محه‌مه‌د حه‌لبوسی به‌سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق هه‌ڵبژێردرا

September 15, 2018 at 3:22 pm

محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مانی عیراق

كه‌ركوك ناو

محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سیاسه‌تمه‌داری سوننه‌ به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق هه‌ڵبژێردرا، ئه‌وه‌ش له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عیراقدا دوای سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر ركابه‌ره‌كانی.

ركابه‌رییه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ له‌نێوان سێ كاندیدی سوننه‌كان بون، ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئوسامه‌ نوجه‌یفی، خالید عوبه‌یدی و محه‌مه‌د حه‌لبوسی بون.

ده‌نگدانه‌كه‌ به‌نهێنی به‌ڕێوه‌چوو، تیاید حه‌لبوسی توانی 169 ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنیت، به‌وه‌ش بوه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق، له‌به‌رامبه‌ردا خالید عوبه‌یدی 89 ده‌نگ و ئوسامه‌ نوجه‌یفی 19 ده‌نگ.

حه‌لبوسی كێیه‌؟

  • ئه‌ندازیار محه‌مه‌د رێكان حه‌لبوسی، لەساڵی 1982 لە قەزای گەرمە لە پارێزگای ئەنبار لە دایکبووە
  • خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌ له‌ ئه‌ندازیاریی و زانكۆی موسته‌نسرییه‌ی له‌ به‌غدا ته‌واوكردوه‌.
  • له‌ خولی پێشودا ئەندامی پەرلەمانی عیراق بوه‌ و هه‌ینی رابردو وه‌ك كاندیدی میحوه‌ری وەتەنی دیاریكرا بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق.
  • حه‌لبوسی ماوه‌یه‌ك پۆستی پارێزگاری ئه‌نباری هه‌بوه
  • له‌هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ لیسته‌كه‌ی زۆرترین ده‌نگی له‌ ئه‌نبار به‌ده‌ستهێنا.

له‌دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌دا له‌ كۆی پێنج كاندیدی ناوچه‌كانی جێناكۆك بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق، دوانیان سه‌ره‌تا كشانه‌وه‌، ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌ محه‌مه‌د ته‌میم نوێنه‌ری كه‌ركوك، ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا خه‌ڵه‌ف جبوری (ئه‌بو مازن)، پارێزگاری پێشوی سه‌ڵاحه‌دین.

هه‌ریه‌كه له‌ ئوسامه‌ نوجه‌یفی، ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا محه‌مه‌د جبوری و خالید عوبه‌یدی-یش له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا نه‌یانتوانی ده‌نگی پێویست بهێنن.

ئه‌نجامی ده‌نگدانی نهێنی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق

په‌رله‌مانی نوێ وه‌كو له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌، ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 30 رۆژدا سه‌رۆك كۆماری نوێ هه‌ڵبژێرێت و سه‌رۆك كۆماریش له‌ 15 رۆژدا كاندیدی گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت رابسپێرێت، به‌ مه‌رجێك له‌ 30 رۆژدا پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی بباته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان تا متمانه‌ی پێبدرێت.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن