چوار هه‌زار و 500 خوێندكاری زانكۆی موسڵ هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌سڵكردنیان له‌سه‌ره‌

October 10, 2018 at 10:24 am

دهۆك/ خوێندكارانی زانكۆی موسڵ له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كاندا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

چوار هه‌زار و 500 خوێندكاری زانكۆی موسڵ، كه‌ هێشتا له‌ دهۆك درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌ده‌ن، هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌سڵكردنیان له‌سه‌ره‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراق.

به‌پێی بڕیاره‌كه كه‌ زانكۆی موسڵ گشتاندویه‌تی به‌سه‌ر به‌ش و كۆلێژه‌كاندا، داواده‌كات ته‌واو ئه‌و خوێندكارانه‌ی زانكۆی موسڵ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی چوار ساڵه‌ی داعشه‌وه‌، له دهۆك ده‌خوێنن بگه‌ڕێنه‌وه‌ موسڵ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ فه‌سڵده‌كرێن، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی لای خوێندكاران دروستكردوه‌.

ره‌بیع فازڵ، خوێندكاری كۆلێژی یاسای زانكۆی موسڵه‌ و دوو ساڵه‌ له‌ دهۆك ده‌خوێنێت، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ شاره‌كه‌م، خانوه‌که‌مان به‌ته‌واوی روخاوه‌، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه‌ موسڵ ده‌بێت خانوو به‌كرێ بگرین ئه‌وه‌ش بۆ ئێمه‌ قورسه‌، جگه‌له‌وه‌ش موسڵ ئارام نییه‌”.

ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه‌ موسڵ ده‌بێت خانوو به‌كرێ بگرین ئه‌وه‌ش بۆ ئێمه‌ قورسه‌

دوای كۆنترۆڵكردنی موسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بڕیاریدا له‌چه‌ند پارێزگایه‌ك زانكۆی جێگره‌وه‌ بكاته‌وه‌ له‌وانه‌ش دهۆك، دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ش ده‌یه‌وێت ئه‌و زانكۆ جێگره‌وانه‌ دابخات و هه‌موو خوێندكار و مامۆستاكان بۆ زانكۆی موسڵ بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

خوێندكاران ته‌نیا له‌ موسڵ دوو هه‌زار و 200 ئیمزایان دژی ئه‌و بڕیاره‌ كۆكردۆته‌وه‌، له‌كۆی چوار هه‌زار و 500 خوێندكار.

ماجد سه‌یدو، خه‌ڵكی شه‌نگاله‌و له دهۆك ده‌خوێنێت، ده‌ڵێت ئه‌و له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێندنه‌كه‌ی له‌ دهۆكه‌ بۆیه‌ دوو ملیۆن و 600 هه‌زار دیناری داوه‌، ئه‌گه‌ر بیزانیایه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ موسڵ ئه‌و پاره‌یه‌ی نه‌ده‌دا.

“من له‌دهۆک به‌یانیان کرێکاری ده‌که‌م و خێزانه‌که‌م به‌خێو ده‌که‌م، ئێوارانیش ده‌چمه‌ زانكۆ، به‌ڵام له‌ موسڵ هیچ ئیشێک نییه‌ و کێشه‌ی ئه‌منی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ فه‌سڵیش بکرێن ناگه‌ڕێینه‌وه‌ موسڵ”، ماجد وایوت.

زانکۆی جێگره‌وه‌ی موسڵ له‌ دهۆک له‌ 10 کولێژ و 19 به‌ش پێكدێت، خوێندنی به‌یانیان و ئێوارانی هه‌یه‌.

که‌ریم یونس، لێپرسراوی راگه‌یاندنی زانكۆی موسڵ، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بڕیاره‌كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ جێبه‌جێده‌کرێت و ئه‌و خوێندكاره‌ی نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ فه‌سڵده‌كرێت…زانكۆی موسڵ كیشه‌ی نییه‌ و خوێندكاران و مامۆستایان بێ گرفت‌ ده‌وامی خۆیان ده‌كه‌ن”.

بڕیاره‌كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ جێبه‌جێده‌کرێت و ئه‌و خوێندكاره‌ی نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ فه‌سڵده‌كرێت

به‌ڵام، سه‌فوان به‌شیر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ نه‌ینه‌وا، كه‌ خوێندكاران ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان پێگه‌یاندوه‌، به ‌(که‌رکوک ناو)ی وت “به‌وردی به‌دواداچون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین، 50 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئیمزایان کردوه‌ که ‌ده‌بێت ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێنه‌کرێت”.

پێشیوایه‌ “باشتره ئه‌وانه‌ی له‌ قۆناغی سێیه‌م و چواره‌من بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌ت نه‌یانگرێته‌وه‌”.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ زۆرێك له‌ خوێندكاران دۆخی ئابورییان باشه‌ نییه‌و خانوه‌كانیان روخاون و ناتوانن نۆژه‌نی بكه‌ینه‌وه‌.‌

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن