ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌ی ئێسك و پروسكیان دۆزرایه‌وه‌ به‌دیل كه‌وتبونه‌ ده‌ست داعش

September 15, 2018 at 12:55 pm

كه‌ركوك/18ی كانونی دووه‌می 2015/ ساتی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی گوندی وه‌حده‌، ئه‌و گونده‌ی ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌ی لێ بێسه‌روشوێن بوو كه‌ چوارشه‌ممه‌ ئیسك پروسكیان دۆزرایه‌وه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

سۆران محەمەد- كه‌ركوك

ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌ی ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ ئێسك و پروسك و ناسنامه‌كانیان دۆزرانه‌وه‌، چوارساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌برینداری كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ست داعش، دوای ئه‌وه‌ی له‌شه‌ڕه‌كه‌دا فیشه‌كیان پێنه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی وته‌ی نوێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان و كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌كان.

12ی ئه‌یلول هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ئیسك و پروسكی “سێ پێشمه‌رگه‌”یان له‌ ناوچەى پیشەسازى قه‌زای حه‌ویجه‌ دۆزییه‌وه‌ كه‌ له‌ مانگی ئه‌یلولی 2014ه‌وه‌ له‌ هێرشێكی داعشدا بۆ سنوری كه‌ركوك بێسه‌روشوێن بون.

ئێسك و پروسكی “سێ پێشمه‌رگه‌”ی شه‌ڕی داعش‌ له‌ حه‌ویجه‌ دۆزرانه‌وه‌

سەید عیرفان، نوێنەری کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانی لای داعش، بە (کەرکوک ناو)ی وت “ئەو سێ پێشمەرگەیە، سەر بە لیوای 9ی هێزەکانی پێشمەرگەن، لە ساڵی 2014 دەوامیان لە گوندی وەحدە بوو لە سنوری قەزای داقوق، لە شەڕێکدا به‌ برینداری کەوتنه‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش”.

نوێنه‌ری كه‌سوكاری پیشمه‌رگه‌ دیله‌كان، ناسنامه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی ئاشكراكرد و جه‌ختیكرده‌وه‌، رەجەب حەسەن شاهین و هۆشەنگ عه‌بدولڕه‌حمان دانیشتوی قەزای خەبات بون لە پارێزگای هەولێر، نەقیب زیاد حەسەن دانیشتوی قەزای كۆیه‌ بوو.

عبدولڕحمان شاهین، باوکی یه‌كێك له‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “رۆژی 30ی ئه‌یلولی 2014، کاتژمێر 5ی بەیانی تەلەفۆنم بۆ هۆشەنگ کرد، پێی وتم داعش هێرشی کردوه‌و تێکشکاوە لە ئێستادا دۆخەکە ئاساییە، کاتژمێر 9ی بەیانی هەمان رۆژ تەلەفۆنم بۆیکرد، دیاربوو دۆخەکە ئاسایی نه‌بوو، هۆشەنگ پێی وتم کە دوەرمان گیراوه‌و گەمارۆدراوین و چەک و تەقەمنیمان لێ بڕاوە”.

“بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی رزگاربکات تەلەفۆنەکەم داخست، تا ئەوەی من سەرقاڵی نەکەم، دواتر مۆبایلەکەی داخرا نزیکی ئێوارە تەلەفۆنم کرده‌وە، کەسێک بە عەرەبی وەڵامی دایەوە وتی هۆشه‌نگ برینداره‌ و ئێستا لە ماڵێکە لە قەزای حەویجە”، عه‌بدولڕه‌حمان باوكی هۆشه‌نگ وایوت.

نزیک ئێوارە تەلەفۆنم کرده‌وە، کەسێک بە عەرەبی وەڵامی دایەوە وتی هۆشه‌نگ برینداره‌ و ئێستا لە ماڵێکە لە قەزای حەویجە

پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو كاتێك ناسنامه‌كانیان بڵاوده‌بێته‌وه‌، عه‌بدولڕه‌حمان خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ كه‌ركوك، كاتێك ئیسك و پروسكی ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه له‌ پزیشكی دادوه‌ری كه‌ركوك ده‌بێت.‌

“زانیارییە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە یەکێکیان کۆڕەکەی منە، پێیانوتوین بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA ئێسک و پروسکی ئەو سێ کەسە رەوانەی بەغدا دەکرێن بۆ ئەوەی ئەنجامی کۆتایی دەربکەوێت لەسەر ناسنامەیان”، عه‌بدولڕه‌حمان وایوت.

ئەکرەم حەسەن، برای نه‌قیب رەجەب كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌ی ناسنامه‌كه‌یان دۆزراوه‌ته‌وه‌، وتی “ئێمه‌ش چوینه‌ پزیشكی دادوه‌ری كه‌ركوك و چاوه‌ڕێی پشكنینی كۆتایین… براكه‌م خاوه‌نی منداڵێكه‌ و لە شەڕی گوندی وەحدە – به‌دوری 44كم باشوری كه‌ركوك- بێسه‌روشوێن بوو”.

براكه‌م خاوه‌نی منداڵێكه‌ و لە شەڕی گوندی وەحدە – به‌دوری 44كم باشوری كه‌ركوك- بێسه‌روشوێن بوو

به‌پێی ئامارێكی نوێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان، 62 پێشمەرگە لە شەڕی داعش لە ناوچە جیاجاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بەدیل كەوتنە دەست داعش و چارەنوسیان نادیارە.

پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، عەقید حسێن عەلى نەجم (ئەبو جەلۆ) فه‌رمانده‌ له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “لەکاتى پاککردنەوەى گەڕەکى 8ی شوبات لە نزیک ناوچەى پیشەسازى حەویجە لەنێو یەکێک لە خانوە تەواونەکراوەکاندا ئێسک و پروسکی چه‌ند كه‌سێكمان دۆزییه‌وه‌، دیاربوو قۆڵیان به‌سترابوو، لەنێو کەلوپەلەکانیاندا ناسنامەى وەزارەتى پێشمەرگەیان پێبوو”.

كه‌ركوك/خۆپیشاندانێكی كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان كه‌ داوای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی رۆڵه‌كانیان ده‌كه‌ن فۆتۆ: كاروان ساڵحی

هه‌ر له‌ناو ئه‌و خانوه‌دا ناسنامه‌ی هاوڵاتییه‌كی خه‌ڵكی پارێزگاى زیقار دۆزراوه‌ته‌وه‌.

كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان چه‌ندجارێك له‌ ‌به‌رده‌م په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، بینای پارێزگای كه‌ركوك و باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانی له‌ هه‌ولێر گردبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و داوای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیان ده‌كه‌ن،‌ به‌ڵام بێ ئه‌نجام بووه‌.

وه‌زیری داد و لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مان كۆده‌بنه‌وه‌کەسوكاری پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان وه‌ڵامی كۆتاییان ده‌وێت

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن