له‌ به‌ری راستی موسڵ ئاوی پاك قاتییه‌

September 16, 2018 at 9:25 pm

یونیسێف‌و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان رۆژانە 150 تانكەری ئاوی سی هەزار لیتری بۆ بەری چەپی موسڵ دابیندەكەن فۆتۆ: UNICEF Iraq/Khuzaie

ئه‌حمه‌د زه‌یدی – نه‌ینه‌وا

“سه‌یربكه‌ ئه‌مه‌ ئاوه‌ ئێمه‌ ده‌یخۆینه‌وه‌؟!، بێزار بوین له‌ گه‌رما و ئاوی سوێر” ئیبتسام ئه‌حمه‌د، له‌نێو گه‌ڕه‌كێكی وێرانبوی شه‌ڕه‌وه‌ له‌ به‌ری راستی موسڵ، وای وت.

ئیبتسام و سه‌دان دانیشتوی گه‌ڕه‌كه‌كانی تری موسڵ، له‌ گه‌رما تاقه‌تپڕوكێینه‌كه‌ی ئه‌و شاره‌دا، تائێستاش كه‌مێك ئاوی پاك و شیاوی خواردنه‌وه‌یان به‌ ئه‌سته‌م ده‌ستده‌كه‌وێت.

به‌ری راستی موسڵ، باڵه‌خانه‌ و خانوی هاوڵاتیان خاپور بون و كه‌رته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌ به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌، له‌ نێویاندا هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ئاو.

ئیبتسام ئه‌حمه‌د، دانیشتوی گه‌ڕه‌كی باب لكش-ه‌ له‌و به‌شه‌ی موسڵ و داوایكرد، به‌ په‌له‌ ئاوی شیاوی خواردنه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ دابینبكرێت.

ئه‌و بڕه‌ ئاوه‌ی له‌رێی تانكه‌ره‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌ری راست دابینده‌كرێت، به‌شی پێداویستی رۆژانه‌یان ناكات، “تانكی سه‌ربانی ماڵان به‌تاڵ بون و بۆرییه‌كانی ئاو خراپ بون، بۆیه‌ به‌ناچاری خه‌ڵك بیری ئیرتیوازی لێداوه‌” ئیبتسام باسی بێئومێدی خه‌ڵكیشی كرد له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكاریه‌كانیان له‌لایه‌ن حكومه‌ت و ئیداره‌ی موسڵه‌وه‌.

نه‌ینه‌وا، ئه‌یلولی 2018، به‌ری راستی موسڵ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) له‌ نه‌ینه‌وا، زیاد له‌جارێك هه‌وڵیدا په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاوه‌وه‌ بكات، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ ئاكام بون.

ئیبتسام ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی هاوكارییان ده‌كات ته‌نیا رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانه‌، سه‌رسوڕمانی خۆی نیشاندا له‌ پشتگوێخستنی كێشه‌ی پچڕانی به‌رده‌وامی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی نه‌ینه‌واوه‌.

زۆرینه‌ی خه‌ڵكی موسڵ، له‌ چوارساڵی رابردوودا به‌هۆی هێرشی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ ئاواره‌بون، تائێستاش به‌شێكیان له‌به‌ر نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیان و سه‌قامگیری، نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌ كه‌مپه‌كاندا درێژه‌ به‌ ژیان ده‌ده‌ن.

ئامنه‌ حه‌یالی، چالاكوانی مه‌ده‌نی له‌ موسڵ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بارودۆخی مرۆیی له‌ گه‌ڕه‌كی باب لكش و گه‌ڕه‌كه‌كانی تری به‌ری راست زه‌حمه‌ت و قورسه‌، بانگه‌واز و سكاڵای زۆر هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی نه‌بونی ئاوی پاك”.

“حاڵه‌تی توشبون به‌ سكچون بڵاوبۆته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ نێو منداڵان و ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان كه‌مه‌، به‌هۆی ئاوی بیره‌ ئیرتیوازییه‌كانه‌وه‌”، حه‌یالی ده‌ڵێت رێكخراوه‌كان ئه‌وه‌ی له‌ توانایاندایه‌ ده‌یكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌، به‌ڵام ناتوانن به‌بێ هاوكاری حكومه‌ت به‌سه‌ریدا زاڵبن.

پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی موسڵ، نزیكه‌ی ساڵێكه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌توانراوه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ چه‌ندین گه‌ڕه‌ك بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ به‌ری راست، كه‌ زۆرترین زیانی شه‌ڕه‌كه‌ی به‌ركه‌وت.

موسڵ، 17-4-2017، رۆژانە لەرێی تانكەرەوە ئاو بۆ هاوڵاتیان دابیندەكرێت فۆتۆ: فەرمان سادق

رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان، به‌ تانكه‌ر ئاو ده‌گه‌یه‌ننه‌ به‌شێك له‌ هاوڵاتیان، ئه‌وه‌ش به‌ چه‌ند رۆژ جارێك یاخود هه‌فتانه‌، له‌ كاتێكدا پله‌كانی گه‌رمای هاوین له‌ موسڵ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 50 پله‌ی سیلیزی، پێداویستی خه‌ڵك بۆ ئاو زیاتر ده‌بێت.

محه‌مه‌د سه‌عد، ئه‌ندامی رێكخراوی مانگی سور له‌ نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پێنج ئۆتۆمبێلی تانكه‌ری رێكخراوه‌كه‌مان ئاوی شیاوی خواردنه‌وه‌ ده‌بنه‌ به‌ری راستی موسڵ، به‌ جۆرێك هه‌ر ماڵێك له‌ هه‌فته‌یه‌كدا پێنح هه‌زار لیتر ئاوی پێده‌درێت، مانگی سور ته‌نیا ده‌توانێت ئه‌وه‌نده هاوكاری پێشكه‌شبكات”.

هه‌ڵكه‌ندی بیری ئاو، یه‌كێكه‌ له‌و رێگایانه‌ی خه‌ڵكی زۆر هانای بۆ ده‌به‌ن له‌ موسڵ، وه‌كو كارمه‌نده‌كه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ باسیكرد، هه‌ر بیرێك 250 هه‌زار دیناری تێده‌چێت و هه‌ڵكه‌ندنه‌كه‌ی ماوه‌ی دوو رۆژی ده‌وێت.

شاری موسڵ، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و له‌ ته‌مموزی 2017دا هێزه‌ عیراقییه‌كان كۆنتڕۆڵیانكرده‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ژیانی ئاسایی بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و كێشانه‌ی له‌ موسڵ، به‌ تایبه‌ت له‌به‌ری راست روبه‌ڕوی ئیبتسام ئه‌حمه‌د و هاوڵاتیانی تر بۆته‌وه‌، ته‌نیا ئاوی خواردنه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی كاره‌با و رێگه‌وبان و كه‌رته‌ گشتییه‌كانی تره‌، ته‌نیا چاوه‌ڕوانیشیان ئه‌وه‌یه‌ به‌ دابینكردنی پێویستیه‌كانی ژیانیان، له‌ ماندوێتی چه‌ند ساڵێك ئاواره‌ییان كه‌مبێته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن