دێوەزمەی نیوەشەوێكی ئۆکتۆبەر
پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م بژارده‌ی دایكی نیشتیمان یان دایكی كۆرپه‌كه‌یدا

October 16, 2018 at 5:09 pm

یه‌حیا له‌گه‌ڵ دووان له‌ منداڵه‌كانی (زه‌كه‌ریا و زانیار)

كاروان ساڵحی – كەركوك

شه‌وێكی تاریكی ئۆكتۆبه‌ره‌، یه‌حیا جه‌وهه‌ر، په‌نجه‌ی ده‌سته‌ راستی له‌سه‌ر پەلەپیتکەی تفه‌نگه‌كه‌ی داناوه‌ و دڵیشی لای ئه‌و كوڕەیه‌تی كه‌ چاوەڕێیە هه‌ر ئه‌مشه‌و له‌دایك ببێت؛ گوندی چا‌رداغلو، له باشوری كه‌ركوك‌ کە دواخاڵی ڕوبەڕوبونەوەی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزەکانی تری عیراقە دەبێتە سەرەتای کۆتایی چیرۆکێکی لەیادنەکراو.

یه‌حیا (32 ساڵ)، ئه‌فسه‌رێكی دڵسۆزی پابه‌نده‌ به‌ فەرمانەکانی وە‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستانەوە، لوله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی به‌ئاڕاسته‌ی ئه‌و تانك و زریپۆشانه‌ی به‌غدا راگرتوه‌ كه‌ كاتژمێری سفریان بۆ دانراوه‌ بۆ پێشڕە‌وییه‌كی فراوان بەرەو كه‌ركوك، تا ماوەیەک لەوەوبەر پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکانی تر پێکەوە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی داعشیان دەکرد.

زه‌نگی مۆبایله‌كه‌ی یه‌حیا، وازی لێناهێنێت، زوو زوو لێده‌دات و كۆی قسه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت سه‌نگه‌ر چۆڵبكات‌ و بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵەوە، به‌ڵام تكای باوك و خێزانه‌كه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت یه‌حیا له‌ دایكبونی كوڕەكه‌ی ببینێت، هه‌رگیز نایجوڵێنێت.

كات هه‌شتی شه‌وی‌ 15ی ئۆكتۆبه‌ری 2017یە، ئه‌و و هاوڕێكانی ئاماده‌ن‌ بۆ روبەڕوبونەوەیەك ئەوسەری دیارنییە؛ یەحیا و هاوڕێکانی لە فەوجى 3ى لیواى 102 پێشمەرگەن لە گوندى چارداغلوی نزیک ناوچەى پیشەسازیى، هەرچەندە “بڕیاربوو پاشەکشێ بکەن، بەڵام ئەمان ئاگادارنەکرابونەوە”.

پەیمان مامەند هاوسەری یەحیا ئه‌نه‌سی كوڕی له‌ باوه‌ش گرتوه‌، له‌گه‌ڵ باوكی یه‌حیا و منداڵه‌كانی تری

به‌ر‌له‌وه‌ی شه‌ڕ ده‌ستپێبكات، یه‌حیا وه‌ڵامی یه‌كێك له‌ ته‌له‌فۆنه‌كان ده‌داته‌وه‌، باوكی به‌ده‌نگێكی نزم ده‌ڵێت “كوڕم مۆڵه‌ت وه‌ربگره‌، وه‌ره‌وه‌ ماڵەوە، كوڕە‌كه‌ت له‌دایك ده‌بێت”.

“باوكه‌ من هاوڕێیه‌كانم جێناهێڵم، ئیشه‌ڵا له‌گه‌ڵ خۆرهه‌ڵاتندا لای ئه‌نه‌س ده‌بم”، یه‌حیای ئه‌فسه‌ر به‌و ته‌له‌فۆنه‌ هه‌م ناوی كوڕە‌كه‌ی ده‌نێت، و هه‌م په‌یامی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ به ‌باوكی ده‌دات.

باوكه‌ من هاوڕێیه‌كانم جێناهێڵم، ئیشه‌ڵا له‌گه‌ڵ خۆرهه‌ڵاتندا لای ئه‌نه‌س ده‌بم

كات خێرا تێپه‌ڕده‌بێت، كاتژمێری سفری حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بۆ پاشەکشێی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك و ته‌واوی ناوچه‌كانی جێناكۆك نزیكده‌بێته‌وه‌، لەو شەوە ئەنگوستەچاوەدا كه‌س نازانێت چی روده‌دات!

دەنگۆی ئەوەی ئەمریکییەکان ووتبویان هەر لایەنێک تەقە بکات وەڵامى دەدەنەوە، باوکی یەحیا بە‌هەڵەدا دەبات و دەنگۆکە پێچەوانەکەی راست دەردەچێت.

پەیمان مامەند هاوسەری یەحیا بە (کەرکوک ناو)ى وت “دووگیان بووم، كاتژمێر 11ی شه‌وی 15ی ئۆكتۆبه‌ر منداڵەکەم لەدایکبوو”.

 دووگیان بووم، كاتژمێر 11ی شه‌وی 15ی ئۆكتۆبه‌ر منداڵەکەم لەدایکبوو

دواتر بۆ هەواڵپرسین یەحیا پەیوەندى بە هاوسەرەکەیەوە دەکات، هاوسەرەکەی پێیدەڵێت به‌وته‌ی پزیشکەکان گورچیلەى ساواکە تەواونیە، پێویستى بە نەشتەرگەرییە؛ ئەوە کتومت ئەو ساتەیە هەستی باوکێتی بەسەر خۆشه‌ویستی نیشتیماندا زاڵدەبێت، یه‌حیا دەڵێت “بگەڕێمەوە؟” بەڵام هاوسەرەکەی دەڵێت پێویست ناکات.

وه‌ك ئەوەی ناوەڕاستی ئۆکتۆبەر ساڵانێک خۆی بۆ هۆنینەوەی چیرۆکێکی تراژیدی دڵتەزێن ئامادەکردبێت، کاتژمێر 1ی بەرەبەیانى 16ی ئۆکتۆبەر “شەهید یەحیا” پەیوەندى بە هاوسەرەکەیەوە دەکاتەوە و داوادەکات کوڕەکەی ناوبنێن (ئەنەس)، بەڵێن دەدات بەزوترین کات بگەڕێتەوە بۆ بینینی و نەشتەرگەرى بۆ بکات.

ئەوە دوا پەیوەندی پێشمەرگەکە بوو بە هاوسەرەکەیەوە کە وەک لە تۆنی دەنگیدا دەردەکەوت لەسەرخۆ و لاواز بوو، وەک ورده‌ ورده‌ لاوازبونی سەبری خێزانەکەی یەحیا، تا کاتژمێر 8ی بەیانى چەندینجار پەیوەندی پێوەدەکرێت، بەڵام وەک ئەوەی باوکی ئەنەس سەرقاڵی چیرۆکێکی مەزنتر لە لەدایکبونی کوڕەکەی بێت بەهیچ شێوەیەک وەڵامناداتەوە.

یه‌حیا جه‌وهه‌ر ده‌ستی خستۆته‌ سه‌ر شانی هاوڕێیه‌كانی

پرشنگ رەحمان دایکى یەحیا بە (کەرکوک ناو)ی وت “بەردەوام لە کەناڵەکان دەمبیست پێشمەرگەیەک شەهید بوە، دەترسام ئەو رۆژە بەسەر ئێمەشدا بێت”. ترسێک دواجار دەبێتە ڕاستی؛ دایکی پەیوەندی بە هاوڕێکانییەوە دەکات تا پرسیاری کوڕەکەی بکات؛ سەرەتا دەڵێن، “نازانین چی لێهاتووە، ئێمەیش برینداربووین و ماڵێکى عەرەب لەو سنورەدا ئێمەیان بردۆتەوە و لە ماڵەوە حەشاریانداوین و جلوبەرگى عەرەبییان کردۆتەبەرمان تا نەکوژرێن”.

دایکی یەحیا دوای ئەوەی یەکێک لە هاوڕێکانی سوێند دەدات، دانبەوەدا دەنێت کە “موشک کەوتۆتە ناویانەوە و یەحیا شەهید بووە”. وەک دواتر، ئیبراهیم جەوهەر، برای یەحیا  بە (کەرکوک ناو)ی وت “تەرمەکەم بینى، ببوو بە دوو لەتەوە، دەموچاویشى هەمووی جێ پارچە بوو”.

تەرمەکەم بینى، ببوو بە دوو لەتەوە، دەموچاویشى هەمووی جێ پارچە بوو

ئیتر دایکی یەحیا دەستێکی دەکەوێتە ئەملاو دەستەکەی تری دەکەوێتە ئەولا؛ لەلایەک لۆمەی ئەمریکییەکان دەکات کە گوایە “بە چەکی لەیزەری ئەمریکی” کوڕەکەی لەدەستداوە و لەلایەکی تر لۆمەی فەرماندەکانی پێشمەرگە دەکات لەسەرئەوەی “خیانەتیان” کردوە بەهۆی ئەوەی پێشمەرگەیان لە هێڵەکانی پێشەوە ئاگادارنەکردۆتەوە تا ئاگایان لەخۆیان بێت.

کات لەوەی چاوەڕواندەکرێت خێراتر تێپەڕدەبێت، نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی چیرۆکی لە دایکبون و “شەهیدبوونی” كوڕێك و باوكه‌كه‌ی.

وەک براکەی دەڵێت “بەهۆى ئەوەى هاوسەرەکەی یەحیا لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک منداڵى ببوو ئێمە لەوێبوین، دەمانبینی برینداریان دەهێنا بۆ نەخۆشخانە؛ بەڕاستی کەوتینە مەترسیەوە و دەستمانکرد بە پەیوەندیکردن، تا کاتژمێر 8ی بەیانى پەیوەندیمان دەکرد بەڵام هیچمان دەستنەکەوت”.

دایکی یەحیا و داپیرەی ئەنەس، بە هەناسەی ساردەوە بە پەیامنێرەکەی (کەرکوک ناو)ی وت “رۆڵە ئێستا هەموو کونجێکى ماڵەکە بۆنى یەحیای لێ دێت و بەردەوام شێوەى بە بەردەممدا دێت و دەچێت”.

رۆڵە ئێستا هەموو کونجێکى ماڵەکە بۆنى یەحیای لێ دێت و بەردەوام شێوەى بە بەردەممدا دێت و دەچێت

لەکاتێکدا، هەزاران کوردی کەرکوک بەهۆی گرژییەکانی ئەو رۆژەوە بەهۆی رێگای کەرکوک-سلێمانییەوە شارەکەیان بەرەو سلێمانی بەجێدەهێشت، ئەمبولانسێک کە تەرمی باوکی (زەکەریا، زانیار و ئەنەس)ی هەڵگرتبوو بە پێچەوانەی کۆچی کەرکوکییەکانەوە بەرەو کەرکوک دەگەڕێتەوە، تا “شەهید یەحیا” بە ئەنەس و براکانی شادبکاتەوە.

تێبینی: فۆتۆكان له‌ ئه‌رشیفی یه‌حیاوه‌ دراوه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن