كه‌ركوك و موسڵ؛ له‌ دوو رۆژدا 30 كه‌س ده‌ستگیركراون

September 16, 2018 at 6:16 pm

كەركوك، 28-2-2018، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی لە قەزای حەویجە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

له‌ كه‌ركوك و موسڵ، 30 كه‌س به‌ تۆمه‌تی تیرۆر و ئه‌ندامێتی رێكخراوی داعش ده‌ستگیركراون، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی چه‌ند هه‌ڵمه‌تێكی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا.

لیوا سه‌عد مه‌عن، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 16ی ئه‌یلول له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی، توانیویانه‌ له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ سێ داواكراوی داعش به‌ تۆمه‌تی كوشتن و راگواستی خه‌ڵك ده‌ستگیربكه‌ن.

ناوچه‌كانی باشور و خۆرئاوای كه‌ركوك، هه‌رچه‌نده‌ نزیكه‌ی ساڵێكه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌رده‌وام روداوی ئه‌منی له‌ هێرشی چه‌كداریی و رفاندنی هاوڵاتیان تێیدا به‌رده‌وامی هه‌یه‌، سه‌رباری چه‌ندین هه‌ڵمه‌تی جیاوازی هێزه‌ عیراقییه‌كان.

له‌ دوایین روداودا شه‌وی رابردوو، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرشیانكرده‌ سه‌ر بازگه‌یه‌كی پۆلیسی فیدراڵی له‌ گوندی سه‌لاب له‌ ناحیه‌ی ره‌شاد-ی قه‌زای حه‌ویجه‌، به‌هۆیه‌وه‌ كارمه‌ندێكی ئه‌منی كوژراو دوانی تر برینداربون، به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بۆ (كه‌ركوك ناو).

دۆسیه‌ی ئه‌منی ده‌وروبه‌ری پارێزگای كه‌ركوك، زیاتر له‌ 10 مانگه‌ به‌ده‌ست پۆلیسی فیدراڵی و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌.

به‌پێی دوو راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق و فه‌رمانده‌یی پۆلیسی فیدراڵی، هه‌ر له‌ سنوری كه‌ركوك له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا سێ كه‌سی داواكراو به‌پێی مادده‌ی تیرۆر ده‌ستگیركراون، له‌ نێویاندا لێپرسراوێكی سه‌ربازی داعش له‌ ویلایه‌تی دیجله‌ كه‌ له‌ كه‌ركوك خۆی حه‌شاردابوو.

موسڵ، ئازاری 2018، هەڵمەتی گەڕان و پشكنینی هێزە ئەمنییەكان فۆتۆ: پۆلیسی نەینەوا

جگه‌ له‌ كه‌ركوك، له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌واش جموجۆڵی چه‌كداری ماوه‌ و رۆژانه‌ چه‌ندین هه‌ڵمه‌تی ئه‌منی ئه‌نجامده‌درێت، هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌.

لیواروكن حه‌مه‌د نامس جبوری، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی نه‌ینه‌وا دوێنێ شه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد هێزه‌كانیان پاڵپشت به‌ زانیاری وردی هه‌واڵگری توانیویانه‌ 12 چه‌كداری داعش ده‌ستگیربكه‌ن، كه‌ تۆمه‌تبار و داواكرابون به‌ ماده‌كانی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر.

له‌ نێو ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌دا سێ ژن هه‌بون، كه‌ له‌ ئاسایشی داعشدا كاریانكردووه‌ و له‌ ناوچه‌كانی تل رمان و سوق معاش له‌ به‌ری راستی موسڵ و گه‌ڕه‌كی قودسی به‌ری چه‌پ خۆیان حه‌شارداوه.

هه‌روه‌ها له‌ ناحیه‌ی نه‌مردوی باشوری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ، شه‌ش تۆمه‌تباری داعش ده‌ستگیركراون، له‌سه‌ر بنه‌مای دانپێدانانی چه‌ند ده‌ستبه‌سه‌ركراوێك.

فه‌رمانده‌ی پۆلیسی نه‌ینه‌وا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا به‌پێی ماده‌ یاساییه‌كانی تیرۆر، شه‌ش تۆمه‌تباری دیكه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی میساق، قاهیره‌، ته‌حریر و موسه‌نای به‌ری چه‌پی موسڵ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن