پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك نزیكه‌
‌یه‌كێتی: له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمان رێكده‌كه‌وین و چاوه‌ڕێی پارتی ناكه‌ین

October 8, 2018 at 9:08 pm

كه‌ركوك/ئابی 2017/ شه‌قامێكی سه‌ره‌كی شاره‌كه‌ له‌سه‌ر قه‌ڵای مێژوویی كه‌ركوكه‌وه‌ فۆتۆ: بنار سه‌ردار

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هه‌ردو پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان، نزیكبونه‌ته‌وه‌ له‌ رێككه‌وتن بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌و حزبه‌ ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی خواسته‌كانی ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ له‌نێویاندا سازشكردن له‌ هه‌ندێك پۆستی باڵای پارێزگاكه‌.

ئه‌و دانوستانانه‌، به‌پێی دوو سه‌رچاوه‌ی (كه‌ركوك ناو) زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌ به‌غداو كه‌ركوك، ده‌ستیپێكردوه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌چه‌ند رۆژی داهاتودا ئه‌نجامی هه‌بێت.

رێبوار ته‌ها، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی و نوێنه‌رێكی شاری كه‌ركوك، له‌ لێدوانێكیدا بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “هه‌نگاوی باش نراوه‌ بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمان بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك كه‌ پشكی یه‌كێتییه‌، ئه‌و داواكارییانه‌ی ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ هه‌یانه‌ قابیلی قبوڵكردنن له‌وانه‌ سازشكردنی یه‌كێتیی له‌چه‌ند پۆستێكی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ كه‌ركوك، ئێمه‌ش له‌به‌رامبه‌ردا پۆستی پارێزگار به‌ده‌ستده‌هێنینه‌وه‌”.

هه‌نگاوی باش نراوه‌ بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمان بۆ دانانی پارێزگاری كه‌ركوك

به‌پێی زانیارییه‌كانی (كه‌ركوك ناو) كه‌ له‌ ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وه‌ریگرتوه‌ و ئاگاداری دانوستانه‌كانه‌، مه‌رجێكی تری عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان، ئه‌وه‌یه‌ دانوستانه‌كان له‌ به‌غداو كه‌ركوك به‌ڕێوه‌بچن، نه‌ك هه‌ولێر و سلێمانی.

‌ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وتی “له‌م چه‌ند رۆژه‌دا چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگی یه‌كێتیی و هه‌ردوو پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوه‌و به‌ڕیوه‌ده‌چێت، ئه‌وه‌ش به‌ چاودێری به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی، ئێمه‌ ئاماده‌ین سازش له‌ چه‌ند پۆستێكی باڵای كه‌ركوك بكه‌ین بۆ ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌”.

وتیشی “ئێمه‌ بۆ دیاریكرددنی پارێزگارێكی نوێ كه‌ كورد ده‌بێت چیتر چاوه‌ڕێی پارتی ناكه‌ین و خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ رێكده‌كه‌وین‌”.

ئێمه‌ بۆ دیاریكرددنی پارێزگارێكی نوێ كه‌ كورد ده‌بێت چیتر چاوه‌ڕێی پارتی ناكه‌ین

له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردو كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه‌، راكان سه‌عید، له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌بات، ئه‌وه‌ش به‌ بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و دوای دورخستنه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌و پۆسته‌.

ئه‌و هه‌نگاوانه‌ له‌كاتێدایه‌ نزیكه‌ی ساڵێكه‌ یه‌كێتیی چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات بۆ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا تا رێژه‌ی یاسایی ته‌واوبێت و پارێزگارێكی نوێ هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام ئه‌و ئه‌ندامانه‌ به‌پاساوی “خراپی دۆخی ئه‌منی كه‌ركوك”، نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

به‌ رێككه‌وتنی یه‌كێتیی و ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ی تری پارێزگاكه‌ ده‌توانرێت رێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامان بۆ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن ته‌واوبێت و پارێزگارێكی نوێ هه‌ڵبژێردرێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن