نادیه‌ موراد كچانی ئێزیدی دڵخۆش كرد

October 5, 2018 at 9:31 pm

ناديه‌ موراد، چالاكوانی ئێزیدی و خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌فه‌یسبوك

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

“ئه‌وه‌نده‌ دڵخۆشبوم فرمێسك به‌ چاوه‌كانمدا هاته‌ خواره‌وه‌” ئه‌وه‌ قسه‌ی ئیناس عه‌بدوڵا، كچه‌ رزگاربوی ئێزیدی بوو كاتێك بیستی نادیه‌ موراد، خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبه‌خشراوه‌.

ئه‌و كچه‌ ئێزیدییه‌، له‌گه‌ڵ دایكی دوای رزگاربونیان له‌ ده‌ستی داعش له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی شاریا له‌ دهۆك نیشته‌جێبون و هه‌رله‌وێ گوێبیستی هه‌واڵی خه‌ڵاته‌كه‌ی نادیه‌ بووه‌ و واهه‌ستده‌كات، هه‌مو زیانلێكه‌وتوانی ده‌ستی توندوتیژی له‌و رۆژه‌دا نۆبڵیان وه‌رگرتووه‌.

ئیناس به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌مڕۆ بۆ من رۆژێكی تایبه‌ت بوو، زۆردڵخۆشبووم به‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نوبڵ له‌لایه‌ن هاوڕیێ هه‌موو كچانی ئێزیدی نادیه‌ موراد، ئه‌م خه‌ڵاته‌ پشكی هه‌موو ئێزدیه‌كانی تێدایه،‌ چونكه‌ هه‌مومان رۆژانی زۆر سه‌خت و دژوارمان بینی”.

ئه‌م خه‌ڵاته‌ پشكی هه‌موو ئێزیدیه‌كانی تێدایه،‌ چونكه‌ هه‌مومان رۆژانی زۆر سه‌خت و دژوارمان بینی

هه‌ینی 5ی تشرینی یه‌كه‌م نادیه‌ موراد، كچه‌ چالاكوانی ئێزیدی به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دكتۆرێكی كۆنگۆ له‌به‌رانبه‌ر هه‌وڵه‌كانیاندا بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی سێكسی، نۆبڵی ئاشتییان بۆ 2018 پێبه‌خشرا.

نادیه‌ موراد، له‌ په‌یامێكدا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی سوپاسی رێزلێنانه‌كه‌ی كرد و پێشكه‌شیكرد به‌ ئێزیدییه‌كان، عیراقییه‌كان، كورده‌كان و ئه‌و كه‌مایه‌تییانه‌ی روبه‌روی له‌ناوبردن ده‌بنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو قوربانیانی توندوتیژی سێكسی له‌ جیهاندا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا وه‌كو رزگاربویه‌كی ئێزیدی، ده‌رفه‌تێكی زیاتری بۆ ره‌خساوه‌ تا جیهان به‌ مه‌ینه‌تی ئێزیدییه‌كان ئاشنا بكات، به‌وپێیه‌ی هه‌موو ئێزیدییه‌ك به‌ ته‌ماشاكردنی ئه‌و خه‌ڵاته‌ ده‌كه‌وێته‌ بیری ئه‌ندامانی بێسه‌روشوێنی خێزانه‌كه‌یی، له‌ نێویاندا هه‌زار و 300 ژن و منداڵ، كه‌ به‌ دیلی ماونه‌ته‌وه‌.

گوندی كۆچۆ لە شەنگال، 1-6-2017، نادیە موراد لەسەر ئەو خوێندنگەیە دانیشتووە كە كاتێك داعش لە ئابی 2014 هێرشیكردنە سەر هەموو خەڵكی گوندەكەی كۆكردنەوەو پیاو و ژن‌و منداڵەكانی لەیەكتر جیاكردنەوە فۆتۆ: فازڵ هۆرامی

“من هێشتا بیر له‌ دایكم ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ داعش كوشتی، ئه‌و منداڵانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا په‌روه‌رده‌ بوم، بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌بێت چی بكه‌ین بۆ رێزلێنانیان”.

نادیه‌ موراد له‌ په‌یامه‌كه‌یدا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ پێویستی نه‌هێشتنی توندوتیژی، له‌ناوبردنی كه‌مایه‌تییه‌كان و هه‌وڵدان بۆ گرنگی دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی به‌هۆی كۆمه‌ڵكوژیه‌وه‌ له‌ناوبرا.

چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ ئابی 2014دا، نادیه‌ موراد له‌گه‌ڵ براكانی و دایكیدا كه‌وتنه‌ ده‌ستی داعش له‌ گوندی كۆچۆی قه‌زای شه‌نگال، له‌ خۆرئاوای نه‌ینه‌وا و دوای روبه‌روبونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی و توندوتیژی، توانی له‌ ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ هه‌ڵبێت.

دوابه‌دوای رزگاربونی و بڵاوبونه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی، نادیه‌ بانگهێشتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرا و له‌وێوه‌ زیاتر دۆسیه‌ی به‌ جیهان ناساند و له‌ ساڵی 2016دا، وه‌كو باڵیۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دیاریكرا.

هه‌موو كچانی ئێزیدی شایه‌تی خه‌ڵاتی نۆبڵن، چونكه‌ هه‌وویان ناخۆشی زۆریان بینیووه‌

خه‌یریه‌ موراد، خوشكی نادیه‌ موراد كه‌ له‌گه‌ڵ برایه‌كیدا له‌كه‌مپی قادیا ده‌ژی له‌ پارێزگای دهۆك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “خه‌ڵاته‌كه‌ی نادیه‌ ئێمه‌ی سه‌رفرازكرد و زۆردڵخۆشین، ئه‌م خه‌ڵاته‌ ته‌نیا هی خوشكه‌كه‌م نییه‌، به‌ڵكو هی هه‌موو كچانی ئێزیدییه‌”.

نادیه‌ موراد له‌ دایكبوی 1993ی گوندی كۆچۆیه‌، باوكی كۆچی دوایی كردووه‌، دوو خوشك و 12 برای هه‌یه‌، هه‌مویان كه‌وتنه‌ ده‌ستی داعش و دایكی له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ كوژراوه‌، تائێستاش چاره‌نوسی شه‌ش برای به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

“هه‌موو كچانی ئێزیدی شایه‌تی خه‌ڵاتی نۆبڵن، چونكه‌ هه‌وویان ناخۆشی زۆریان بینیووه‌، خوشكه‌كه‌ی نادیه‌ وای وت، هیواشی خواست ئه‌و خه‌ڵاته‌ ببێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئازار و مه‌ینه‌تییانه‌ی به‌سه‌ر ئێزیدییه‌كاندا هات.

نادیه‌ موراد له‌گه‌ڵ عه‌باد شه‌مدین-ی هاوسه‌ری فۆتۆ: په‌یجی رێكخراوی یه‌زدا له‌ فه‌یسبوك

پێكهاته‌ی ئێزیدی، به‌ده‌ستی داعش روبه‌ڕوی كۆمه‌ڵكوژی بونه‌وه‌ و زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار كه‌سیان رفێنرا، له‌ نێویاندا كچ و ژن و منداڵ، به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ھێشتا زیاتر له‌ سێ هه‌زار كه‌س بێسه‌روشوێنن.

له‌سه‌ر ئاستی عیراق و به‌شێك له‌ وڵاتانی دیكه‌ش، لێپرسراوانی باڵا په‌یامی پیرۆزباییان بۆ نادیه‌ موراد نارد بۆ خه‌ڵاته‌كه‌یه‌وه‌ و داوایانكرد، ببێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ كۆتاییهاتنی ئه‌و مه‌ینه‌تییانه‌ی ئێزیدییه‌كان تیایدا ژیاون.

سه‌یدۆ چه‌تۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ پێكهاته‌ی ئێزیدی ئاشكرایكرد ئه‌وانیش له‌ به‌رنامه‌یاندایه‌ خه‌ڵاتی نادیه‌ موراد بكه‌ن و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌م خه‌ڵاته‌ (نۆبڵی ئاشتی) خزمه‌تێكی زۆر ده‌گه‌یه‌نێته‌ هه‌موو ئێزیدییه‌كان و ته‌واوی پێكهاته‌كانی جیهان، ئه‌مه‌ نامه‌یه‌كه‌ بۆ هه‌موو جیهان كه‌ ده‌یسه‌لمێنیت ئێزیدییه‌كان حه‌زیان له‌ پێكه‌وه‌ژیان و دیموكراسییه‌ .. ئه‌وانیش دژی كوشتن و زوڵم و زۆردارین”.

به‌بڕوای چه‌تۆ دوابه‌دوای ئه‌و خه‌ڵاته‌، نادیه‌ ده‌توانێت باشتر مه‌ینه‌تی ئێزیدییه‌كان به‌ جیهان بناسێنێت و بڵێت “زوڵم و ئه‌نفال و كوشتن به‌ سه‌ر ئێزیدییه‌كاندا هاتووه‌ و با هه‌موومان لاپه‌ره‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ ئێزیدیه‌كاندا هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌.. تا ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ ئێزیدیه‌كان كراون به‌ جینوساید بناسرێن”.

نادیە موراد، ساڵی 2016 به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كچه‌ ئێزیدیه‌ی تری رزگاربوی ده‌ستی داعش خەڵاتی ساخارۆڤی ئەوروپای وەرگرت، له‌ ئابی ئه‌مساڵدا له‌گه‌ڵ عابد شه‌مدین، چالاكوانی ئێزیدی ژیانی هاوسه‌رێتی پێكهێنا.

خه‌ڵاته‌كه‌ی نادیه‌ به‌لای كچانی ئێزیدییه‌وه‌، بۆته‌ پاڵنه‌رێك تا كۆڵنه‌ده‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ژیانی ئاسایی، وه‌كو ئیناس عه‌بدوڵا، كچه‌ رزگاربوی ده‌ستی داعش وتی، له‌مه‌ودوا ئومێدیان به‌ نادیه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا كاربكات بۆ ئاشكراكردنی چاره‌نوسی رفێنراوان و به‌جینۆساید ناساندنی دۆسیه‌ی ئێزیدییه‌كان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن