كێ گره‌وه‌كه‌ ده‌باته‌وه‌؟
پێگه‌و هێزی شه‌ش حزبه‌كه‌ی هەرێم له‌ هه‌ڵبژاردندا

September 28, 2018 at 7:18 pm

سه‌رۆكی لیسته‌كانی یه‌كێتی، ئیسڵاح، كۆمه‌ڵ، گۆڕان، نه‌وه‌ی نوێ و پارتی

مه‌عاز فه‌رحان – كه‌ركوك ناو

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نێو ترسی بایكۆت و ساخته‌كاریدا، جارێكیتر حزبه‌كان ده‌باته‌وه‌ به‌رده‌م هه‌ڵسه‌نگاندنی خه‌ڵك و چاوه‌ڕوانده‌كرێت، پێنج ساڵی رابردوو گۆڕانكاری له‌ پێگه‌ی هێزه‌كاندا دروستكردبێت.

دوایین هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌یلولی 2013دا بوو، به‌ڵام ته‌مه‌نی خولی چواره‌می په‌رله‌مان درێژكرایه‌وه‌ و پرۆسه‌كه‌ دواخرا، دوای مشتومڕێكی زۆری لایه‌نه‌كانیش بڕیاردرا ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت.

بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌ 30ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 25 لیست و هاوپه‌یمانی كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی 111 كورسی ده‌كه‌ن، كه‌ 11 كورسییان كۆتای پێكهاته‌كانی كریستیان، توركمان و ئه‌رمه‌نن.

پارتی چاوی له‌ زۆرینه‌یه‌

پارتی دیموكراتی كوردستان، خاوه‌نی 38 كورسی خولی چواره‌می په‌رله‌مانه‌ و به‌ دروشمی “بنیادنانی كوردستانێكی به‌هێز”، چاوی له‌وه‌یه‌ له‌ هێزی یه‌كه‌مه‌وه‌ ببێته‌ هێزی زۆرینه‌.

مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌و حزبه‌ له‌ سه‌ره‌تای بانگه‌شه‌دا داوایكرد باسی ده‌ستكه‌وت و كه‌موکورتییە‌كانیان پێكه‌وه‌ بكه‌ن، هه‌وڵبده‌ن زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنن.

سلێمانی/23ی ئه‌یلولی 2018/ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی حزبه‌كه‌یدا فۆتۆ: سایتی PDK

پارتی چه‌ندین ساڵه‌ لایه‌نی سه‌ره‌كی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستانه‌ و چه‌ندین پۆستی باڵای ئیداری و ئه‌منی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و تا ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوش سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیان لابوو.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 2013ی هه‌رێمدا پارتی نزیكه‌ی 744 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵی عیراق نزیكه‌ی 20 هه‌زار ده‌نگی كه‌مكرد، ئه‌وه‌ش بارته‌قای كورسییه‌كی په‌رله‌مانه‌.

سه‌رۆكی ئه‌و حزبه‌ له‌ دوایین په‌یامیدا یه‌كشه‌ممه‌ 23ی ئه‌یلول له‌ سلێمانی رایگه‌یاند “ئه‌گه‌ر سه‌ربكه‌وین گۆڕانكاری و چاكسازی گه‌وره‌ ده‌كه‌ین”.

پارتی لایه‌نی سه‌ره‌كی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم بوو له‌ 25ی ئه‌یلولی 2017دا، كه‌ ناڕە‌زایی ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی لێكه‌وته‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا هێزه‌كانی عیراق گه‌ڕانه‌وه‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك و پێشمه‌رگه‌ پاشەکشێیکرد.

له‌ بڕیاری ریفراندۆم و چه‌ند هه‌نگاوێكی تری حكومه‌تدا، له‌ نێویاندا سیستمی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ و سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنی نه‌وت و قه‌یرانی دارایی، پارتی روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ی زۆری لایه‌نه‌كانی به‌رانبه‌ر و به‌شێك له‌ خه‌ڵك بۆته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ریفراندۆم وه‌كو ده‌ستكه‌وت بۆ خۆی له‌ بانگه‌شه‌دا باسده‌كات.

خاڵی به‌هێزی پارتی، به‌شێكی باڵاده‌ستییه‌تی لە زۆربەی جومگەكانی حكومڕانیدا، لەناوخۆشیدا كێشەكانی لەچاو ڕكابەرەكانیدا كەمترە‌ و ناوچەی جێ نفوزی كه‌ ناوچه‌ی بادینانه‌، بەتەواوەتی بۆ خۆی یەكلابۆتەوە، كە بە بەهای 32 كورسی پەرلەمان دەنگی تێدایە.

هۆگر چەتۆ، رێكخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنه‌كان ده‌ڵێت پێده‌چێت رێژەی به‌شداری خه‌ڵك له‌ پرۆسه‌كه‌دا بگاته‌ سه‌دا 40 و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوو بپێون، پارتی 35 تا 40 كورسی دەبات.

لەبەرئەوەی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردنە، رێژەی بەشداری كاریگەری هەیە لەسەر ژمارەی كورسی، چەتۆ بۆ (كەركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ “رێژەی بەشداری لە دهۆك هەمیشە زیاترە لە شارەكانی تر، بۆیە ئەو هێزەی لە سنوری دهۆك بێت رێژەی كورسیەكانی زیاد دەبێت، لەبەرامبەردا لە سلێمانی ململانێی هەیە‌ و رێژەی بەشداریش كەمە”.

یه‌كێتی ده‌یه‌وێت رابردوو تێپه‌ڕێنێت

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردو به‌ 18 كورسیی بو به‌ هێزی سێیه‌م، بۆیه‌ به‌ دروشمی “هه‌لی كار، ئارامی و خزمه‌ت”، ده‌یه‌وێت ده‌نگه‌كانی زیادبكات و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كێبڕكێی سه‌ره‌كی هاوشانی پارتی.

لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عیراق یه‌كێتی زیاتر له‌ 372 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا له‌ كاتێكدا لە هەڵبژاردنی رابردوی هه‌رێمدا 350 هه‌زار و 500 ده‌نگی هه‌بوو، به‌وه‌ش نزیكه‌ی 22 هه‌زار ده‌نگی زیادكردووە.

سلێمانی/11ی ئه‌یلولی 2018/ ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ رانییه‌ فۆتۆ: په‌یجی قوباد تاڵه‌بانی له‌فه‌یسبوك

ڕێواس فایەق، كاندیدی لیستی یەكێتیی دەڵێت ئەگەر ئەوەندە دەنگ بهێنن ‌و رۆڵی شەریكی راستەقینە بگێڕن، بەرنامەكەی خۆیان جێبەجێدەكەن “بە بەرقەراركردنی ئارامی دەرونی‌، كۆمەڵایەتی ‌و ئەمنی بۆ خەڵك”.

ئامانجمان بەرقەراركردنی ئارامی دەرونی‌، كۆمەڵایەتی ‌و ئەمنییه‌ بۆ خەڵك

“ئەم سێ‌ دروشمە پەیوەستن بەیەكەوە، بۆیە پێشبینیمان ئەوەیە زیاتر لە 25 كورسی بهێنین”، رێواس فایه‌ق وای وت.

یه‌كێتی له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی عیراق، له‌ هه‌رێم و كه‌ركوك به‌ “ساخته‌كاری” و ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان تۆمه‌تباركرا، به‌ڵام ئه‌و ره‌تیكرده‌وه‌.

له‌لایه‌ن حزبه‌كانی به‌رانبه‌ریه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت پارتی هاوپه‌یمانی ستراتیژی چه‌ندین ساڵه‌ی، یه‌كێتی و به‌شێك له‌ لێپرسراوانیان به‌ “خیانه‌ت” و هۆكاری به‌ده‌سته‌وه‌دانی كه‌ركوك تۆمه‌تباركران بۆ هێزه‌ عیراقییه‌كان.

هاوشانی پارتی، ئه‌و حزبه‌ به‌ هاوبه‌شی بڕیاری پاشه‌كه‌وتی موچه‌ و كێشه‌كانی تری دارایی و پرسی نه‌وت روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ بۆته‌وه‌، هه‌ندێكجار له‌ نێو خودی حزبه‌كه‌شدا وه‌زیره‌كانیان و لێپرسراوانیان له‌ حكومه‌ت و پێگه‌ ئیدارییه‌كاندا به‌ لاواز وه‌سفكراون.

كێبڕكێی توندی یه‌كێتی له‌سه‌ر سلێمانی و پاشان هه‌ولێره‌، خاڵی به‌هێزی خۆی وانیشانده‌دات توانیویانه‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانیان تاڕاده‌یه‌ك كپبكه‌نه‌وه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، له‌گه‌ڵ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو حزبه‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ئه‌‌مساڵدا حزبێكی نوێی دامه‌زراند.

رێكخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ڵێت گۆڕان ‌و یەكێتی بازنەی ململانێیان سلێمانی‌ و هەولێرە، ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 2013 وەربگیرێت، یەكێتی ئەگەری به‌ده‌ستهێنانی 20 كورسی هەیە.

گۆڕان شه‌ڕی مانه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی ده‌كات

بزوتنەوەی گۆڕان، تا دوایین ساته‌كانیش له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا بوو به‌ پاساوی نه‌گونجانی كه‌شوهه‌وای پرۆسه‌كه‌، له‌ئێستاشدا هه‌وڵده‌دات به‌ دروشمی “هەرێمێكی دادپەروەر ‌و خزمەتگوزار” ده‌نگه‌كانی رابردوی به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌.

له‌ خولی چواره‌می په‌رله‌ماندا گۆڕان خاوه‌نی 24 كورسییه‌، ئێستا روبه‌روی چه‌ندین كێشه‌ی ناوخۆیی بۆته‌وه‌، یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمه‌ ‌بێ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌شداری ده‌كات و ترسی گه‌وره‌ی له‌ بایكۆتی خه‌ڵكه‌.

سلێمانی/22ی ئه‌یلولی 2018/ كه‌رنه‌ڤاڵی بانگه‌شه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌به‌رده‌م باره‌گای سه‌ره‌كییان له‌ گه‌ڕه‌‌كی زه‌رگه‌رته‌ فۆتۆ: KNN

مه‌ترسی گۆڕان، دوای كێشه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی عیراق و كه‌می به‌شداری خه‌ڵك و كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی زیاتر بوو، به‌ تایبه‌ت له‌ سلێمانی كه‌ رێژە‌ی به‌شداریکردن له‌سه‌دا 45 تێپه‌ڕی نه‌كرد.

گۆڕان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عیراق 202 هه‌زار و 887 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، له‌كاتێكدا له‌ هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا 476 هه‌زار و 736 ده‌نگی هه‌بوو، به‌وه‌ش نزیكه‌ی 270 هه‌زار ده‌نگی كه‌مكرد، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا دان به ئه‌نجامی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا نانێت.

كاروان هاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی ‌و كاندیدی لیستی گۆڕان ده‌ڵێت له‌ هه‌رێم داهاتی زۆر هه‌یه‌ و خزمه‌ت نییه‌، بۆیه‌ ئه‌و دروشمه‌یان داناوه‌ و یه‌كێكی دیكه‌ش له‌ ئامانجه‌كانیان “گۆڕینی سیستمی حكومڕانییە لە سەرۆكایەتیەوە بۆ پەرلەمانی”.

 یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانمان گۆڕینی سیستمی حكومڕانییە لە سەرۆكایەتیەوە بۆ پەرلەمانی

“ئەمانە پێویستی بە زۆرینەی پەرلەمانیی هەیە، هیوادارین زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنین، ئەگەر ئەوەش نەبوو دەكرێت لەگەڵ ئەو هێزانەی بۆچونیان لەئێمەوە نزیكە لە پەرلەمان ئەم پرسانە تێپەڕێنین”.

گۆڕان له‌ پێنج ساڵی رابردودا، پێداگری كرد له‌سه‌ر سیستمی په‌رله‌مانی، به‌هۆیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی كه‌وته‌ كێشه‌ و وه‌زیره‌كانی له‌ حكومه‌ت نێردرانه‌وه‌، بۆ دوو ساڵیش رێگه‌نه‌درا سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر.

به‌بڕوای هاشم ئه‌و روداوانه‌ی له‌ رابردو هه‌بووه‌، له‌ نێویاندا ریفراندۆم و كێشه‌ی موچه‌، واده‌كات ده‌نگی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات كه‌مبكات و ئه‌وان زیادبكات.

خاڵی بەهێزی گۆڕان به‌لای خۆیانه‌وه‌، پێداگرییانه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌كانیان و گۆڕینی سیستمی حكومڕانی، له‌گه‌ڵ باسكردن و نیشاندانی شكستی لایه‌نه‌كانی تر.

هۆگر چەتۆ سێ هۆكار بۆ كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌نگی گۆڕان باسده‌كات، له‌وانه‌ “سیاسەتی گۆڕان، رێكخستنەوەیی ناوماڵی یەكێتی كە پێشتر یەكێتی نەیدەزانی كێ‌ دەنگی پێدەدات‌ و خەڵك هەبوو لە ناو هێزە ئەمنیەكان دەنگی بە گۆڕان دەدا، سێیەم هۆكاریش دروستبونی نەوەی نوێیە‌ كە دەنگی دەنگدەرە ناڕازییەكانی هەولێر‌و سلێمانی بردوە”.

به‌بڕوای ئه‌و چاودێره‌ی هه‌ڵبژاردن، گۆڕان ده‌وروبه‌ری 15 كورسی به‌ده‌ستده‌هێنێت.

حزبه‌ ئیسلامییه‌كان چی ده‌گۆڕن؟

حزبه‌ ئیسلامییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ دووبه‌ره‌ به‌شداری پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وان تاراده‌یه‌ك ده‌نگه‌كانیان به‌ جێگری و له‌ ده‌وروبه‌ری سه‌دا 15دا ماوه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا چاوه‌ڕێی زیاتر ده‌كه‌ن.

خاڵی لاوازی ئیسلامیەكان ئەوەیە لەناو دەنگە خۆڵەمێشییەكاندا كەمترین دەنگ بەدەستدەهێنن.

سلێمانی /23ی ئه‌یلولی 2018/ ناساندنی كاندیدانی لیستی به‌ره‌و ئیسڵاح فۆتۆ: كوردیو

یەكگرتوو لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی لیستێكی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ به‌ناوی به‌ره‌و ئیسڵاح، پێكه‌وه‌ خاوه‌نی 11 كورسی خولی چواره‌می په‌رله‌مانن و به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی چاودێران، ره‌نگه‌ ده‌نگه‌كانیان كه‌مبكات.

سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری یەكگرتوو لەدەستپێكی بانگەشەدا وتی ئه‌وان ژمارەیەك كاندیدیان پێشكەشكردووە “نە دەترسن و نە دەخەڵەتێن، لیستی بەرەو ئیسڵاح پێشتر تاقیكراوەتەوە كە كەسی سەركەوتوون”.

وتیشی “هەڵبژاردنی ڕابروو پیلانێك بوو بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە بەردەوامبێت و كەسانی چاكسازیش نەتوانن چارەسەری بكەن”.

هەڵبژاردنی ڕابروو پیلانێك بوو بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە بەردەوامبێت و كەسانی چاكسازیش نەتوانن چارەسەری بكەن

حزبه‌ ئیسلامییه‌كان، هاوشێوه‌ی گۆڕان ناڕازی بون له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی عیراق به‌ گومانی ساخته‌كاری، له‌ كۆتاییه‌كانی حكومه‌تیشدا وه‌زیره‌كانیان له‌ حكومه‌ت كشانده‌وه‌.

ئه‌وه‌ی به‌ خاڵی به‌هێزی یه‌كگرتوو داده‌نرێت، به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگه‌ له‌ ناوچه‌ی بادینانی ناوچه‌ نفوزی پارتی، به‌وته‌ی به‌رانبه‌ره‌كانیشی، سیاسه‌تی حزبی یه‌كگرتوو نه‌رمه‌ به‌رانبه‌ر ركابه‌ره‌كانی، به‌ تایبه‌ت له‌ پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ریفراندۆم، به‌ هاوهه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵات تۆمه‌تبارده‌كرا.

یەكگرتوو له‌ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عیراق 37 هه‌زار و 714 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، له‌ كاتێكدا له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوی هه‌رێم خاوه‌نی 186 هه‌زار و 741 ده‌نگ بوو، به‌وه‌ش نزیكه‌ی 90 هه‌زار ده‌نگی كه‌مكرد.

كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌، لیستێكی جیای هه‌یه‌ و بە “دروشمی‌ كۆڵنادەین و بەردەوام دەبین”، چاو‌ی له‌وه‌یه‌ له‌ شه‌ش كورسییه‌وه‌، ده‌نگه‌كانی زیاتر بكات، بۆ ئه‌وه‌ش پشتی به‌ستووه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی له‌ رابردودا.

كۆمه‌ڵ هاوشانی گۆڕان، سوربو له‌سه‌ر سیسته‌می په‌رله‌مانی، دژی واده‌ی ریفراندۆم و ئه‌و رێكارانه‌ بوو له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ نرا و خه‌ڵك لێیی ناڕازی بوو.

له‌ دواین هه‌ڵبژاردنی عیراق كۆمه‌ڵ 92 هه‌زار و 618 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، له‌كاتێكدا له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردودا 118 هه‌زار و 574 ده‌نگی هه‌بوو، به‌وه‌ش ئاستی ده‌نگه‌كانی به‌ نزیكه‌یی 26 هه‌زار ده‌نگ دابه‌زی.

هێزی نوێ

بۆ یەكەمجار له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، لیستی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به‌شداری ده‌كات و چاوی له‌وه‌یه‌ لانیكه‌م هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ئایاری عیراق، له‌ سفره‌وه‌ ببێته‌ خاوه‌نی چه‌ند كورسییه‌ك.

له‌ دواین هه‌ڵبژاردنی عیراق، ئه‌و لیسته‌ توانی زیاتر له‌ 154 هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت، له‌ هه‌ولێر و سلێمانی ببوو به‌ خاوه‌نی چوار كورسی.

سلێمانی/ئه‌یلولی 2018/ بانگه‌شه‌ی لیستی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات فۆتۆ: په‌یجی شاسوار عه‌بدلواحێد، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌

شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ بازرگانیه‌وه‌ به‌ره‌و پێكهێنانی به‌ره‌ی بایكۆتی ریفراندۆم و دواتر چووه‌ ناو سیاسه‌ته‌وه‌، له‌ په‌یامه‌كانیدا زۆر جه‌خت له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی هێزی نوێ ده‌كاته‌وه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌، زۆربه‌ی دروشمه‌كانیان دژایه‌تی رابردوی حوكمڕانی و هه‌نگاوی حزبه‌ سیاسییه‌كانه‌.

ئه‌و هێزه‌ نوێیه‌، هه‌ندێك پێیانوایه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی لایه‌نی ناڕازی هه‌رێم، به‌ تایبه‌ت گۆڕان ده‌بێت، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ش به‌ دروستكراوی ده‌سه‌ڵاتی ده‌زانێت.

تائێستا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی هه‌رێم، گره‌نتی نه‌بونی ساخته‌كاری و دوباره‌نه‌بونه‌وه‌ی كێشه‌كانی هاوشێوه‌ی عیراق نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ی رونه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئایاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌به‌رچاوبگیرێت، كه‌س زۆرینه‌‌ی کورسییەکان نابات.

هۆگر چەتۆ، له‌ شاره‌زایی خۆیه‌وه‌ بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كان دەڵێت هەموو ئه‌و پێشبینییانه‌ی ئێستا هه‌یه‌ كاتێك دەكرێت ڕەچاوبكرێن، كە ساختەكاری نەكرێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن