دوو كاندیدی ناوچه‌كانی جێناكۆك كشانه‌وه‌

September 15, 2018 at 12:49 pm

به‌غدا/3ی ئه‌یلولی 2018/ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران

كه‌ركوك ناو

له‌كۆی پێنج كاندیدی ناوچه‌كانی جێناكۆك بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق، دوانیان كشانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ ده‌ستپێكی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان كه‌ نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ده‌ستیپێكرد.

له‌ده‌ستپێكی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا، محەممەد عەلی زەینی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عیراق، دەرگای خۆكاندیدكردنی به‌سه‌ر په‌رله‌مانتاراندا بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان داخست، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌ له‌ محه‌مه‌د ته‌میم نوێنه‌ری كه‌ركوك، ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا خه‌ڵه‌ف جبوری (ئه‌بو مازن)، پارێزگاری پێشوی سه‌ڵاحه‌دین كشانه‌وه‌.

له‌ئێستادا هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئوسامه‌ نوجه‌یفی، ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا محه‌مه‌د جبوری و خالید عوبه‌یدی له‌ پارێزگای نه‌ینه‌واو هه‌ریه‌كه‌ رعد دهله‌كی، محه‌مه‌د خالیدی و محه‌مه‌د حه‌لبوسی له‌پارێزگاكانی تری عیراق خۆیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید كردوه‌.

ئه‌و دانیشتنه‌ی په‌رله‌مانی عیراق، دوای ئه‌وه‌دێت له‌ دوو دانیشتنی هه‌فته‌كانی رابردوی په‌رله‌مانی عیراقدا نه‌توانرا پۆسته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگره‌كانی هه‌ڵبژێرێت و گفتوگۆی ئه‌و پرسه‌ی دواخرا بۆ دانیشتنی 15ی ئه‌یلول.

محه‌مه‌د ته‌میم نوێنه‌ری كه‌ركوك، ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا جبوری، نوێنه‌ری سه‌ڵاحه‌دین لای راستی وێنه‌كه‌ له‌خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق كشانه‌وه‌

سه‌رۆكی به‌ ته‌مه‌نی په‌رله‌مان له‌دانیشتنی پێشودا بڕیاریدا دانیشتنی په‌رله‌مان به‌ كراوه‌یی بمێنێته‌وه.

به‌پێی ده‌ستوری عیراق پێویسته‌ له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌ماندا سه‌رۆك و جێگرانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێن.

په‌رله‌مانی نوێ وه‌كو له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌، ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 30 رۆژدا سه‌رۆك كۆماری نوێ هه‌ڵبژێرێت و سه‌رۆك كۆماریش له‌ 15 رۆژدا كاندیدی گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت رابسپێرێت، به‌ مه‌رجێك له‌ 30 رۆژدا پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی بباته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان تا متمانه‌ی پێبدرێت.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن