كه‌م ساڵی خوێندنیدا له‌ خوێندنگه‌یه‌كی كوردی دانرابوو، به‌ڵام نه‌بونی ده‌وام و كێشه‌كانی تری ئه‌و سنوره‌، وایكرد كه‌مترین سود له‌ وانه‌كان وه‌ربگرێت.

وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت “لەهەفتەیەكدا دو ڕۆژ دەومیان دەكرد، مامۆستای وانەكانیان نەبو بەتەواوی، بۆیه‌ زانیم منداڵەكەم سودی وەرنەگرتوە‌و هیچ فێر نەبوە”.

دوزخورماتوو/19-10-2017/ ئاواره‌كانی قه‌زاكه‌ له‌ سنوری گوندی ئومەرسۆفی سەر بە ناحیەی نەجول له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی دوزخورماتوو فۆتۆ: عه‌لی مه‌حمود

ده‌ستپێكردنی خوێندنی نوێی ئه‌مساڵ له‌ دوزخورماتوو، له‌ كاتێكدایه‌ زۆربه‌ی كێشه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان، به‌تایبه‌ت بۆ خوێندنی كوردی وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە، هه‌زاران خێزانی كوردی قه‌زاكه‌، له‌ نێویاندا مامۆستایان ئاواره‌بون به‌خۆی دروستبونی بارگرژی له‌گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان، هه‌رئه‌وكاتیش به‌شێكی زۆریان لە هەرێمی كوردستان درێژەیان بە خوێندن دا‌.

سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە دوزخورماتوو ئاشكرایكرد، تائێستا سه‌دا 60ی خه‌ڵكی سنوره‌كه‌ به‌ مامۆستایانه‌وه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بێهێوایی له‌ خوێندنی كوردی دروستبووه‌ و روو له‌ خوێندنی عه‌ره‌بی ده‌كرێت.

فه‌ره‌یدون قادر بۆ (كه‌ركوك ناو) نمونه‌ی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه‌ ساڵی رابردو به‌هۆی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، رێژه‌ی ده‌رچون له‌ خوێندنی كوردی سه‌دا 2 بووه‌، چونكه‌ ده‌وامی خوێندنگه‌كان بۆ سێ مانگ راگیرابوو.

له‌ بارگرژییه‌كانی دوزخورماتودا، نزیكه‌ی 800 مامۆستا و زیاتر له‌ سێ هه‌زار خوێندكاری خوێندنی كوردی ئاواره‌بون، به‌پێی ئاماره‌كانی په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكه‌.

محێدین فواد محێدین، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی شه‌فه‌قی بنه‌ڕه‌تی له‌ دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “لەقوتابخانەكەماندا لەكۆی 80 قوتابی 12یان ناویان بۆخوێندنی كوردی تۆماركردوە، خوێندكاریشمان هەیە لەخوێندنی كوردییەوە داوادەكەن بچنە خوێندنی عەرەبی”.

دوزخورماتوو، 19-3-2018، گەڕەكێكی ناوەندی قەزای دوزخورماتوو فۆتۆ: كەركوك ناو

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ته‌نیا ساڵی رابردو، 40 خوێندكاریان به‌هۆی روداوه‌كانه‌وه‌ خوێندنیان فه‌وتاوه‌ كاتێك ئاواره‌بون و به‌شێك له‌ خێزانه‌كانیش، هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

خوێندنی كوردی له‌ ساڵی 2003و دوای روخانی رژێمی به‌عس كه‌ سه‌دام حوسێن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، له‌ ناوچه‌كانی تری جێناكۆك ده‌ستیپێكرد، پێش ئه‌وه‌ واده‌یه‌ قه‌ده‌غه‌بوو.

دۆخه‌كه‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ش هاوشێوه‌ی دوزخورماتووه‌، بۆ ئه‌مساڵی خوێندن له‌ كه‌ركوك سێ هه‌زار منداڵ كه‌متر له‌ ساڵی رابردو ناوی خۆیان بۆ خوێندنی كوردی تۆماركردوه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێك كه‌ دراوه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو).

سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی له‌ دوزخورماتوو ده‌ڵێت له‌ كێشه‌كانی دیكه‌یان خراپی باڵه‌خانه‌ی خوێندنگه‌كانه‌، له‌گه‌ڵ كه‌می رێژه‌ی مامۆستا.

فەرەیدون قادر وتی “ئەمساڵ دەرگای خوێندنی كوردی بەڕوی خوێندكاردا كراوەتەوە، ئەمە شتێكی تازە نییە خەڵك منداڵیان بخەنە بەر خوێندنی عەرەبی، ساڵانی پێشوتریش هه‌بووه‌ و .. خەڵك لەوەدا ئازادە”.

هه‌شت هه‌زار مامۆستا كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خوێندنی كوردی له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك موچه‌یان پێده‌درێت چوار ساڵه‌ كێشه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌كانیان و دواكه‌وتنیان هه‌یه‌، به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند جارێك بایكۆتی پرۆسه‌ی خوێندنیان كردوه‌.

قەزای دوزخورماتوو سەر بە پارێزگا سەڵاحەدین، یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكدێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن