كاره‌بای خانه‌قین ده‌بێته‌ 20 كاتژمێر

September 18, 2018 at 9:00 pm

دیاله‌/2018/ روباری ئه‌ڵوه‌ن له‌ ناوه‌ندی قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – دیاله‌

كاره‌بای خانه‌قین و ناوچه‌كانی تری پارێزگای دیاله‌، دوو هێنده‌ زیادده‌كات و ده‌بێته‌ 20 كاتژمێر له‌ شه‌وورۆژێكدا، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و وزه‌یه‌ی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بڕابوو.

حكومه‌تی عیراق، چه‌ند ساڵێكه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌ بۆ دابینكردنی كاره‌بای پارێزگای دیاله‌ به‌بڕی 470 مێگاوات، به‌ڵام دوو مانگه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه‌ راگیراوه‌ و ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ی ئه‌یلول، جارێكیتر ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌.

تەحسین شەهاب، بەرێوه‌بەری وێستگەی كارەبای خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت “پاش گەڕانەوە ئەو هێڵانە بۆ كاركردن لە ئەمڕۆوە ڕۆژانە نزیكەی 20 كاتژمێر كارەبا دابین دەكرێت بۆ شارۆچكەی خانەقین و ناحییەكانی”.

لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ، بەهۆی بڕینی ئەو دوو هێڵە لەلایەن ئێرانەوە كێشەی كەمی كارەبا سەریهەڵدا لە پارێزگای دیالە و  ڕۆژانە نزیكەی 10 كاتژمێر كارەبا دابینكرا بۆ هاوڵاتیان، ئه‌وه‌ش خۆپێشاندان و ناڕەزایی لێكه‌وته‌وه‌.

به‌رێوه‌به‌ری كاره‌بای خانه‌قین رونیكرده‌وه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هێڵی كارەبای 132 كه‌یڤی ده‌ستی به‌كاركردن كردۆته‌وه‌ كه‌ ئێران وزه‌ی دابینی ده‌كات، دوای راگرتنی له‌ 10ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ به‌هۆی پێویستی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ به‌ كاره‌با.

ئه‌و هێڵه‌ 120 مێگاوات كاره‌با دابینده‌كات و راسته‌وخۆ ده‌گاته‌ وێستگەی خانەقین، له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئه‌و قه‌زایه‌ و ناحیه‌كانی ده‌وروبه‌ری، ناحیه‌ی مه‌نده‌لی و به‌له‌دروز دابه‌شده‌كرێت.

هێڵێكی دیكه‌ش له‌ ئێرانه‌وه‌ 350 مێگاوات كاره‌با ده‌گه‌یه‌نێته‌ ناوچه‌كانی باقوبه‌، خانی به‌نی سه‌عد، كه‌نعان، شاره‌بان و خالس له‌ پارێزگای دیاله‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن