“قومارچی و خه‌نجه‌رلێده‌ر” له‌ بازاڕی‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا
شه‌ڕه‌ نوێیه‌كه‌ی پارتیی و یه‌كێتی قه‌واره‌ی هه‌رێم هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌؟

October 18, 2018 at 11:24 am

هه‌ولێر/21ی ئۆكتۆبه‌ری 2017/ خۆپیشانده‌رانی كورد له‌به‌رده‌م باره‌گای UN ئاڵای هه‌رێمی كوردستانیان به‌رزكردۆته‌وه‌ دژی زیادبونی قه‌یرانه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا فۆتۆ: AFP

شۆڕش خالید

پارتی و یه‌كێتی، به “‌زمانێكی زبر و بازاڕی”، ده‌چنه‌ شه‌ڕێكی توندی میدیاییه‌وه، ئه‌وه‌ش دوای تێپه‌ڕبونی ساڵێك به‌سه‌ر روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌و دوولایه‌نه‌ زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیان هه‌یه‌ بۆ ئیداره‌دانی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كتر به‌ “قومارچی، پیلانگێڕ، خیانه‌تكار و خه‌نجه‌رلێدان”، دژ به‌ گه‌لی كوردستان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، كه‌ ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان.

په‌یج و ئه‌كاونته‌ ره‌سمی و ناڕه‌سمییه‌كانی ئه‌و دوو هێزه‌ سه‌ره‌كیی و چه‌كبه‌ده‌سته‌ی هه‌رێمی كوردستان، پڕبون له‌ جوێن، ناوزڕاندن و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی یه‌كتر، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌ چاوه‌ڕوانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندان كه‌ له‌ساڵی 1992ه‌وه‌ ئه‌و دوو هێزه‌ پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كین.

“شازدەی ئۆكتۆبەر رۆژێكی تاریكە لە مێژووی میللەتەكەمان. لەو رۆژەدابوو كە خیانەتی نامەردانە، لە ئومێد و ئاواتەكانی گەلێكی مەزڵوم كرا”، بارزانی به‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌، هێرشێكی توندی كرده‌ سه‌ر یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی به‌یاننامه‌یه‌كدا له‌باره‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردو كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌بێ به‌رگری گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و ته‌واوی ناوچه‌كانی جێناكۆك.

پارتی، یه‌كێتی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عیراقییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات بۆ “به‌ده‌سته‌وه‌دانی كه‌ركوك”.

بارزانی وتی “ئەو پیلانەنەگریسە، سوكایەتی بوو بە سەت ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان و بە خوێنی شەهیدان”، هه‌روه‌ها زیاتر وتی “ئێمە پێشبینیی هەموو ئەگەرێكمان كردبوو، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەبوین دەستێكی ناوخۆیی بەمشێوەیە خەنجەر لە پشتی گەلی كوردستان بدات”.

هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەبوین دەستێكی ناوخۆیی بەمشێوەیە خەنجەر لە پشتی گەلی كوردستان بدات

به‌ڵام یه‌كێتی له‌ڕێی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكییه‌وه‌، وه‌ڵامێكی توندی بارزانی دایه‌وه‌ و له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا هاتوه‌ “سەرۆكی پارتی لەڕێگەی هەڵوێستێكی نادروستەوە، دەیەوێت هەوڵەكانی ئاسییكردنەوەی كەركوك لە باربەرێت‌… ئەم هەڵوێستە له‌مكاتەدا بۆ ئەوەیە شكستە سیاسییەكان‌و قوماركردن بە چارەنوسی گەلی كوردستان، لە رێگه‌ی ئەم تۆمەتە دروستكراوانەوە بشارنەوە و لایەنی تری پێ تۆمەتبار بكات”.

یه‌كێتی پێیوایه‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر “دەرەنجامی سیاسەتی هەڵەو غروری  سەركردایەتی پارتییەوه‌ بوو‌ بەهۆی گوێنەدانیان بە هەڕشەو ئامۆژگارییەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حیسابنەكردن بۆ دۆستانی گەلەكەمان”، هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌‌ و تیایدا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ “ئەم سیاسەته‌ پڕ لە مانۆڕ و هەڵانەی پارتی  بوە هۆكاری  لە دەستدانی زیاتر لە سه‌دا 50 خاكی كوردستان”.

ئەم سیاسەته‌ پڕ لە مانۆڕ و هەڵانەی پارتی  بوە هۆكاری  لە دەستدانی زیاتر لە سه‌دا 50 خاكی كوردستان

مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی ده‌پرسێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ركوك خیانه‌ت بێت، “وه‌ك بارزانی باسیده‌كات كێ‌ لە دوبز، مەخمور، شەنگال و زومار و دەشتی نەینەوا خیانەتی لە پارتی كرد و چۆڵیكرد”.

كه‌ركوك/16-10-2017/ ساتی هاتنی هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ ناو كه‌ركوك و پاشه‌كشێی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاره‌كه‌ فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

ئه‌و دوو حزبه‌ له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانیان گرژیی تێكه‌وت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق و شكستی بارزانی له‌و هاوكیشه‌یه‌، دۆخه‌كه‌ی برده‌ قۆناغێكی ئاڵۆزه‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ بۆ یه‌كه‌مجاربێت له‌ دوای شه‌ڕی ناوخۆی نێوانیان له‌نه‌وه‌ده‌كانی رابردو به‌و جۆره‌ بوبێت.

هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمان، بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك له‌ پشكی یه‌كێتی، دۆخه‌كه‌ی جارێكی تر ئاڵۆزكردوه‌، به‌هۆی پشتگوێخستنی پارتییه‌وه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌ده‌ستهێناوه‌ به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان و چاوه‌ڕوانده‌كرێت ناكۆكییه‌كان و شه‌ڕی وشه‌ی نێوانیان كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌بێت له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو و هاوكێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

به‌ڵام یه‌كێتی له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یاندا كه‌ وه‌ڵامێكه‌ بۆ بارزانی، ده‌ڵێت “كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان چاوەڕوانن لە هێزە سیاسییەكان، بەوپەڕی تواناوە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی نیشتیمانی هاوبەشدا، تەوای حزب‌و هێزەسیاسەكان، پێكەوە ئەم قۆناغە تێپەڕكەن”، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا هێرشده‌كاته‌ سه‌ر بارزانی و پارته‌كه‌ی.

یه‌كێتی ده‌ڵێت “بۆ راستكردنەوەی ئەم چەواشەكارییەیانە، وتەیەكی خودی  بارزانی بە بیردێنینەوە، كە  لە كەناڵی جه‌زیرە، ده‌ڵێ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێی وتم ئەگەر ریفراندۆم  بكەی دەتانگەڕێنینەوە سنوری پێش 2003″، یه‌كێتی ده‌ڵێت “بۆیه‌ ئێمە دەڵێین خیانەت‌و نەزانی ئەوەیە لەكاتێكدا، ئەو هەموو مەترسی‌و هەڕه‌شەیە لە سەر وڵاتەكەت بێت، كەچی بە عینادی خۆت بكەیت‌و گوێ لە هاوپەیمانەكانت نەگریت، كە لە ناوەڕۆكی هەڕەشەكان ئاگاداریان دەكردی”، هێرشه‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا توندتر ‌ده‌بێت “لێرەوە بە پارتی‌ و بارزانی دەڵێین، ئێوە دواین كەسن، كە دەبێ‌ باسی  خیانەت بكەن.  چونكە خیانەت سەرتاپای مێژوی ئێوەی داپۆشیوە”، له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ربڕێنه‌ لاپه‌ڕه‌كانی مێژوی پارتی هه‌ڵده‌داته‌وه‌.

هه‌ولێر، كۆبونه‌وه‌ی وه‌فدی باڵای یه‌كێتی و پارتی ده‌رباره‌ی به‌ره‌ی هاوبه‌ش بۆ دانوستانه‌كانی به‌غدا فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌كێتی

یه‌كێتی و پارتی له‌شه‌ڕی ناوخۆی نێوانیاندا هه‌زاران پێشمه‌رگه‌یان له‌یه‌كتر كوشت، به‌هۆی ناكۆكییه‌كانیان له‌ ئیداره‌دانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌ ساڵانی 2005 بۆ 2007 رێككه‌وتنی ستراتیژیان ئه‌نجامدا بۆ پێكه‌وه‌ كاركردن له‌ به‌غداو هه‌رێمی كوردستان.

له‌نێو رێككه‌وتنه‌كانیاندا به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق بۆ یه‌كێتی و خودی تاڵه‌بانی، له‌به‌رامبه‌ردا پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ بارزانی بوو.

ده‌رئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم، دواتریش 16ی ئۆكتۆبه‌ر كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر بارزانی بۆ به‌جێهێشتنی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ڵام یه‌كێتی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پارتی، پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراقی بۆ خۆی برد.

ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی بارزانی و پارتیدایه‌ بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێدا، كه‌ دوو هێنده‌ی یه‌كێتی كورسی په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌یه‌. به‌شداریپێكردنی یه‌كێتی له‌ حكومه‌تدا به‌پێی قه‌باره‌ی كورسی ره‌نگه‌ بژارده‌یه‌كی به‌هێزی پارتی بێت.

نوری حه‌مه‌ عه‌لی، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى، به‌ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی وتوه‌، “پارتى حکومه‌تى بنکه‌فراوان و یه‌کڕیزى نیشتیمانى تاقیکردۆته‌وه‌‌، هه‌ر یه‌که‌و به‌ رێژه‌یه‌ك باشى و سلبیاتى خۆى هه‌بووه‌، به‌ڵام خۆناکرێت که‌ حکومه‌ت پێکهات هه‌مووى تێیدا به‌شدابێت”.

پارتى حکومه‌تى بنکه‌فراوان و یه‌کڕیزى نیشتیمانى تاقیکردۆته‌وه‌‌

هه‌روه‌ها ئاری هه‌رسین، په‌رله‌مانتار و ئه‌ندامی پێشوی سه‌ركردایه‌تی پارتی، بۆ هه‌مان رۆژنامه‌ وتویه‌تی “پارتى ئه‌گه‌ر به‌پێی ژماره‌ى کورسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى بکات ده‌بێت خۆیان ئاماده‌کردبێت بۆ ئیمزاکردنى وه‌ره‌قه‌ى دوو ئیداره‌یی، چونکه‌ جگه‌ له ‌حوکمکردن پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى هیچ ڕێگه‌یه‌کى دیکه‌ نییه‌”، به‌وته‌ی ئه‌و له‌ناو به‌رپرسانى بڕیارده‌رى پارتى و یه‌کێتیدا هه‌یه  “‌حه‌ز به‌ دوو ئیداره‌یی ده‌که‌ن”.

هێشتا رون نییه‌ یه‌كێتی به‌ چ جۆره‌ به‌شداریپێكردنێك له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت رازی ده‌بێت، ئایا چوارچێوه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان دوای ئه‌و كێشمه‌كێشه‌ چی لێدێت و چی ده‌بێت؟

رێبوار كه‌ریم وه‌لی، رۆژنامه‌نوس له‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی پارتی، هه‌ڵوێستێكی بارزانی بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا ئاشكراكردوه‌، كاتێك له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسێكی تردا چونه‌ته‌ لای مه‌سعود بارزانی و هۆشداریی و مەترسی لێکترازانی نێوان پارتی و یەکێتییان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار پێداوه‌‌ تا ئه‌گه‌ری کەرتبون و دوو ئیدارەیی، وتی “بارزانی وتویەتی با روبدات”.

بارزانی وتویەتی با دوو ئیداره‌یی روبدات

بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌دا بۆ ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، ده‌ڵێت “ئامانجی شازدەی ئۆكتۆبەر، نەهێشتنی كیانی هەرێمی كوردستان و بێماناكردنی مافەكانی گەلی كوردستان بوو، بەڵام كاتێك پێشمەرگە بڕیاری بەرگریی و كۆڵنەدانیداو هاوكێشەكان گۆڕان”، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ڕونی باسی هاوكێشه‌ی نوێی هه‌رێمی كوردستان بكات، دوای ئه‌و ناكۆكییه‌ تونده‌ی نێوانیان.

به‌ڵام وتی “16ی ئۆكتۆبه‌ر دەبێت ببێتە وانە بۆ تاك تاكی گەلی كوردستان”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن