عارفەی ریفراندۆم
زریانی بەر لە جەژنێکی نەهات

September 30, 2018 at 8:58 pm

هه‌ولێر، 22ی ئه‌یلولی 2017، دوایین ئاهه‌نگی بانگه‌شه‌ی به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم به‌ به‌شداری بارزانی فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم

مەعاز فەرحان

پۆستێکی فەیسبوکی چاوه‌ڕواننه‌كراو خه‌ریكه‌ ته‌واوی ئه‌و ریسه‌ بكاته‌وه‌ به‌ خوری كه‌ بارزانی نزیكه‌ی سێ مانگه‌ دەیڕێسێت بۆ سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و ئەوەنەشی نەماوە خەونی گەشتی جیهان بە پاسپۆرتی کوردییەوە بکاتەوە خەونی نیوەڕێگا.

“بڕیارماندا به‌ قبوڵكردنی پێشنیاره‌كانی هاوپه‌یمانان وه‌ك به‌دیلی ریفراندۆم”، پۆستەکە هی بافڵ تاڵه‌بانی، كوڕە گه‌وره‌ی مام جه‌لاله، کە لە دره‌نگانێكی ئێواره‌ی رۆژی 23ی ئه‌یلولی 2017دا بڵاوکرایەوە، نوسینەکە هەستێکی تێکەڵاو لە سەرسوڕمان و راچڵەکینی بەهەرێمدا پەخشکرد، کە رۆژێک دواتر خەونی دێرینەی نەتەوەیەک لە سەنگی مەحەک دەدرێت.

له‌ ناوماڵ و بازاڕ و فه‌رمانگه‌كاندا، لە چایخانه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا هه‌موان چاویان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌په‌له‌یه‌‌یه‌ كه‌ خێراخێرا له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت و هەرێمی دابەشکردووە بەسەر دوو بەرەدا کە هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنێت.

ئه‌و پۆستە دوای كه‌متر له‌ 24 كاتژمێر له‌وتارێكی حه‌ماسی بارزانی هات له‌نێو ئاپۆڕای ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ هه‌ولێر كه‌ تیایدا وتی “ئه‌م پرسه‌ له‌ده‌ستی من و حزبه‌كان ده‌رچوه‌ و كه‌وتۆته‌ ده‌ستی ئێوه‌”، وه‌ك ئاماژە‌یه‌ك به‌وه‌ی ناگه‌ڕێنه‌ دواوه‌.

بارزانی له‌گه‌ڵ راوه‌شاندنی په‌نجه‌ی راستیدا زیاتر وتی “من ئه‌و كه‌سه‌نیم خۆم شه‌رمه‌زاری میلله‌ته‌كه‌م بكه‌م”.

ئه‌مه‌ دواوتاری بارزانی بوو وه‌ك بانگه‌شه‌ی ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلولی 2017 له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی جێناكۆك، دوای زیاتر له‌ سێ مانگ بێنه‌وبه‌رده‌ و ده‌یان كۆبونه‌وه‌ی جۆراوجۆری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بۆ دواخستنی، به‌تایبه‌ت له‌ ‌ناوچه‌كانی جێناكۆك.

هەولێر، 7-6-2017، كۆبونەوەی بارزانی‌و زۆرینەی لایەنەكان كە تێیدا وادەی ریفراندۆم دیاریكرا فۆتۆ: سەرۆكایەتی هەرێم

بڕیاری ریفراندۆم

له‌ 7ی حوزه‌یرانی 2017 لە سەڵاحەدین كه‌ باره‌گای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی لێیه‌، نوێنەری پارتە سیاسییەکانی ناو په‌رلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لە هه‌ردوو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی كه‌ پێكه‌وه‌ خاوه‌نی 30 كورسین له‌ كۆبونه‌وه‌دان.

بارزانی كه‌ ئه‌وكات سه‌رۆكی هه‌رێم بوو، سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌كات، بڕیاردرا 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌ڕێوه‌بچێت و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پێكهێنرا بە سەرۆکایەتی بارزانی.

ئەم بڕیارە دۆخى هەرێمى کوردستانی خستە قۆناغێکى نوێوە، بەشێک لەلایەنەکان داوایاندەکرد کۆدەنگى لەسەر هەبێت، یان لەپەرلەمانەوە بڕیارى لەسەر بدرێت و بەشێکیشیان پێیانوابوو لە ئێستادا کاتى ریفراندۆم نییە.

دوای سێ رۆژ یه‌كێتی و پارتی بڕیاریاندا په‌رله‌مانی كوردستان بۆ مه‌به‌ستی ریفراندۆم كارابكه‌نه‌وه‌، كه‌ نزیكه‌ی دوو ساڵ بوو به‌هۆی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانه‌وه به‌بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی په‌كخرابوو ‌.

بڕیاری ریفراندۆم له مانگی ئه‌یلول‌ و له‌ په‌رله‌مان وه‌كو خۆی په‌سه‌ندكرا، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئه‌و مشتومڕە بوو كه‌ سێ مانگی خه‌یاند و به‌ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كۆتایی هات.

جگه‌ له‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ كه‌ پێیانوابوو زه‌مینه‌ی ریفراندۆم له‌بارنییه‌، ته‌واوی پارته‌كان پشتیوانییان له‌ بارزانی كرد، به‌ڵام جوڵانه‌وه‌ی “نه‌خێر له‌ ئێستادا” بۆ ریفراندۆم پێكهێنرا، هه‌رچه‌نده‌ كاریگه‌ری ئه‌وتۆی نه‌بوو له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌.

 

كه‌ركوك/25/9/2017/ كاتی ده‌نگدان بۆ ریفراندۆم له‌ پارێزگای كه‌ركوك فۆتۆ: دیار تاڵب

ریفراندۆم له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك

پرسى ئەنجامدانى ریفراندۆم لەناوچەکانى جێناکۆک یەکێک بوو لەو بابەتانەى زۆرترین مشتومڕى بەدواى خۆیدا هێنا، سه‌ركردایه‌تی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان جگه‌ له‌ نه‌جمه‌دنی كه‌ریم كه‌ پارێزگاری كه‌ركوك بوو، له‌دوایین رۆژە‌كانی بانگه‌شه‌دا به‌ته‌واوی دژایه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یان كرد.

به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ سلێمانی و هه‌ولێر زۆر به‌گه‌رمی و هاوشانی بارزانی بانگه‌شه‌یانده‌كرد، به‌تایبه‌ت هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، هاوسه‌ری جه‌لال تاڵه‌بانی، كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی و مه‌لا به‌ختیار و ئه‌ندامانی تری مه‌كته‌بی سیاسی.

کۆتایى مانگى هەشت ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، كه‌ رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، به‌ زۆرینه‌ی دەنگ بڕیاریدا بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا بكات، ‌بێ گوێدانه‌ بایكۆتی هه‌ردو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و توركمان له‌ ئه‌نجومه‌نەکە.

مەسعود بارزانی له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ، له‌ 12ی ئه‌یلول سه‌ردانی شاری کەرکوکی كرد و له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ریفراندۆم لەکاتی خۆیدا وتی “کەرکوک شارێکی کوردستانییە و ریفراندۆم دەکات”، ئه‌مه‌ش گڕی به‌ردایه‌ ماڵی پێكهاته‌كانی ئه‌و شاره‌.

سێ رۆژ دوای ئه‌و سه‌ردانه‌ی بارزانی، سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك، هۆشداریی لێكه‌وته‌ی خراپی ریفراندۆمی له‌ پارێزگاكه‌ ئاراسته‌ی مەسعود بارزانی كرد.

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری مەڵبەندى یەکێتى لە کەرکوک، بە(کەرکوک ناو) وت “دۆخی كه‌ركوك جیاوازبوو، تا 23ى مانگ تێگەیشتنێک دروستبوو لەلایەن یەکێتیی و تەنانەت بەرپرسانى پارتى لە کەرکوک کە ریفراندۆم لە کەرکوک نەکرێت، بەڵام ئەوەبوو کراو ئەو بارودۆخە هات بەسەر کەرکوکدا”.

سلێمانی، 20ی ئه‌یلولی 2018، ئاهه‌نگی بانگه‌شه‌ی به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم به‌ به‌شداری لێپرسراوانی باڵای یه‌كێتی فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم

دوو رۆژ به‌ر له‌ ریفراندۆم

دۆخه‌كه‌ زۆر ئاڵۆزه‌، خه‌ریكه‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ فراوانده‌بێت، كه‌ له‌گه‌ڵ دواخستنی ریفراندۆمن، هاوپه‌یمانان ناڕازین، ئێران و توركیا و عیراق به‌ئاشكرا هه‌ڕە‌شه ‌ده‌كه‌ن.

پارتی هه‌ڵوێستی رونه‌ و هیچ گۆڕانكارییه‌ك روینه‌داوه‌، به‌ڵام دۆخی ناو یه‌كێتی باش نییه‌، ئۆرگانه‌كانی ئه‌و حزبه ‌و سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ته‌نیا له‌ دوو رۆژی به‌ر له‌ ریفراندۆمدا 24 راگه‌یه‌نراویان بڵاوکردەوە، زۆرینه‌یان جگه‌ له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ و نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌گه‌ڵ دواخستنی ریفراندۆم بوون، ناوه‌ندی بڕیاری یه‌كێتیش كه‌ ئه‌وكات له‌ده‌ستی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌ددا بوو تاڕاده‌یه‌ك بێده‌نگ بوو‌.

دۆخه‌كه‌ ئه‌گه‌ر بۆ هه‌رێمی كوردستان تاڕاده‌یه‌ك ئاسایی بێت، بۆ كه‌ركوك ته‌واو پێچه‌وانه‌ بوو‌، بۆیه‌ ململانێیه‌كه‌ گوازرایه‌وه‌‌ بۆ ئه‌و شاره‌ و ئه‌گه‌ری ئەوە لە ئارادا بوو هه‌وڵی دواخستنی ریفراندۆم له‌و شاره‌ سه‌ركه‌وتوو بێت.

رێبوار تاڵەبانى، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و لایه‌نگرێكی سه‌رسه‌ختی ریفراندۆم له‌پاڵ نه‌جمه‌دین كه‌ریم، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “یەکێتى هەوڵیدا ریفراندۆم لە کەرکوک نەکرێت… له‌دوا رۆژهەكانی بانگه‌شه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به‌شداربوم كه‌ کاک کۆسرەت، کاک نەجمەدین کەریم و مەلا بەختیار و ئاسۆ مامەند نوێنه‌ری به‌شێك له‌ پارته‌كانیش به‌شداربون، قسە لەسەر ئەوه‌کرا مانعێک نییە ریفراندۆم لە کەرکوک نەکرێت، بەڵام یەکێتى خۆى هەڵوێستى دەرنەبڕى کە ریفراندۆم نەکرێت”.

23ی ئه‌یلول مەڵبەندى یەکێتی لە کۆبونەوەی حزبه‌ كوردییه‌كان به‌ڕە‌سمی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی له‌ كه‌ركوك ره‌تكرده‌وه‌، هه‌ڕەشه‌ی رێگریی كرد له‌دانانی سندوقه‌كانی ده‌نگدان.

“کەمتر لە پێنج سەعاتی تر هەموو شتێک بۆ خەڵک یەکلاییدەبێتەوە لەسەر پیلانە هەواڵگرییەکانی تورکیا دژ بەکەرکوک”، ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك له‌ په‌یجی ره‌سمی له‌ فه‌یسبوك 23ی ئه‌یلول بڵاوكرایه‌وه‌.

رێبوار تاڵەبانى وتی “فشار هه‌بوو بۆ سه‌ر من، به‌ڵام من بەگوێى ته‌نیا حزبێکم نەدەکرد، چاوەڕێى بڕیارى هەموو حزبەکانم بووم”.

كات بۆ گفتوگۆ نه‌مابوو، چوار سه‌ركرده‌ی كورد كه‌ بارزانی گوێی لێده‌گرتن، پێداگرییان كرد كه‌ ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك بكرێت، ئه‌وانیش كۆسره‌ت ره‌سوڵ، نه‌جمه‌دین كه‌ریم، كه‌مال كه‌ركوكی و محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود بوون، ئه‌وه‌ش به‌پێی وته‌ی ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود.

ره‌وه‌ند هه‌روه‌ها وتی “حزبە بچوکەکانیش رۆڵى خراپیان هەبوو لە هاندانى بارزانى بۆ ئەوەى ریفراندۆم بکات”.

سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ له‌زۆرینه‌ی كۆبونه‌وه‌كانی یه‌كێتی به‌شداریی كردوه له‌و ماوه‌یه‌دا‌، وتی “كاك كۆسره‌ت ته‌نانه‌ت به‌هێزه‌وه‌ هات بۆ كه‌ركوك و ئه‌گه‌ر ریفراندۆم نه‌كرایه‌ 24ی ئه‌یلول خوێن ده‌ڕژا، دكتۆر نه‌جمه‌دین و خودی بارزانیش پشتیوانییان ده‌كرد، بۆیه‌ ناچار ئه‌و سه‌ركردانه‌ی له‌كه‌ركوك دژی ریفراندۆم بون له‌ پارێزگاكه‌ بێده‌نگیان لێكرد”.

دهۆك، 14-9-2017، كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریكا، UN‌و بەریتانیا‌ دەربارەی ریفراندۆم فۆتۆ: سەرۆكایەتی هەرێم

به‌دیلی هاوپه‌یمانان

بارزانی له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ده‌یان كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكا ئه‌نجامدا بۆ پرسی ریفراندۆم، پۆل پۆل باڵیۆزی وڵاتان، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ و سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكی و ناوچه‌كه‌ سه‌ردانی ده‌كه‌ن.

له‌ 14ی ئه‌یلول، كه‌ ته‌نیا 11 رۆژی مابوو بۆ ریفراندۆم، شاندێکی باڵای هاوپەیمانان له‌ برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و یان کۆبیچ، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریکا لەعیراق و فرانک بەیکر، باڵیۆزی به‌ریتانیا گه‌یشتنه‌ لای بارزانی.

دانیشتنەکە لە سەنتەری سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش لە دهۆک بەڕێوەچوو، تیایدا وه‌فده‌كه‌ بەدیلێکیان لە جێگای بەڕێوەچونی ریفراندۆم خسته‌ڕوو.

له‌ کۆبونەوەکەدا ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و نوێنەری یوئێن، پێشنیازیان کردوە، پرسی کورد و ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم ببردرێته‌ کۆبونەوەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان. داواشیانکردبوو بۆ دوو ساڵ پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دوابخرێت.

كات زیاتر ده‌ڕوا و مقۆمقۆی دواخستن ته‌شه‌نه‌ده‌سێنێت، رۆژی 23ی ئه‌یلول كۆمسیۆن هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واوده‌كات و چاوه‌ڕێی ئۆكه‌ی كۆتاییه‌.

له‌وكاته‌دا پۆستێکی بافڵ تاڵه‌بانی، کوڕە گەورەى مام جەلال سەرۆکكۆماری پێشوى عیراق، “بڕیارماندا لەسەر پەسەندکردنی بەدیلی پێشنیازکراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا، بۆیە پێمانباشترە ئەم بەدیلە تاقیبکرێتەوە و کورد بە یەک دەست ‌و یەک ئەجێندا لە بەغدا، گفتوگۆیەکی مێژویی خۆی لەسەر هەموو پرسەکان بکات، تا ئەنجامدانی گشتپرسی لەئێستادا”، ئه‌مه‌ دۆخه‌كه‌ بۆ چه‌ند كاتژمێرێك ده‌باته‌ قۆناغێكی تره‌وه‌.

دوای كه‌متر له‌ دوو كاتژمێر، پافڵ تاڵەبانى لە راگەیەندراوێکدا وتى کە نوسینەکە بە هەڵە لەلایەن یەکێک لە کارمەندانی بەشی راگەیاندنی نوسینگەکەی بڵاوکراوەتەوە، دوای ئاگادارکردنەوەی لابراوه‌.

كەركوك، 25-9-2017، ئاهەنگگێرانی هاوڵاتیان دوای بەرێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆم لەشارەكە فۆتۆ: محەمەد عەبدولخالق

دواین رۆژ‌

بارزانی وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم داوای كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌كات له‌ 24ی ئه‌یلول رۆژێك به‌ر له‌ ریفراندۆم.

كۆبونه‌وه‌كه كه‌ مه‌به‌ست لێی تاوتوێكردنی به‌دیله‌كانی هاوپه‌یمانان بوو،‌ به‌ڕاگه‌یه‌نراوێك كۆتایی هات “ریفراندۆم لە وادەى خۆیدا ده‌كرێت”.

ئەکرەم ساڵح، ئەندامى سەرکردایەتى پارتى به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هەرچەندە فشارى ناوخۆیى وه‌كو گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌بوو، له‌گه‌ڵ به‌شێكی یه‌كێتیش، هه‌روه‌ها فشاری توندی ده‌ره‌كی، به‌ڵام جەنابى سەرۆک هەر سوربوو لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆم”.

ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌سه‌دای 92ی ده‌نگی به‌ڵێی به‌ده‌ستهێنا؛ بەڵام جادوو بەسەر جادوگەرەکەدا هەڵگەڕایەوە. دوای 21 رۆژ و له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا، له‌ماوه‌ی شه‌وو رۆژێكدا، هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ ته‌واوی ناوچه‌كانی جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه‌، ریفراندۆم-یش له‌ژێر فشاری به‌غدادا سڕكرا.

هەر ئەوە نەبوو، خەونی رەنگاڵەیی سەدان کەس بۆ فڕین بە پاسپۆرتی کوردییەوە نەیەتەدی، بەڵکو بۆ ماوەیەکی دوورودرێژیش فڕین بە هەر پاسپۆرتێکەوە کاری نەکردە بوو.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن