ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كه‌ركوك له‌ زاری شایه‌تحاڵه‌كانه‌وه‌
پۆلیس: ویستویانه‌ ئه‌فسه‌رێكی دژه‌تیرۆر بكه‌نه‌ ئامانج

October 11, 2018 at 6:32 pm

كه‌ركوك/11ی تشرینی یه‌كه‌می 2018/ ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی لكێنراو به‌ ئۆتۆمبێلێكی جۆری ته‌كسی له‌ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌ فۆتۆ: ئه‌تێلا ئاغا

گۆران بابان – كه‌ركوك

ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كه‌ركوك، جگه‌ له‌ كوژران و برینداربونی شه‌ش كه‌س، زیانی زۆری به‌ دوكان و خانوه‌كانی سنوره‌كه‌ گه‌یاندوه‌، تائێستاش لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌ و به‌وته‌ی پۆلیس روداوه‌كه‌ بۆ كردنه‌ئامانجی ئه‌فسه‌رێكی دژه‌تیرۆری عیراق بووه‌.

كاتژمێر 8ی به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ی تشرینی یه‌كه‌م، بۆمبێكی چێنراو له‌ نزیك یاریگای یانه‌ی سه‌وره‌ له‌ ناوچه‌ی رێگای به‌غدا ته‌قییه‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ دوو كه‌س كوژران و چواری دیكه‌ش برینداربون.

سه‌لیم محه‌مه‌د، دوكانداره‌ و نیشته‌جێی سنوری روداوه‌كه‌یه‌، به‌ چه‌ند خوله‌كێك به‌رله‌وه‌ی بگاته‌ دوكانه‌كه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ رویداوه‌ و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “زیانێكی زۆر به‌ر شه‌ش دومان كه‌وتووه‌ كه‌ یه‌كێكیان ئه‌وه‌ی منه‌ به‌ڵام سوپاس بۆ خوا خۆمان سه‌لامه‌تین”.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ داوای له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كرد له‌ رێی بازگه‌كانی ناوشار و ده‌ره‌وه‌ی شار چاودێری توندوتۆڵ بكه‌ن به‌ ئامانجی رێگری له‌ روداوه‌كانی توندوتیژی.

ئه‌وه‌ دوه‌مین ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ 10 رۆژدا، دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی 3ی تشرینی یه‌كه‌م دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو، یه‌كێكیان له‌ جۆری ئۆپڵ له‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌سراو مه‌فقودین و ئه‌وه‌ی تریش له‌ نزیك بنكه‌ی پۆلیسی دۆمیز ته‌قینه‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێك برینداربون له‌ نێویاندا منداڵێكی 10 ساڵ.

ئەحمەد سەعید، شایه‌تحاڵێكی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی كه‌ركوك بووه‌ و نیشته‌جێی هه‌مان ناوچه‌یه‌، له‌وكاته‌دا سه‌رقاڵی به‌رێكردنی منداڵه‌كانی بووه‌ بۆ خوێندنگه‌، له‌باره‌ی ئه‌و چركه‌ساته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “لەناكاو دەنگێكی زۆربەهێز هات، ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری خستە دڵمانەوە، ناچار منداڵەكانم گەڕاندەوە ماڵەوە”.

ته‌قینه‌وه‌كه‌ زیانی به‌ ژماره‌یه‌ك خانوی ناوچه‌كه‌ گه‌یاندووه‌، ماڵی ئه‌حمه‌د شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌كانیان شكاوه‌.

كه‌ركوك/1ی ته‌مموز 2018/ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌سه‌ر رێگای به‌غدا له‌نزیك كۆگاكانی هه‌ڵگرتنی سندوقه‌كانی ده‌نگدان فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

ته‌نیا له‌ پێنج رۆژی هه‌فته‌ی رابردودا، 10 كوژراو له‌ حه‌وت ته‌قینه‌وه‌ و روداوی توندوتیژی له‌ كه‌ركوك تۆماركراون، له‌ كاتێكدا ساڵێكه‌ ته‌واوی سنوری ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌.

عه‌مید ئه‌فراسیاو كامیل، وته‌بێژی پۆلیسی كه‌ركوك بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایكرد ته‌قینه‌وه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌بووه‌ ئه‌فسه‌رێكی دژه‌تیرۆری عیراقی بكه‌نه‌ ئامانج، به‌ڵام ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ به‌ چه‌ند خوله‌كێك به‌ر له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌و شوێنه‌وه‌ تێپه‌ڕیووه‌.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ تائێستا لێكۆڵینه‌وه‌كانیان به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ڵام هیچ تۆمه‌تبارێكی روداوه‌كه‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌.

به‌بڕوای وته‌بێژی پۆلیس “تیرۆریستانی داعش بەهۆی بونی ژمارەیەكی زۆری هێزی پۆلیس و دژەتیرۆری عیراق و پۆلیسی ئیتیحادی لەشارەكە كردەوە تیرۆریستیەكانیان سنورداربوون بۆیە ناچارن لەڕێی ئەنجامدانی ئەم جۆرە تەقینەوانه‌ ئه‌و پەیامە بگەیەننە هاوڵاتیان ئەوان لەچالاكیەكانیان بەردەوامن”.

ئه‌فرسیاو كامیل دڵنیایی به‌ هاوڵاتیان دا كه‌ ئاسایشی شاره‌كه‌ پارێزراوه‌ و پێویست به‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ ناكات.

دۆسیه‌ی ئه‌منی ده‌وروبه‌ری پارێزگای كه‌ركوك، نزیكه‌ی ساڵێكه‌ به‌ده‌ست پۆلیسی فیدراڵی و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ و ناوشاریش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق، به‌ هاوكاری پۆلیسی ناوخۆیی به‌رێوه‌ده‌برێت.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن