هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی دوزخورماتوو ماڵ به‌ماڵ ده‌گه‌ڕێن

September 19, 2018 at 8:53 pm

سەڵاحەدین، كانونی دوەمی 2017، بازگەیەكی هێزە ئەمنیەكان لەدوزخورماتوو فۆتۆ: هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا

ژینۆ خه‌لیل – سه‌ڵاحه‌دین

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی دوزخورماتوو، هه‌ڵمه‌تێكی پشكنینیان ده‌ستپێكردوه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، بڕیاریانداوه‌ ماڵ به‌ماڵ بگه‌ڕێن.

ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌منییه‌، به‌ره‌به‌یانی دوێنێ سێشه‌ممه‌ 18ی ئه‌یلول له‌ گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری ئه‌نجامدرا به‌ به‌شداری پۆلیس و هێزێكی سوپای عیراقی، بڕیاره‌ دوای مه‌راسیمه‌كانی عاشورا به‌رده‌وامی پێبدرێت.

عەمید حسێن عه‌لی، بەڕێوه‌بەری پۆلیسی دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دەستمانگرت بەسەر کۆمەلێک چەک و تەقەمەنی بێ مۆلەتدا، ئەم پشکنینە ھەمو گەڕەکەکانی خورماتو دەگرێتەوە، لەدوای بۆنەی عاشوراوە دەستپێدەکەینەوە بۆ ھەمو گەڕەکەکانی تر”.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ئه‌منییانه‌ی له‌ سنوره‌كه‌دا كراون، ئه‌ویش به‌ هێنانی هێزه‌كانی سوپا، دوای كشانه‌وه‌ی به‌شێك له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا، كه‌ نۆ مانگه‌ له‌ شاره‌كه‌دان و هاوڵاتیانی كورد به‌ كشانه‌وه‌یان ناڕازین.

عه‌لی حسێنی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بەھۆی ئەو تەقینەوانەی لەگەڕەکی عەسکەری هه‌بووه‌ لەرۆژانی رابردودا و گومان لەسەر ماڵەکان ھەبوە، بۆیە گەران و پشکنین ئەنجامدرا”.

به‌وته‌ی ئه‌و، گه‌ڕه‌كه‌كه‌ له‌ ناوه‌ندی شاره‌كه‌وه‌ دوره‌ و واپێویست بووه‌، بۆ ئه‌منیه‌تی سنوره‌كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت.

قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی “جێناكۆك”ی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌ و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن