“كتێب و مه‌لزه‌مه‌ی كوردی باجی خراوه‌ته‌سه‌ر”
رۆشنبیرانی كه‌ركوك: خـاڵه‌ گومركییه‌كان هه‌ڵبگرن

October 10, 2018 at 6:16 pm

كه‌ركوك، 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2018، بانگه‌وازی به‌شێك له‌رۆشنبیرانی كوردی كه‌ركوك بۆ لابردنی خاڵه‌ گومركییه‌كان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

ژماره‌یه‌ك له‌ رۆشنبیرانی كه‌ركوك، په‌یامێكی ناڕه‌زاییان ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق كرد و داوایانكرد خاڵه‌ گومركییه‌كان هه‌ڵبگیرێن، دوابه‌دوای باج خستنه‌ سه‌ر كتێب و مه‌لزه‌ی خوێندنی كوردی.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌م له‌ كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك رۆشنبیری شاره‌كه‌ له‌ بانگه‌وازێكدا بۆ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی په‌رله‌مان، چه‌ند داواكارییه‌كیان له‌باره‌ی خاڵه‌ گومركییه‌كانه‌وه‌ خسته‌ڕو.

“دوا رەفتاری ترسناكی ئەو خاڵە گومركیانە قەدەغەكردن و باجكردنی كتێبی كوردی و مەلزەمەی خوێندنی كوردییە، كە ئەمەش تەنانەت لەسەردەمی رژێمی دیكتاتۆری بەعسیشدا رووینەداوە، بەتایبەتی ئێستا لە دەستوری هەمیشەیی عیراقدا زمانی كوردی هاوشانی زمانی عەرەبی زمانی رەسمی سەرجەم عیراقییەكانە”.

له‌و بانگه‌وازه‌دا جه‌ختیكراوه‌ته‌ له‌وه‌ی “بەردەوامی ئەم دیاردەیەش دەرهاویشتە و لێكەوتەی خراپ و ترسناكی لێدەكەوێتەوە”.

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌شكراوه‌ خاڵه‌ گومركییه‌كان گرانی خستۆته‌ شاره‌كه‌وه‌ و “سەرانەو باج بە شێویەكی هەڕەمەكی لە خەڵكی وەردەگیرێت”.

رۆشنبیرانی كه‌ركوك داوای هه‌ڵگرتنی خاڵە گومركییەكان، لێپێچینەوە له‌و پێشێلكارییه‌ ده‌ستورییه‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ به‌دورگرتنی پرۆسه‌ی خوێندن و كایه‌ی رۆشنبیری له‌ ململانێ سیاسیه‌كان و به‌ پێویستی ده‌زانن، حوكمی مه‌ده‌نی بۆ شاره‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.

22ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، دوو بازگه‌ی گومرك له رێگاكانی نێوان كه‌ركوك – هه‌ولێر و كه‌ركوك – سلێمانی به‌ فه‌رمی كرانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و فیدراڵی عیراق.

به‌هۆی كردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو خاڵه‌ گومركییه‌وه‌، نرخی ژمارەیەکی زۆر له‌ شتومه‌ك و كاڵاكان له‌ ‌بازاڕە‌كانی كه‌ركوك له‌سه‌دا 10 به‌رزبۆوه‌، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی خه‌ڵكی لێكه‌وته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن