ناڕه‌زایی به‌رزده‌بێته‌وه‌ له‌ دانانی عیرفان كه‌ركوكلی به‌سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن

October 7, 2018 at 11:24 am

رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ فه‌یسبوك

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

دانانی عیرفان كه‌ركوكلی، به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ناڕه‌زایی له‌نێو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن دروستده‌كات و دژایه‌تی بڕیاره‌كه ده‌كه‌ن.

رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌‌وه‌كاله‌ت، پێنجشه‌ممه‌ 4ی تشرینی یه‌كه‌م، به‌ نوسراوێكی فەرمی عیرفان كه‌ركوكلی راسپارد، بۆ ئەوەی وەکو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا دەستبەکاربێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كۆبونه‌وه‌كان، كه‌ ماوه‌ی ساڵێكه‌ په‌كیكه‌وتوه‌.

خەلیل ئیبراهیم حەدیدى، ئەندامى ئەنجومەن له‌ كوتله‌ی عه‌ره‌بی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “به‌پێی پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجومەن، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن بۆى هەیە کەسێک دەستنیشانبکات بۆ شوێنگرەوەى خۆیی و کارەکانى رابپەڕێنێت، بەمەرجێک پاساوێكی هه‌بێت، له‌وانه‌ نەخۆش بێت، یان گەشتی هه‌بێت، بەڵام سەرۆکى ئەنجومەن بەبێ هیچ هۆیەک ماوەیەکى دورودرێژه‌ کە لەچەند رۆژى داهاتودا دەکاتە ساڵێک ئامادەى هیچ کۆبونەوەیەک نەبوه‌، ئێستاش کەسێکى كردۆته‌ شوێنگرەوەى خۆی كه‌ به‌هەمان شێوە ئەویش ماوەى ساڵێكه‌ ئامادەى هیچ کۆبونەوەیەک نەبوه‌ و نه‌هاتوه‌ بۆ ده‌وام”.

کەسێکى كردۆته‌ شوێنگرەوەى خۆی كه‌ به‌هەمان شێوە ئەویش ماوەى ساڵێكه‌ ئامادەى هیچ کۆبونەوەیەک نەبوه‌ و نه‌هاتوه‌ بۆ ده‌وام

رێبوار تاڵەبانی له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوه‌وه‌، له‌ هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ركوك، به‌هۆیه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا په‌كیكه‌وتوه‌.

خه‌لیل حه‌دیدی وتیشی “باشتربوو رێبوار تاڵەبانى کەسێكی بكردایه‌ته‌ جێگره‌وه‌ی كه له‌ ‌ماوه‌ی ساڵی رابردودا له‌ ده‌وام به‌رده‌وام بوایه‌”.

ئازاد جەبارى، ئەندامى لیستی برایه‌تی (یه‌كێتی) له‌ ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە لیستى برایەتى، بڕیاره‌كه‌ی رێبوار تاڵه‌بانی به‌ “گاڵته‌كردن به‌ ئه‌نجومه‌ن”، ناوبرد و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێمه‌ کۆبونەوەی ئه‌نجومه‌ن ئه‌نجامده‌ده‌ین و تیایدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین ئه‌گەر له‌ ماوەى یەک هەفتەدا رێبوار تاڵەبانى ئاماده‌ی کۆبونەوەکان نەبێت، ئه‌وە کەسێکى دیکە لە حزبەکەى (یەکگرتوى ئیسلامى) کاندید دەکەین بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا، ئه‌گەر ئه‌و كاندیده‌ش دەنگى تەواوى بەدەستنه‌هێنا ئەوە رێگه‌ناده‌ین به‌ بڕیاری رێبوار تاڵه‌بانی كه‌سێكی تر بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاریبكرێت”.

 کۆبونەوەی ئه‌نجومه‌ن ئه‌نجامده‌ده‌ین و تیایدا بڕیار لەسەر  کەسێکى دیکه‌ ده‌ده‌ین

عیرفان کەرکوکلی، سەرۆكی پارتی گەلی تورکمانی و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، 5ی تشرینی یه‌كه‌م به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌مه‌ودوا سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن ده‌كه‌م و په‌یڕه‌وی ناوخۆیی ئەنجومەنی پارێزگا ئه‌و رێگه‌یه‌م پێده‌دات، چونكه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و كاره‌ راسپێردراوم و ئامانجم خزمەتکردنی کەرکوکییەکانە بەبێ جیاوازی نەتەوەیی، ئاینیی مەزهەبی”.

كەركوك، 29-8-2017، كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ بڕیاری بەشداری لەریفراندۆم فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

به‌ڵام مەجید عزەت، كه‌ ئه‌ندامی به‌ره‌ی توركمانییه‌ له ئەنجومەنى پارێزگا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌گه‌ر سەرۆکى ئەنجومەن ئامادەى کۆبونەوەکان بوایه‌ پێشتر، ئه‌وا راسپاردنی كه‌سێكی تر بۆ شوێنه‌كه‌ی رێگه‌پێدراو بوو، بەڵام ناوبراو ساڵێكه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی نه‌كردوه‌ و له‌ دەوامى فەرمى ئەنجومەن دابڕاوە”.

وتیشی “ئەو کەسەش کە دەستنیشانکراوه‌، بە هەمان شێوە ماوەى ساڵێکە دابڕاوە لە دەوامى فەرمی، بۆیه‌ ئه‌وه‌ قبوڵكراو نییه‌و نابێت”

“رێبوار تاڵه‌بانی نە لە پۆستەکەى دەستهەڵدەگرێت و نە ئامادەى کۆبونەوه‌كان ده‌بێت، ئەنجومەنیش ئەوە بۆ ماوەى ساڵێکە لە کارکەوتوە و رۆژانە چوار بۆ پێنج ئەندام ده‌وامده‌كه‌ن”، مه‌جید عزه‌ت وایوت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن