ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا: چه‌ند ملیۆنێك دۆلار له‌ زانكۆی موسڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌

September 13, 2018 at 5:48 pm

نه‌ینه‌وا، 2018، هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی موسڵ فۆتۆ: راگه‌یاندنی زانكۆ

ئه‌حمه‌د زه‌یدی – نه‌ینه‌وا

له‌ كاتی پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی زانكۆی موسڵ، چه‌ند ملیۆنێك دۆلار ده‌دۆزرێته‌وه‌ و تائێستاش نازانرێت موڵكی چه‌كدارانی داعش بووه‌ یاخود نا، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا.

زانكۆی موسڵ، له‌ دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ له‌ ده‌ستی داعش پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ده‌ستیپێكردووه‌، تائێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

عاید لوێزی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ زانیاری گه‌یشتووه‌ به‌ ئه‌نجومه‌ن و پارێزگار كه‌ یه‌كێك له‌ به‌ڵێنده‌ره‌كان له‌ كاتی كاركردنی ئامێره‌كانیاندا بۆ هه‌ڵكه‌ندی شوێنێك له‌ناو زانكۆی موسڵ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆری حه‌شاردراویان دۆزییوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌ وته‌ی لوێزی، دۆلار بووه‌، سه‌ره‌تا وتراوه‌ پێنج ملیۆن دۆلاره‌ و دواتر قسه‌یه‌كی تر هه‌بووه‌ ته‌نیا دوو ملیۆن دۆلاره‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌ڵێت پێویسته‌ لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدراه‌كان بۆ زانینی بڕی راسته‌قینه‌ی پاره‌كه‌ و خه‌رجكردنه‌وه‌ی بۆ پارێزگای نه‌ینه‌وا و خه‌ڵكه‌كه‌ی.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی تائێستا نازانرێت ئه‌و پاره‌یه‌، هی كێیه‌ و بۆ كام لایه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌وپێه‌ی بۆ چه‌ند ساڵێكیش زانكۆی موسڵ یه‌كێك بووه‌ له‌ ناوه‌نده‌ سه‌ره‌كییه‌كانی چه‌كدارانی داعش.

له‌ ته‌مموزی رابردوودا، هێزه‌ عیراقییه‌كان توانییان كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی داعش بهێنن له‌ موسڵ، دوای ئه‌وه‌ی له‌ حوزه‌یرانی 2014دا ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت، به‌ڵام به‌ ته‌واوی ژیان و سه‌قامگیری بۆ ئه‌و شاره‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

شاری موسڵ، ساڵێكه‌ دووره‌ له‌ حوكمڕانی داعش به‌ڵام هێشتا گیرۆده‌ی پاشماوه‌ی شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌ له‌ وێرانكاریی، ته‌رمه‌ به‌جێماوه‌كان و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانێكی ئاسایی.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن