موچه‌ی مامۆستایانی خوێندنی كوردی دوزخورماتوو دزرا

October 9, 2018 at 7:21 pm

سه‌ڵاحه‌دین، 7ی ئه‌یلولی 2018، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی كوردانی دوزخورماتو دژی كشانه‌وه‌ی هێزی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سه‌ڵاحه‌دین – كه‌ركوك ناو

ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو، له‌ نزیك سنوری دوزخورماتوو ته‌واوی موچه‌ی مامۆستایانی خوێندنی كوردی قه‌زاكه‌ ده‌دزن و هه‌ڵدێن، به‌وته‌ی لێپرسراوانی په‌روه‌رده‌ و پۆلیس.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ ناوچه‌یه‌كی نێوان هه‌ردوو قه‌زای دوزخورماتوو له‌گه‌ڵ ناحیه‌ی نه‌وجول، چه‌ند چه‌كدارێك هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك مامۆستای كورد، ئه‌وه‌ش دوای وه‌رگرتنی نزیكه‌ی 100 ملیۆن دینار وه‌كو موچه‌ی مانگانه‌ی خوێندنی كوردی و له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا له‌ كه‌لار.

تاریق ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “روداوه‌كه‌ له‌ سنوری كوردنشین بوه‌ و ئومێده‌وارم هێزه‌ ئه‌منیه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن و موچه‌كه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌، چونكه‌ دۆخی ئابوری مامۆستایانی دانیشتوی خورماتوو له‌ هه‌موو شاره‌كانی تر خراپتره‌”.

خوێندنی كوردی له‌ دوزخورماتوو، موچه‌ی مانگانه‌ی مامۆستایانی له‌ ناوچه‌ی داوده‌ی ده‌وروبه‌ری قه‌زاكه‌ دابه‌شده‌كات و پێشتر ئه‌و موچه‌یه‌، له‌ سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی دوزخورماتوو به‌ره‌و كه‌ركوك یان له‌ سنوری نێوان كه‌ركوك و هه‌ولێر دابه‌شده‌كرا.

به‌وته‌ی تاریق ئه‌حمه‌د به‌هۆی ناجێگیری دۆخی ئه‌منی و هه‌بونی چه‌ندین گروپی چه‌كداری بۆیه‌ موچه‌كه‌ ناگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ دوزخورماتوو، به‌ڵكو له‌ ناوچه‌ی داوده‌ دابه‌شی ده‌كه‌ن، له‌نێو په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان رێگه‌ناده‌ن ته‌نانه‌ت پرسگه‌كه‌ش به‌كاربهێنن تا موچه‌كه‌ دابه‌شبكه‌ن.

خوێندنی كوردی، موچه‌ی مانگانه‌یان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ خه‌رجده‌كرێت، ئه‌وه‌ش به‌ زیاتر له‌ چل رۆژ جارێك و دوای بڕینی به‌شێكی به‌ناوی پاشه‌كه‌وته‌وه‌.

رائید كه‌مال عه‌بدوڵا، لێپرسراوی ئاسایشی دوزخورماتوو كه‌ هێزه‌كانیان نزیكه‌ی ساڵێكه‌ له‌ ناوچه‌ی داوده‌ جێگربون به‌ (كه‌ركوك ناو)ی راگه‌یاند دوای ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌ روداوه‌كه‌، ده‌ستبه‌حی لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردووه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ن بگه‌نه‌ سه‌ره‌داوی روداوه‌كه‌.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە، هه‌زاران خێزانی كوردی قه‌زاكه‌، له‌ نێویاندا مامۆستایان ئاواره‌بون به‌خۆی دروستبونی بارگرژی له‌گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان، هه‌رئه‌وكاتیش به‌شێكی زۆریان لە هەرێمی كوردستان درێژەیان بە خوێندن دا‌.

خوێندنی كوردی له‌ ساڵی 2003 و دوای روخانی رژێمی به‌عس كه‌ سه‌دام حوسێن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، له‌ ناوچه‌كانی تری جێناكۆك ده‌ستیپێكرد، پێش ئه‌وه‌ واده‌یه‌ قه‌ده‌غه‌بوو.

قەزای دوزخورماتوو سەر بە پارێزگا سەڵاحەدین، یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكدێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن