چه‌كدارانی نه‌ناسراو دوو هاوڵاتی گوندێكی قه‌زای داقوقیان رفاند

September 13, 2018 at 9:40 am

كه‌ركوك/12ی ئابی 2018/ رێگاوبان و گونده‌كانی نێوان قه‌زای داقوق و حه‌ویجه‌ دوای چوار ساڵ له‌ شه‌ڕی داعش هێشتا ئاوه‌دان نه‌بونه‌ته‌وه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

چه‌كدارانی نه‌ناسراو هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر هه‌ردوو گوندی دارا و مه‌سنور له‌ قه‌زای داقوق و دوو هاوڵاتی كه‌ یه‌كێكیان كارمه‌ندی حكومییه‌ ده‌ڕفێنن.

روداوه‌كه‌ كاتژمێر 10:45ی ده‌قه‌ی شه‌وی رابردوو رویدا، سه‌ره‌تا چه‌كداره‌كان ته‌قه‌یه‌كی زۆریان به‌سه‌ر ئه‌و دوو گونده‌دا كردوه‌ (44كم باشوری كه‌ركوك)، دواتر چونه‌ته‌ ناو گونده‌كه‌وه‌ و ئه‌و دوو هاوڵاتییه‌یان رفاندوه‌.

ئیدریس عادل، جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبەندی کەرکوکی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان كه‌ خۆی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێمه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ داعش بون، چونه‌ته‌ ناوچەی هەفتەغار له‌وانه‌ش هه‌ردوو گوندی دارا و مەنسور، دوای تەقەیەکی زۆر چونەتە سەر بنکەی تەندروستی هەفتەغار و كارمه‌ندێكی ئه‌و بنكه‌یان رفاندوه‌ كه‌ شۆفێری ئه‌مبوڵانسه‌‌”.

هاوكات هاوڵاتییه‌كی تری ئه‌و ناوچه‌یه‌یان رفاندوه‌ و هه‌ڵاتون، تائێستاش چارنوسیان نادیاره‌.

دوای روداوه‌كه‌ هێزێكی زۆری پۆلیسی فیدراڵی چونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ بۆ گه‌ڕان و پشكنين.

ناوچەى هەفتەغار كه‌ ماوه‌ی ساڵێكه‌ هێرش و توندوتیژی تیایدا به‌رده‌وامی هه‌یه‌، له‌ سێ گوند پێكدێت و دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن به‌ 15 هه‌زار كه‌س مه‌زنده‌ده‌كرێن، ناوچه‌كه‌ سه‌ر به ‌قەزای داقوقه‌ (44كم باشوری كه‌ركوك).

قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به‌ داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی.

گه‌نجانی هه‌فته‌غار چه‌ك هه‌ڵده‌گرن

داعش له‌ داقوق خانه‌خوێیه‌ و كاكه‌یی ئامانجەکەیە

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن