رێوڕەسمی جه‌مایا چۆن به‌ڕێوه‌چوو؟
ئێزیدییەکان لە خۆشی و ناخۆشیدا دەستلەملانی چیای شەنگالن
September 15, 2018 at 9:39 pm

نه‌ینه‌وا/14ی ئه‌یلول/ به‌ڕێوه‌چونی رێوڕەسمی جهمایای تایبه‌ت به ئێزیدییه‌كان له چیای شه‌نگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو
عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا
كاتژمێر 7ی به‌یانییه، هێشتا خه‌ڵك پۆل پۆل به ژن و منداڵه‌وه بهچیاكهدا سەردەکەون، فه‌قیر به‌ره‌كات له‌سه‌ره‌وه‌ی چیایه‌كه جێ به‌خۆی ناگرێت، كاتێك سه‌یری خواره‌وه ده‌كات نازانێت له خۆشی‌دا پێبكه‌نێت یان بگریت.
ئه‌م هه‌ینییه، چیای شه‌نگال له نه‌ینه‌وا ئاسایی نییه، هێزێكی زۆری ئه‌منی له‌سه‌ر چیاكه و دامێنی بڵاوەیانپێكراوه، فه‌قیر به‌ره‌كات بەرەبەیان له‌گه‌ڵ لانیكه‌م پێنج هه‌زار كه‌سی تر گه‌یشتون و به‌ده‌نگێكی به‌رز ده‌ڵێت “ئه‌م خۆشییه وه‌سفناکرێت”.
فەقیر گۆشت ده‌به‌خشێته‌وه و دوعادهكات، “كچه‌كانمان رزگاربن… منداڵه‌كانمان پارێزراوبن و ژیانمان خۆشبێت”، زیاتر وتی “وه‌سفی چی بكه‌م ئه‌مه وهسفناكرێت، ئێستا من له چیای شه‌نگال له‌پاڵ مه‌زارگه‌ی شێخ بهرهکاتم”.
وه‌سفی چی بكه‌م ئه‌مه وهسفناكرێت، ئێستا من له چیای شه‌نگال له‌پاڵ مه‌زارگه‌ی شێخ بهرهکاتم
بۆنەکە به‌ڕێوه‌چونی مه‌راسیمی تایبه‌ت به ئێزدییه‌كانه (رێوڕەسمی جه‌مایا شێخ به‌ره‌کات و شێشمس)، ئه‌و بۆنه ئاینییه‌ی كه دوای چوار ساڵ له‌شه‌ڕی داعش یەكهمجارە هه‌موان پێكه‌وه له‌سه‌ر چیای شه‌نگال كۆده‌كاته‌وه.
بە وتەی پیاوانی ئایینی ئێزیدی، بۆنه‌كه مێژووه‌كه‌ی بۆ هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌و رۆژەدا ئێزیدییه‌كان دوعادهكهن و خواردنی كه‌لتوری خۆیان ئامادهدكهن له‌پاڵ مه‌زارگه‌ی شێخ به‌ره‌كات، شێخ شێشمس و شه‌ره‌فه‌دین کاتێکی تایبەت به‌سه‌رده‌به‌ن.
ئیناس ره‌شۆ، كچێكی (20ساڵ)، له‌گه‌ڵ دایك و باوكی گه‌یشتنه چیای شه‌نگال و دوعای ده‌كرد كوڕێكی باش بدۆزێته‌وه تا هاوسه‌رگیری بكه‌ن.
ئیناس به (كه‌ركوك ناو)ی وت “دوعاكه له دڵمدابوو بۆ ئه‌م رۆژە هه‌ڵمگرتبوو، ئه‌م رۆژە پیرۆزه و دوعاكان دێنه‌دی… دڵخۆشم ئێمه به ئازادانه و بێ‌ترس ئه‌م مه‌راسیمه رێکدەخەین”.
هه‌ریه‌ك به‌جۆرێك دوعای ده‌كرد، بەڵام ئه‌و دوعایانه زیاتر بوون كه بۆ رزگاركردنی كچ و ژنه ئێزیدییه‌كان گوێت لێ ده‌بوو.
له ئابی 2014دا، كاتێك داعش شه‌نگالی گرت، زیاتر له شه‌ش هه‌زار ئێزیدی رفاند، ژنه‌كان وه‌ك كۆیله مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵكرا، به‌شێكیان ده‌ستدرێژی سێكسییان كرایه‌سه‌ر و له بازاڕەكانی تایبه‌ت به‌خۆیان كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ده‌كرا.
به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه فه‌رمانگه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ به‌دواداچون بۆ كه‌یسی ئێزیدییه رفێنراوه پێكهێناوه، هێشتا زیاتر له سێ هەزار ئێزیدی چارەنووسیان نادیارە له ژن، پیاو به‌هه‌موو ته‌مه‌نه‌كانه‌وه.
ئه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كانی له‌ڕۆژی هه‌ینی دڵخۆشكردبوو، گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لتوره ئایینییەی لەمێژە له سەر چیای شه‌نگال پیادەی دەکەن.
ئه‌وه یه‌كێك بوو له گه‌وره‌ترین ئه‌و بۆنه ئاینییانه‌ی له‌چوار ساڵی رابردودا پێنج هه‌زار ئێزیدی كۆكردبێته‌وه.
خه‌واجه خودێدا، وتاربیژی ئایینی ئێزیدی، به (که‌رکوک ناو)ی وت “رێوڕەسمی جه‌مایا مێژوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بەر لە هه‌زار ساڵ، ساڵانه له‌م كاته‌دا ئێزیدیه‌کان به کچ، ژن و پیاو و مناڵه‌وه به‌شدارده‌بن… خه‌ڵك قوربانی ده‌كه‌ن و گۆشته‌كه‌ی ده‌ده‌نه هه‌ژاران، خواردن و خواردنه‌وه‌ی تایبه‌ت به خۆیان دروستده‌که‌ن و پێکه‌وه ده‌یخۆن” .
رێوڕەسمی جه‌مایا مێژوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بەر لە هه‌زار ساڵ
پیاوه ئایینییه‌كان بەدرێژایی رۆژی هه‌ینی وتاریان ده‌داو سرودی ئایینیان ده‌وته‌وه، له چیای شه‌نگاله‌وه دوعایان بۆ هه‌موو ئێزیدییه‌کانی جیهان ده‌كرد.
چیای شه‌نگال، چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر باوه‌شی بۆ ئه‌و ئێزیدیانه كرده‌وه، كه له‌ده‌ستی داعش هه‌ڵاتن، له‌وێ برسیی و تینوو بوون، به‌ڵام خۆڕاگربون.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئێزدییه‌كان دوو شوێنی زۆر پیرۆزیان هه‌یه، ئه‌وانیش مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌ددین له شه‌نگال، لالش له شێخان، به‌ڵام ده‌یان مه‌زارگه‌ی تری ئایینیان هه‌یه.
ئێزیدییه‌كان، هاوشانی كریستیانی، كاكەییو توركمانەكانی نەینەوا زۆرترین پێشێلكارییان لەلایەن داعشەوه بەرامبەر کراوە لەنێوان ساڵانی له (2014 – 2017).
له‌دوای ساڵی 2014ه‌وه ئه‌مه یه‌كه‌م رێوڕه‌سمی جه‌مایا به‌و شێوه‌یه به‌فراوانی له چیای شه‌نگال به‌ڕێوه‌بچێت، به‌وته‌ی شێخ فاخر خه‌له‌ف، یه‌كێكه له پیاوانی ئاینی ئێزیدی، “هه‌ر که‌سێک به‌شداریی بكات خێرێکی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌و خوا دوعاكانی به‌دیده‌هێنێت”.
هه‌ر که‌سێک به‌شداریی بكات خێرێکی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌و خوا دوعاكانی به‌دیده‌هێنێت
هێزێكی زۆری ئه‌منی به‌پێی بڕیاری ئیداره‌ی قه‌زای شه‌نگال له چوارده‌وری چیاكه بڵاویان پێكرابوو.
خودێدا چوکی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنون سه‌ر به‌قه‌زای شه‌نگال به (که‌رکوک ناو)ی وت “هێزه‌كه بۆ پاراستنی گیانی ئه‌و ئێزیدییانهیه که سه‌ردانی مه‌زارگه‌کانیان كردوه، توانیمان ئه‌و پێنج هه‌زار كه‌سه بپارێزین”.
كاتژمێر 7ی ئێواره رێوڕه‌سمه‌كه كۆتایی هات. فه‌قیر به‌ره‌كات وتی “ئێستا ئێزیدییه‌كان ده‌توانن وه‌كو جاری جاران ده‌ستبكه‌نه‌وه به رێوڕه‌سم و بۆنه ئاینییه‌كانیان بگێڕن، دوای سێ ساڵ له‌ترس و تۆقاندنی داعش… سوپاس بۆ ئه‌وانه‌ی شنگالیان كۆنترۆڵكرده‌وه”.
“خوایه کچه‌کانمان رزگاربكه‌یت و بێنه‌وه ناو ئێمه”، دواین دوعای به‌ره‌كات به‌رله‌وه‌ی چیای شه‌نگال به‌جێبهێڵێت.