دهۆك؛ ته‌نیا سه‌دا 15ی ئاواره‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌

October 9, 2018 at 2:07 pm

دهۆك، 2016، كه‌مپێكی ئاواره‌كانی سنوری نه‌ینه‌وا فۆتۆ: بۆردی كاروباری مرۆیی پارێزگای دهۆك

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

له‌ نێو سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ی نیشته‌جێی دهۆك، تائێستا ته‌نیا سه‌دا 15ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی مه‌ترسی ئه‌منی و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌.

به‌پێی ئامارێكی فه‌رمی ئیداره‌ی پارێزگای دهۆك، له‌ كۆی هه‌زاران ئاواره‌ی ئێزیدی، عه‌ره‌ب، كریستیان، توركمان و شه‌به‌ك، سه‌دا 15ی یان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدایه‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ ناوچه‌كانیان كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه‌ له‌ ده‌ستی داعش.

سه‌لیم سه‌عید، لێپرسراوی راگه‌یاندنی بۆردی كاروباری مرۆیی سه‌ر به‌پارێزگای دهۆك بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌، زیاتر له‌ 600 هه‌زار ئاواره‌ی ئێزیدی و پێكهاته‌كانی تر له‌ نه‌ینه‌واوه‌ رویان له‌ سنوره‌كه‌ی ئه‌وان كردووه‌ و له‌ناو 21 كه‌مپدا نیشته‌جێكراون.

“دۆخی ئه‌منی و ئاستی رێژه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی قه‌زای شه‌نگال و شاری موسڵ باشه‌ نیه‌، بۆیه‌ ئاواره‌كان ده‌ترسن جارێكیتر ئاواره‌ ببنه‌وه‌”.

له‌ هۆكاره‌كانی تری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌بڕوای سه‌عید، نه‌كردنه‌وه‌ی رێگاكانی نێوان شه‌نگال و هه‌رێمی كوردستانه‌، نمونه‌ی ئه‌وه‌شی هێنایه‌وه‌ به‌هۆی مه‌ترسیه‌كان و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ سێ هه‌زار خێزان دوباره‌ ئاواره‌ بونه‌ته‌وه‌.

دهۆك، 2016، ئه‌نجامدانی پرۆژی خزمه‌تگوزاری بۆ كه‌مپی ئاواره‌كانی نه‌ینه‌وا فۆتۆ: بۆردی مرۆیی پارێزگای دهۆك

پێشتر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایانكرد، له‌‌‌مساڵدا كۆچی پێچه‌وانه‌ی هه‌زاران ئاواره‌ له‌ نه‌ینه‌واوه‌ بۆ كه‌مپ و ناوچه‌كانی تر ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌، له‌كاتێكدا له‌ مانگی 11ی ساڵی رابردووه‌وه‌، كۆتاییهاتنی ته‌واوه‌تی ده‌سه‌ڵاتی داعشی له‌ هه‌موو عیراق راگه‌یاندووه‌ و له‌ ته‌مموزی هه‌مان ساڵیشه‌وه‌، موسڵ كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌.

لێپرسراوی راگه‌یاندنی بۆردی كاروباری مرۆیی له‌ دهۆك ئاشكرایكرد ئه‌وانه‌ی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ پێكهاتون له‌ 28 هه‌زار و 130 خێزانی ئێزیدی، 33 خێزانی كریستیان، دوو هه‌زار و 474 خێزانی كورد، 102 خێزانی توركمان و 485 خێزانی عه‌ره‌ب.

به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، ژماره‌ی ته‌واوی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ سنوره‌كه‌یدا زیاتر له‌ ملیۆنێك و 100 هه‌زار كه‌سه‌، به‌شێكی زۆریان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

سه‌لیم سه‌عید ده‌ڵێت ئاستی خزمه‌تگوزاری له‌ كه‌مپه‌كاندا كه‌مبۆته‌وه‌، چونكه‌ زۆریه‌ی رێكخراوه‌كان رویانكردۆته‌ شاری موسڵ، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌رك و بودجه‌ی دهۆك ده‌كرێت و له‌ چه‌ند ساڵی رابردوشدا ده‌یان پرۆژه‌یان بۆ جێبه‌جێكراوه‌، له‌ نێویاندا بیری ئیرتیوازی، قوتابخانه‌، دابینكردنی مامۆستا، بنكه‌ی ته‌ندروستی و دابینكردنی پزیشك.

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بوون كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ی چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن