سه‌یدۆ چه‌تۆ: پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی به‌هێزتر ده‌كه‌ین
ئێزیدییه‌ك بوو به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا

September 26, 2018 at 6:04 pm

نه‌ینه‌وا، 26ی ئه‌یلولی 2018، ئێزیدییه‌ك به‌سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا هه‌ڵبژێردرا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌ن

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

كاندیدێكی پێكهاته‌ی ئێزیدی، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا هه‌ڵبژێردرا و له‌ به‌رنامه‌ی كاره‌كانیدا، جه‌خت له‌ به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26ی ئه‌یلول له‌ دانیشتنێكی ئاساییدا به‌ ئاماده‌بونی 36 ئه‌ندامی له‌ كۆی 39ی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ سه‌یدۆ چه‌تۆ، كاندیدی كوتله‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانی وه‌كو سه‌رۆك هه‌ڵبژارد.

سه‌یدۆ چه‌تۆ دوای هه‌ڵبژاردنی به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “من له‌ لیستی پارتی كاندید بوم بۆ ئه‌و پۆسته‌، یچ كاندیدكی تر نه‌بوو.. له‌ كۆی 36 ئه‌ندامی ئاماده‌بونی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن من 35 ده‌نگم به‌ده‌ستهێنا”.

ناوبراو له‌ پێكهاته‌ی ئایینی ئێزیدییه‌، خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌ی خانسوره‌ له‌ سنوری قه‌زای شه‌نگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ماسته‌ری هه‌یه‌ له‌ یاسا و یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌و پێكهاته‌یه‌ پۆستێكی باڵا له‌ پارێزگای موسڵ وه‌رده‌گرن.

“به‌شێكی گرنگ له‌ به‌رنامه‌كه‌م بابه‌تی پێكه‌وه‌ژیانی ئاینییه،‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م  پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی له‌ نێوان هه‌موو پێكهاته‌كاندا به‌هێزتر بكه‌م”.

چه‌تۆ به‌ڵێنی به‌ خه‌ڵكی موسڵ و پێكهاته‌كان دا “به‌بێ جیاوازی خزمه‌تیان ده‌كه‌م و ئه‌وه‌ی له‌ توانای مندابێت كار بۆ باشتركردنی ژیان له‌ پارێزگاكه‌ بكه‌م به‌ تایبه‌ت له‌ رووی خزمه‌تگوزاریه‌كانی وه‌كو ئاو و كاره‌با”.

پارێزگای موسڵ فره‌نه‌ته‌وه‌یه‌ و پێویسته‌ خزمه‌تی هه‌موولایه‌ك بێ جیاوازی بكرێت

پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، نزیكه‌ی مانگێك‌ به‌ چۆڵی مایه‌وه‌ دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌شار كیكی، به‌هۆی بونی به‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌سه‌ر لیستی پارتی.

به‌پێی رێككه‌وتنی ساڵی 2013 پارێزگار به‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ كورد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن به‌ توركمان و جێگری پارێزگار بۆ كورد بوو.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2013ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، فراكسیۆنی برایه‌تی كه‌ پارتی پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كیه‌تی بووه‌ خاوه‌نی 11 كورسی له‌ كۆی 39 كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا و زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێنا.

عه‌لی خه‌لیل، لێپرسراوی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ موسڵ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “وه‌كو پارتی چه‌ندین رێنمایی گرنگمان پێشكه‌شی نوێنه‌ره‌كه‌ی خۆمان كردووه‌ تا به‌بێ جیاوازی ئایینی و نه‌ته‌وهیی‌ كار بۆ پارێزگای موسڵ به‌ گشتی بكات، چونكه‌ پارێزگای موسڵ فره‌نه‌ته‌وه‌ییه‌ و پێویسته‌ خزمه‌تی هه‌موولایه‌ك بێ جیاوازی بكرێت”.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ “دڵنیایین  سه‌یدۆ چه‌تۆ ده‌توانیت زۆر كاری باش بۆ پارێزگای موسڵ بكات و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری ده‌بن بۆ هه‌ر كارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت”.

له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، فراكسیۆنی نه‌ینه‌وا خاوه‌نی 15 كورسیه‌ و به‌ دوای ئه‌واندا فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان 11 كورسی و فراكسیۆنی نه‌هزه‌ش‌ 10 كورسی هه‌یه‌، ئه‌وانیتر كۆتاكانی كریستیان و شه‌به‌ك و ئێزیدین.

وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌، له‌ دوای روداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ به‌شێكی زۆر له‌ رێكخستنه‌كانی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌ینه‌وا و چالاكییه‌ سیاسییه‌كانیشی، سنوردار كردووه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن