توركمان و عه‌ره‌ب: يان مه‌رجه‌كانمان یان بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان

September 13, 2018 at 9:34 pm

كه‌ركوك/15ی نیسانی 2018/ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌نێو پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ به‌ئاسایی به‌ڕێوه‌چوو فۆتۆ: كاروان سالحی

ئیبراهیم عه‌لی – كه‌ركوك

حزبه‌ توركمانیی و عه‌ره‌بیه‌كانی كه‌ركوك، هێشتا كاریكه‌ری گومانه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی ئه‌مساڵ به‌سه‌ریانه‌وه‌ ماوه‌ و نایانه‌وێت هه‌مان كێشه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیشدا دوباره‌ببێته‌وه‌، بۆیه‌ چه‌ند مه‌رجێكیان هه‌یه‌ و له‌ پشتگوێخستنیدا ره‌نگه‌ بایكۆتی پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن.

سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ترسه‌ له‌ ساخته‌كاری لای به‌شێك له‌ حزبه‌كان له‌كاتێكدایه‌، پێكهاته‌كانی كه‌ركوك ئه‌مساڵ بۆ یه‌كه‌مجار و دوای چه‌ندین ساڵ له‌ ناكۆكی رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌، كه‌ له‌ ساڵی 2005وه‌ ئه‌نجامنه‌دراوه‌.

“ئه‌وه‌ی له‌ دواین هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنی رویدا كه‌ پاری پێكرا، وای له‌ ده‌نگده‌ری كه‌ركوكی كرد پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ سیناریۆ و شانۆیی بزانێت.. بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی نوێ گره‌نتی دوباره‌نه‌بونه‌وه‌ی ساخته‌كاری بدات و هه‌یلكه‌لیه‌تی نوسینگه‌ی كۆمسیۆن دابڕێژێته‌وه‌” ئه‌حمه‌د ره‌مزی، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ره‌ی توركمانی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

به‌ره‌ی توركمانی و پارته‌كانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك، دوابه‌دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵی عیراق له‌ شاره‌كه‌ مانگرتنیان بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك راگه‌یاند به‌ گومانی ساخته‌كاری، دواتر به‌ هۆی بڕیاری هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان ناڕه‌زاییه‌كانیان راگرت.

محه‌مه‌د سه‌معان، لێپرسراوی رێكخستنه‌كانی به‌ره‌ی توركمانی باسی له‌ تێبینییه‌كانیان كرد ده‌رباره‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان و ده‌ڵێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ وایكردووه‌، ئه‌وان و عه‌ره‌ب له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بترسن.

سه‌معان له‌رێی (كه‌ركوك ناو)وه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ ئه‌وان رێگه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ناده‌ن به‌وشێوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر چاو به‌ نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆندا نه‌خشێندرێته‌وه‌، گره‌نتی پرۆسه‌كه‌ نه‌كرێت و ماده‌ی 23ی ده‌ستور تایبه‌ت به‌دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ یه‌كسانی به‌سه‌ر پێكهاته‌كاندا جێبه‌جێنه‌كرێت.

كەركوك، 23-3-2018، ئاهەنگ ‌و سەیرانی وەزری بەهاری بەشێك لە توركمانەكان لەسەر قەڵا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بڕیاریدا بە دیاریكردنی 22-12ی ئەمساڵ بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، به‌ڵام هێشتا له‌ كه‌ركوك دڵنیایی بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ له‌ كه‌ركوك نیه‌.

ره‌مله‌ حه‌مید، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنێكی ساخته‌ و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی به‌شێك له‌ده‌نگه‌كان جۆرێك له‌ ترسی لای ده‌نگده‌ران دروستكردوه‌، به‌ تایبه‌ت لای پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب”.

پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی رویداوه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا، چونكه‌ متمانه‌ لای ده‌نگده‌ران كه‌مبۆته‌وه‌، چونكه‌ ده‌نگه‌كه‌ی به‌ فیڕۆ چووه‌ وه‌كو ره‌مله‌ ده‌ڵێت.

هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان، به‌پێی بڕیاری په‌رله‌مانی عیراق و له‌سه‌ر رێنماییه‌كانی دادگای فیدراڵی، ته‌نیا بۆ ئه‌و سندوقانه‌ بوو كه‌ گومانی ساخته‌كاری و سكاڵای له‌سه‌ر بوو، ئه‌وه‌ش بوه‌ جێی ناڕه‌زایی عه‌ره‌ب و توركمانی كه‌ركوك، داوایانكرد پرۆسه‌كه‌ هه‌موو ده‌نگه‌كان بگرێته‌وه‌.

مه‌حمود زێدان، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دۆخی كۆمسیۆن له‌ كه‌ركوك هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ به‌هۆی روداوه‌كانی دوین هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی داوای پێداچونه‌وه‌ به‌ كاره‌كانی كۆمسیۆن ده‌كرێت به‌ ئامانجی نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا”.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر كۆمسیۆنی ئێستا وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا رێكاری تر ده‌گرنه‌به‌ر “بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌هۆی كۆمسیۆنه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ رێكاره‌كانی به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی”.

كه‌ركوك، 12-5-2018، ده‌نگدانی گشتی بۆ په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

پێكهاته‌كانی كه‌ركوك له‌ خولی سێیه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، سه‌ره‌تای ئازاری ئه‌مساڵ رێككه‌وتن له‌سه‌ر سێ خاڵ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ له‌‌مساڵدا، له‌ نێویاندا پێداچونه‌وه به‌ تۆماری ده‌نگده‌ران، دابه‌شكردنی پۆسته‌كان و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كانی كه‌ركوك.

محه‌مه‌د كه‌مال، سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ ده‌كرێت هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دوابخرێت به‌هۆی دواكه‌وتنی دانیشتنه‌ ئاساییه‌كانی په‌رله‌مانی نوێ، كۆمسیۆنیش كاتی ده‌وێت بۆ رێكاری ئه‌منی و ئیداری بۆ ئاماده‌كاری هه‌ڵبژاردن، له‌ ئێستاشدا كه‌ هیچ نه‌كراوه‌ كات بۆ ئاماده‌كارییه‌كان كه‌مه‌.

ئه‌وه‌شی وت “وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان پێمانوایه‌ كه‌ركوك شارێكی داگیركراوه‌ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه‌، به‌وشێوه‌یه‌ش به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ناكه‌ین”.

حزبه‌ كوردییه‌كانی كه‌ركوك، له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌یاندا 11ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكی شاره‌كه‌ كۆبونه‌وه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ رێككه‌وتنێك و ته‌نیا داوایانكرد، هه‌مویان به‌ یه‌كلیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بكه‌ن.

جه‌مال شكور، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ واده‌ی خۆی ئه‌نجامده‌درێت وه‌كو په‌رله‌مان بڕیاری لێداوه‌ له‌ نێویاندا كه‌ركوك”، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی به‌شداری پرۆسه‌كه‌ ده‌كات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی له‌ بایه‌خی نیگه‌رانییه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر گومانیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی رابردوو هه‌بووه‌ بۆچی داوای پۆست و به‌شداری ده‌كه‌ن له‌ حكومه‌تی نوێ عیراق به‌پێی ئه‌نجامی ئه‌و پرۆسه‌یه‌، ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ گۆڕینی به‌رێوه‌به‌ری كۆمسیۆنی شاره‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای تائیفی ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌و هه‌نگاوه‌ش له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدادایه‌ ئه‌گه‌ر تێبینییان هه‌بوو.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە 13 ساڵە لەو پرۆسەدا بەشدارنییە، ئه‌وه‌ش بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند مادده‌یه‌ك، له‌ نێویاندا تۆماری ده‌نگده‌ران و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی دانیشتوانی كه‌ركوك.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن