مۆڵه‌تی ئه‌منی پێویسته‌
هاتوچۆی گونده‌كانی داقوق سنوردار ده‌كرێت

October 10, 2018 at 7:10 pm

داقوق، ئابی 2018، رێگایه‌كی سه‌ره‌كی هاتوچۆی هاوڵاتیان دوای چوارساڵ له‌ داخستنی كرایه‌وه‌ فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق، مۆڵه‌تی ئه‌منی و كۆدی تایبه‌ت به‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ وه‌كو مه‌رجی هاتوچۆی گونده‌كانی قه‌زای داقوق داده‌نێن، به‌ ئامانجی پاراستنی سه‌قامگیری و رێگری له‌ روداوه‌ چه‌كدارییه‌كان.

به‌پێی رێكاری ئه‌منییه‌كان، هاوڵاتیانی نیشته‌جێی ناوچه‌ی هه‌فته‌غار له‌ داقوق، مۆڵه‌تی ئه‌منییان بۆ ده‌ركراوه‌ تا له‌ سنوره‌كه‌دا هاتوچۆ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش دوو بۆچونی جیاوازی لێكه‌وتۆته‌وه‌، له‌ نێوان پشتگیری و ره‌تكردنه‌وه‌یدا.

كاروان عادل، خه‌ڵكی گوندی عه‌لی له‌ هه‌فته‌غار به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ روی ئه‌منیه‌وه‌ پێمباشه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌هات دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوی ئاڵۆز بوو، چه‌ندین هێرشی داعش هه‌بوو، ئێستاش رێگه‌ناده‌ن كه‌سانی نه‌ناسراو رو له‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌ن”.

هه‌ر هاوڵاتییه‌ك بۆ سه‌ردانی گونده‌كانی هه‌فته‌غار، پێویسته‌ له‌ بازگه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێل و ناسنامه‌ی دابنێت، تا مۆڵه‌تی هاتوچۆی پێبدرێت.

كه‌ركوك، حوزه‌یرانی 2018، به‌شێك له‌ گونده‌ كاكییه‌كانی داقوق به‌هۆی هه‌ره‌شه‌ی داعشه‌وه‌ به‌ره‌و چۆڵبون ده‌ڕۆن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئیدریش عادل، خه‌ڵكی هه‌مان ناوچه‌ كه‌ جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هاوڵاتییه‌وه‌ پێیوایه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی هێزه‌كان بۆته‌ هۆی نیگه‌رانی خه‌ڵك.

ئه‌وه‌شی به‌ (كه‌ركوك ناو) وت “له‌كاتی سه‌ردانی گوندی عه‌لی له‌ بازگه‌كه‌ داوای مۆڵه‌تیان لێكردم وتم خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌م به‌ڵام رێگه‌یان نه‌دا بڕۆم تا ناسنامه‌ و ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێلم دانا و وه‌سڵێكیان بۆ كردم”.

ناوچەى هەفتەغار كه‌ ماوه‌ی ساڵێكه‌ هێرش و توندوتیژی تیایدا به‌رده‌وامی هه‌یه‌، له‌ سێ گوند پێكدێت و دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن به‌ 15 هه‌زار كه‌س مه‌زنده‌ده‌كرێن، ناوچه‌كه‌ سه‌ر به ‌قەزای داقوقه‌ (44كم باشوری كه‌ركوك).

حسێن ده‌روێش، به‌رێوه‌به‌ری جموجۆڵی لیوای 16ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی ئه‌منی له‌ گونده‌كانی باشوری داقوق دوابه‌دوای ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ بووه‌ له‌ سنوره‌كه‌ و رودانی چه‌ندین كاری تیرۆریستی”.

به‌وته‌ی لێپرسراوه‌ی حه‌سد ئامانج له‌ رێكاره‌ ئه‌منییه‌كان، كۆنتڕۆڵی ناوچه‌كه‌یه‌ و هه‌مان رێگه‌ له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی عیراقیش جێبه‌جێكراوه‌.

هاوڵاتیانی داقوق، به‌ تایبه‌ت پێكهاته‌ی ئاینی كاكه‌یی له‌ چه‌ند مانگی رابردوو روبه‌ڕوی چه‌ندین هێرشی چه‌كداری، كوشتن و رفاندن بونه‌ته‌وه، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌سیان ئاواره‌بون.

محه‌مه‌د ئیبراهیم، ئه‌نجومه‌نی گوندی مه‌سنور له‌ ناوچه‌ی هه‌فته‌غار بۆ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه‌ هه‌ر كه‌سێك ئۆتۆمبێلی هه‌بێت كۆدی تایبه‌تی بۆ كراوه‌ و له‌و رێیه‌وه‌ ده‌توانێت هاتوچۆ بكات.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له‌و رێكاره‌دا كێشه‌ی روبه‌روی جوتیاران بۆته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی رێگه‌ ناده‌ن پێداویستی كشتوكاڵ و سوته‌مه‌نی گاز ببنه‌ ناوچه‌كه‌ بۆ كاری رۆژانه‌یان.

قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به‌ داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن