ئێسك و پروسكی “سێ پێشمه‌رگه‌”ی شه‌ڕی داعش‌ له‌ حه‌ویجه‌ دۆزرانه‌وه‌

September 13, 2018 at 10:46 am

كه‌ركوك/ناسنامه‌ی سێ پێشمه‌رگه‌و هاوڵاتییه‌كی خه‌ڵكی پارێزگای زیقار، كه‌ له‌ حه‌ویجه‌و له‌گه‌ڵ ئیسك و پروسكدا دۆزرانه‌وه‌

کاروان ساڵحى – کەركوك

هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ئیسك و پروسكی “سێ پێشمه‌رگه‌”یان له‌ ناوچەى پیشەسازى قه‌زای حه‌ویجه‌ دۆزییه‌وه‌ كه‌ له‌ مانگی ئه‌یلولی 2014ه‌وه‌ له‌ هێرشێكی داعشدا بۆ سنوری كه‌ركوك بێسه‌روشوێن بون.

عەقید حسێن عەلى نەجم (ئەبو جەلۆ) فه‌رمانده‌ له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “چوارشەممە 12ی ئه‌یلول لەکاتى پاککردنەوەى گەڕەکى 8ی شوبات لە نزیک ناوچەى پیشەسازى حەویجە لەنێو یەکێک لە خانوە تەواونەکراوەکاندا ئێسک و پروسکی چه‌ند كه‌سێكمان دۆزییه‌وه‌، دیاربوو قۆڵیان به‌سترابوو، لەنێو کەلوپەلەکانیاندا ناسنامەى وەزارەتى پێشمەرگەیان پێبوو”.

لەنێو کەلوپەلەکانیاندا ناسنامەى وەزارەتى پێشمەرگەیان پێبوو

هه‌ر له‌ناو ئه‌و خانوه‌دا ناسنامه‌ی هاوڵاتییه‌كی خه‌ڵكی پارێزگاى زیقار دۆزراوه‌ته‌وه‌.

پۆلیسی قه‌زای حه‌ویجه‌ ئیسك و پروسكه‌كانیان هه‌ڵگرتۆته‌وه‌ و ره‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری كه‌ركوكیان كردوه‌.

“ئەو گەڕه‌کە لە دواى کۆنترۆڵکردنەوەى قەزاى حەویجە له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری رابردوه‌وه‌ بەوردی نەپشکێنراوە”، عه‌قید حسێن وایوت.

سەرچاوەیەک له‌ پزیشکى دادوەرى کەرکوک به‌ (كه‌ر‌كوك ناو)ی وت “بۆ ئه‌وه‌ی ئیسك و پروسكه‌كان لێكجیابكه‌ینه‌وه‌ و دڵنیابین له‌ ناسنامه‌یان ره‌وانەى بەغدایان ده‌كه‌ین بۆ پشكنینی (DNA)، دواتر راده‌ستی كه‌سوكاریان ده‌كه‌ینه‌وه‌”.

بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین له‌ ناسنامه‌یان ره‌وانەى بەغدایان ده‌كه‌ین بۆ پشكنینی (DNA)

كه‌سوكاریان دوای بینینی ناسنامه‌كان له‌ئێستادا له‌ پزیشكی دادوه‌ری كه‌ركوكن.

لیوا محمەد حاجی قادر، لێپرسراوی میحوه‌ری داقوق بوو له‌ چوار ساڵی شه‌ری داعش، دوای ئه‌وه‌ی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) له‌ڕێی مه‌سنجه‌ره‌وه ‌وێنه‌ی ناسنامه‌كانی بۆ نارد، وتی “به‌ڵێ ئه‌مانه‌ پێشمه‌رگه‌ی ئیمه‌ بون، نۆ پێشمه‌رگه‌مان له‌ مانگی ئه‌یلولی ساڵى 2014 لەکاتى هێرشکردن بۆ گوندى وەحدە له‌ قه‌زای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك) شه‌هید بون و كه‌وتنه‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش، ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌و شه‌ڕه‌ شه‌هیدبون”.

كه‌ركوك/18ی كانونی دووه‌می 2015/ ساتی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی گوندی وه‌حده‌، ئه‌و گونده‌ی ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌ی لێ بێسه‌روشوێن بوو كه‌ چوارشه‌ممه‌ ئیسك پروسكیان دۆزرایه‌وه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لیوا محه‌مه‌د ده‌ڵێت “داعش رۆژێك دوای ئه‌و هێرشه‌ لەنێو قەزای حه‌ویجه‌ سوكایه‌تی به‌ ته‌رمه‌كان ده‌كرد و نمایشی ده‌كردن”.

به‌پێی ناسنامه‌كانیان ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ سه‌ر به‌ لیواى نۆی وەزارەتى پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن، به‌ڵام هێشتا رون نییه‌ ئایا به‌ برینداری كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ست داعش یان نا.

“دەستخۆشی لە ستافی (کەرکوک ناو) دەکەین کە ئه‌و زانیارییانه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ڕێیه‌وه‌ ده‌توانین كه‌سوكاریان ئاگاداربكه‌ینه‌وه‌”، لیوا محه‌مه‌د حاجی وایوت.

(كه‌ركوك ناو)، قسه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌دا كرد كه‌ ناویان له‌ ناسنامه‌كه‌دا هاتوه‌ و جه‌ختیانكرده‌وه‌ كه‌ له‌ پزیشكی دادوه‌ری كه‌ركوك پێیانوتراوه‌ تا یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو چاوه‌ڕێ بكه‌ن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن