خۆراكی پێویست ناگاته‌ ئاواره‌كان

October 11, 2018 at 11:57 am

موسڵ، ئازاری 2017، ئاوارەكان لە كەمپی حەمام عەلیل هەوڵی بەدەستهێنانی ژەمە خواردنێك دەدەن فۆتۆ: AFP

کاروان ساڵحى – کەرکوك

دابه‌شكردنی خۆراك بۆ ئاواره‌كانی كه‌ركوك، له‌ 30 رۆژ جارێكه‌وه‌ ده‌كرێت به‌ 60 رۆژ، به‌هۆیه‌وه‌ له‌نێو بازاڕی كه‌مپه‌كان خۆراك گران بوه‌ و ئاواره‌كان كێشه‌یان بۆ دروستبوه‌.

ئه‌و خۆراكانه‌ له‌لایه‌ن رێکخراوی پڕۆگرامى خۆراکى جیهانى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان (WFP) ده‌درێت به‌ ئاواره‌ی كه‌مپه‌كان.

حەمدیە حەمید، دایكی شه‌ش منداڵه‌ و چوار ساڵه‌ له‌ حه‌ویجه‌وه‌ ئاواره‌ی كه‌مپی داقوق بوه‌، ده‌ڵێت ئه‌و خۆراكانه‌ی پێیانده‌درێت به‌شیان ناكات، چونكه‌ بڕه‌كه‌ی كه‌میكردوه‌.

رێكخراوه‌كه‌ سه‌ره‌تا مانگانه‌، بڕی 15 کیلۆ برنج، 15 کیلۆ ئارد، دەبەیەکى پێنج لیترى رۆنى زەیت و پێنج کیلۆ نیسکی به‌سه‌ر هه‌ر خێزانێكدا دابه‌شده‌كرد، به‌ڵام ئێستا بووه‌ به‌ دوو مانگ جارێك.

حه‌مدییه‌ وتی “ئه‌وه‌ نرخى خۆراکی له‌ كه‌مپه‌كان به‌رزكردۆته‌وه‌، داواکارین بەزوترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن”.

داواکارین بەزوترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن

ناسر سوڵتان، ناوی خوازراوی ئاواره‌یه‌كی تری كه‌مپی داقوقه‌، وتی “به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ نرخی خۆراكیش له‌ بازاڕی كه‌مپه‌كان به‌رزبۆته‌وه‌، کیسەیەکى برنجى 15 کیلۆیی له‌ سێ هه‌زاره‌وه‌ بوه‌ به‌ 12 هه‌زار… کیسەیەکى ئاردى 15 کیلۆى لە چوار هه‌زاره‌وه‌ بوە بە 10 هەزار دینار”.

به‌پێی ئاماره‌كانی كۆچ و كۆچبه‌رانی كه‌ركوك، دوو هه‌زار و 104 خێزانی ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌كانی كه‌ركوك ماون.

عەمار سەباح، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەرانى کەرکوک، ده‌ڵێت ئاواره‌كان لە بارودۆخێکى “زۆر خراپدا ژیان بەسەردەبەن”، به‌هۆی ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌.

“بە بەردەوامى لە وتووێژداین له‌گەڵ رێکخراوى WFP بۆ ئەوەى بتوانین بە زوترین کات کێشەکانیان چارەسەربکەین، چونكه‌ دۆخیان خراپه‌”، عه‌مار وایوت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن