پۆلیس هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێكرد
عاره‌بانه‌ و مێزی سه‌ر شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك لاده‌برێن

October 17, 2018 at 9:56 am

كه‌ركوك/16ی ئۆكتۆبه‌ری 2018/ پۆلیس هه‌ڵمه‌تی لابردنی عاره‌بانه‌ و مێزی سه‌ر شه‌قامه‌كانی ده‌ستپێكرد فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محەمەد – کەرکوک ناو

هه‌‌ڵمه‌تێكی فراوان بۆ لابردنی عاره‌بانه‌و فرۆشیاره‌ ده‌ستگێڕه‌كانی نێو شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك ده‌ستێكرد، ده‌یان عاره‌بانه‌ له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌له‌كانی تێكشكێنرانة، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی لای فرۆشیاره‌كان دروستكردوه‌.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ شه‌وی رابردوو 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌ستیپێكرد و بڕیاره‌ به‌رده‌وامی هه‌بێت.

محەمەد بورهان، له‌سه‌ر عەرەبانەیەك لە شەقامی کۆماری كه‌لوپه‌ل ده‌فرۆشێت، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هێزێکی هاوبەش لە پۆلیسی بنکەی قۆرییه‌و هێزەکانی دژە تیرۆری عیراقی، ته‌واوی عارەبانە و مێزەکانی شه‌قامی كۆمارییان لابردوه‌ و کەلوپەلەکانیان بە شۆفڵ تێکشکاندوە”.

ته‌واوی عارەبانە و مێزەکانیان لابردوه‌ و کەلوپەلەکانیان بە شۆفڵ تێکشکاندوە

“ئێمە بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو عاره‌بانه‌یه‌یه‌، لە هیچ بازڕێکی شارەکە جێگمان نابێتەوە، کەسێک نییە لەم شارە خەم لە هەژاران بخوات”،  محه‌مه‌د بورهان وایوت، ئه‌و وتی كه‌ بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت عه‌ره‌بانه‌كانیان لابردون.

مستەفا خالید، خاوەنی مێزێكه‌، لە بازاڕی قۆریه‌، وتی “هێزێکی ئەمنی زۆر مێزه‌كه‌یان شكاندوم و لایانبردوه‌، ته‌نانه‌ت رێگه‌یان نه‌دا کەلوپەلەکان لە مێزەکە لابەرم، عارەبانە و مێزەکانیان شکاند و بە شوفڵ بازاڕەکایان  پاکكردوه‌”.

به‌‌گشتی بونی عاره‌بانه‌و مێز له‌‌چه‌قی بازاڕه‌كانی كه‌ركوك سیمای شه‌قامه‌كانی ناشرین كردوه‌ و قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆری دروستكردوه‌، به‌ڵام ئه‌و فرۆشیارانه‌ توانای كڕینی دوكان یان كرێی مانگانه‌ی دوكانیان نییه‌.

كه‌ركوك/16ی ئۆكتۆبه‌ری 2018/ هه‌ڵمه‌تی لابردنی عاره‌بانه‌ و مێزی سه‌ر شه‌قامه‌كان فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

محه‌مه‌د بورهان وتی “چه‌ندینجار وتومانه‌ ئێمە خاوەنی هیچ کارێک نین و نانی منداڵەکانمان مەبڕن، ئەوانیش لە وەڵامدا پێیانوتوین کە فەرمانە دەبێت عارەبانەو مێزەکان لابەرین، ئەم کارەی ئێوە زیادەڕییە”.

سەرچاوەیەکی ئەمنی، لە بنکەی پۆلی عروبە، بە (کەرکوک ناو)ی وت “لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنراوە له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك به‌سه‌رپه‌رشتی قایمقام، پێكه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یان ده‌ستپێكردوه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ زیاده‌ڕۆییه‌ بۆ سه‌ر شەقام و بازاڕەکانی کەرکوک، ئەم شەویش هەڵمەتێک ئەنجامدراوە بۆ لابردنی مێز و عاربانەکانی شەقامی كۆماری و  بازاڕی قۆریە، کە بازاڕێکی گشتییەو ناکرێت زیادەڕۆی تێدابکرێت”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن