بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار
هێشتا یه‌كێتی نه‌یتوانیوه‌ به‌ره‌ی توركمانی رازی بكات

October 10, 2018 at 1:27 pm

به‌غدا/9ی تشرینی یه‌كه‌م 2018/ كۆبونه‌وه‌ی هه‌ردو وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و به‌ره‌ی توركمانی فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌رشه‌د ساڵحی

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

وه‌فدێكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان سه‌ردانی باره‌گای به‌ره‌ی توركمانی كرد له‌ به‌غدا، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ حزبه‌كه‌ی، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ به‌ره‌ی توركمانی رازیبكه‌ن بۆ رێككه‌وتن.

وه‌فده‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، لێپرسراوی مه‌كته‌بی رێكخستنی یه‌كێتیی و ئه‌ندامێتی ئاسۆ مامه‌ندو خالید شوانی، له‌گه‌ڵ ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی، حه‌سه‌ن تۆران و نیازی معماری ئۆغلۆ له ‌باره‌گای به‌ره‌ له‌ به‌غدا سێشه‌ممه‌ 9ی تشرینی یه‌كه‌م كۆبونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) قسه‌یكردوه‌، یه‌كێتی داوایكردوه‌ به‌ره‌ی توركمانی هاوكاری بكات له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاو چالاككردنی، له‌نێویاندا هه‌ڵبژاردنی پارێزگارو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، به‌ڵام به‌ره‌ی توركمانی به‌لایه‌وه‌ باش بوه‌ جارێ دۆخه‌كه‌ وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه‌ و رازی نه‌بوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ وتی “به‌ڵام كۆبونه‌وه‌ی زیاتر ده‌كه‌ن بۆ لێكتێگه‌یشتن و دۆزینه‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌ش”.

به‌ره‌ی توركمانی، دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ له ‌به‌یاننامه‌یه‌كدا جه‌ختیكرده‌وه‌ “كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی بۆچونی هاوبه‌ش له‌نێوان ته‌واوی پێكهاته‌كاندا بۆ دۆخی كه‌ركوك به‌ڕێوه‌چوه‌”.

حه‌سه‌ن تۆران، جێگری سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی، له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌ به‌پێكه‌نینه‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كۆبونه‌وه‌كه‌ ته‌نیا ئه‌و راگه‌یه‌نراوه‌ بوه ‌و هیچ شتێكی تازه‌ روینه‌داوه‌”.

رۆژی پێش ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌، (كه‌ركوك ناو) بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌پێناو پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك،  ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی خواسته‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان له‌نێویاندا سازشكردن له‌ هه‌ندێك پۆستی باڵای پارێزگاكه‌.

ئەحمەد عەسکەرى، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک له‌ لیستی برایه‌تی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێمە بەردەوام لە گەڵ ئەندامانى عەرەب و تورکمان کۆدەبینەوە و باسی پرسی دانانی پارێزگاری نوێ و چالاككردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كه‌ین… تاكه‌ كاندیدی ئێمه‌ هه‌ر رزگار عه‌لی-یه‌و نه‌گۆڕدراوه‌، ئه‌وانیش وتویانه‌ ئه‌وه‌ پۆستی خۆتانه‌و لاریمان له‌سه‌ر كاندیده‌كه‌ نییه‌”.

پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك نزیكه‌‌یه‌كێتی: له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمان رێكده‌كه‌وین و چاوه‌ڕێی پارتی ناكه‌ین

عه‌سكه‌ری وتیشی “بەڵام برادەرانى تورکمان پێیان باشتر بەر لەوەى پۆستى پارێزگار پڕبکرێتەوە، پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگار پڕبکرێتەوە كه‌ پشكی به‌ره‌ی توركمانییه‌”.

له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردو كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه‌، راكان سه‌عید، له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌بات، ئه‌وه‌ش به‌ بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و دوای دورخستنه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌و پۆسته‌.

ئه‌و هه‌نگاوانه‌ له‌كاتێدایه‌ نزیكه‌ی ساڵێكه‌ یه‌كێتیی چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات بۆ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا تا رێژه‌ی یاسایی ته‌واوبێت و پارێزگارێكی نوێ هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام ئه‌و ئه‌ندامانه‌ به‌پاساوی “خراپی دۆخی ئه‌منی كه‌ركوك”، نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن