ژنێكی كریستیان به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ئه‌لقوش هه‌ڵبژێردرا

October 10, 2018 at 8:24 pm

لارا یوسف، به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی ناحیه‌ی ئه‌لقوش له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌فه‌یسبوك

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

ژنه‌ كاندیدێكی پێكهاته‌ی كریستیان، وه‌كو به‌رێوه‌به‌ری نوێی ناحیه‌ی ئه‌لقوش هه‌ڵبژێردرا و له‌ به‌رنامه‌ی كاره‌كانیدا، جه‌خت له‌ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی ئه‌لقوش سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، دووشه‌ممه‌ 8ی تشرینی یه‌كه‌م له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به‌ كۆی ده‌نگی پێنج ئه‌ندامه‌كه‌ی بڕیاریدا به‌ هه‌ڵبژاردنی لارا یوسف، له‌ پێكهاته‌ی كریستیان وه‌كو به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌.

لارا یوسف به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ كۆی پێنج ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ هه‌مویان ده‌نگیان به‌من دا بۆ پۆسته‌كه‌ و به‌ فه‌رمی هه‌ڵبژێردرام، له‌م رۆژانه‌شدا پارێزگاری موسڵ واژۆی ده‌ستبه‌كاربونم ده‌كات”.

نه‌ینه‌وا، 2017، سه‌نته‌ری ناحیه‌ی ئه‌لقوش سه‌ر به‌ قه‌زای تلكێف فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

ناحيه‌ی ئه‌لقوش، سه‌ر به‌ قه‌زای تلكێف-ه‌ و به دوری 40كم ده‌كه‌وێته‌ باكوری پارێزگای موسڵ، له‌ سنوره‌كه‌دا 34 گوند و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یه‌، دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ پێكهاته‌كانی كریستیان، ئێزیدی و عه‌ره‌بی سونه‌ پێكهاتون.

سلێمان حه‌جی ره‌شو، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی ئه‌لقوش به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ 13ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ پارێزگای موسڵ ده‌رگای خۆكاندیدكردنی كرده‌وه‌ بۆ پۆسته‌كه‌ و حه‌وت مه‌رج دیاریكران، له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ 15 رۆژ بوو، ته‌نیا لارا یوسف خۆی كاندید كرد”.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ لارا یوسف له‌ جێی فائیز عه‌بد هه‌ڵبژێردراوه‌، كه‌ ماوه‌ی 50 رۆژ له‌ پۆسته‌كه‌یدا وه‌كو به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ ده‌وامی نه‌كرد و ئه‌وه‌ش وایكرد، بۆشایی دروستبێت بۆیه‌ وه‌كو ئه‌نجومه‌ن، داوایان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا كرد كه‌سێكی تر له‌و پۆسته‌دا دابنێت تا كاروباری خه‌ڵك رانه‌وه‌ستێت.

كریستیانەكان هاوشێوەی پێكهاتەی ئاینییەكانی تر، لەلایەن داعشەوە روبەڕوی پێشێلكاری بونەوە‌و بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی كرستیانەكانی عیراق، لە ملیۆنێك‌ و 500 هەزار كەسەوە بۆ 200-300 هەزار كەس كەمبۆتەوە.

لارا یوسف له‌ كاتی به‌جێهێنانی سروته‌ ئاینییه‌كانی تایبه‌ت به‌ پێكهاته‌ی فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ فه‌یسبوك

به‌رێوه‌به‌ری نوێی ناحیه‌ی ئه‌لقوش ده‌ڵێت “ئامانجی من خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه‌، پشتیوان به‌خوا خزمه‌تكاری خه‌ڵكی خۆم ده‌بم، هه‌موو گله‌یی و داواكارییه‌كانی دانیشتوانی ناحیه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نمه‌ پارێزگای موسڵ تا جێبه‌جێبكرێن”.

لارا یوسف ئاماژه‌ی به‌ كێشه‌كانی ئه‌لقوش دا، له‌ نێویاندا خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌كو كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گرفتی رێگه‌وبان و كه‌می قوتابخانه‌ و بنكه‌ی ته‌ندروستی له‌ ده‌وروبه‌ری ناحیه‌كه‌دا.

له‌ دوو هه‌فته‌ی رابردوودا، ئه‌وه‌ دوه‌م كاندیده‌ له‌ پێكهاته‌كانی موسڵ پۆستی باڵای ئیداری وه‌ربگرێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌ 26ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵدا ئێزیدییه‌ك وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا هه‌ڵبژێردرا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن